ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی گوندی "نەوت شار" سەر بە پارێزگای کرماشان بە هۆی گازگرتوویەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان ، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمە، پێنج هاووڵاتی لە گوندی نەوت شاری کرماشان تووشی گازگرتوویی دەبن و بەهۆیەوە یەکێکیان گیانی لە دەستدا و چوار کەسەکەی دیکە مەسمووم دەبن.

ئەو هاوڵاتییە کوردە کرێکار بووە و هەتا ئێستا شوناسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

هەواڵدەریی مێهر لە زاری بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی ڕووداو و فەوریەتیەکانی پارێزگای کرماشان بڵاوی کردەوە، ئەو ڕووداوە لە گوندی نەوت شار ڕووی داوە و چەند کەسێک لە کاتی کارکردندا دەبنە قوربانیی گازگرتوویی.

ئەکبەر ئازادی لە درێژەدا ڕاگەیاند: هەتا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە چ جۆر گازێک بووتە هۆی گازگرتوویی ئەو ٥ کەس.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێ شەممە ڕیکەوتی ٤ی ڕەشەمە، لە گوندی "حەیدەر ئاوای" پارێزگای ئیلام "ژن و مێردیکی " تەمەن ٦٨ساڵە، بە هۆی گازگرتوویەوە گیانیان لە دەست دا.

ساڵانە دەیان هاووڵاتی لە وڵاتی ئێران بە هۆی ناستاندارد بوونی کەرەسە گازییەکان و هەروەها نەبوونی چاوەدێریی پێویست لەسەر کارگەی بەرهەمهێنانی کەرەسە گازییەکان و لە لایەکی دیکەشەوە کەمتەرخەمیی هاووڵاتییان سەبارەت بە لەبەرچاوگرتنی مەرجە ئیمەنییەکان، دەبنە قوربانی.