ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ٢ ساڵ زیندانی تەعزیریی بۆ کچێکی ٣٠ ساڵە دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد، ئەفسانە بایەزیدیی بە ٢ ساڵ زیندان حوکم داوە.

سەرۆکایەتی ئەو دادگایە کە ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو بەڕێوە چووە، لە ئەستۆی قازی "جەوادی کیا" بووە.

ئەفسانە بایەزیدی

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: ئەفسانە بێجگە لە سزای زیندان، بڕیاری تێپەڕکردنی ئەو حوکمە لە زیندانی ناوەندیی شاری کرماشانی بۆ دەرکراوە.

قازی ئەم دادگایە، ئەفسانەی بە "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" و "سووکایەتی بە ڕێبەری" تاوانبار کردووە.

ڕاپۆڕتی نێردراو باس لەوەش دەکات کە ئەم کچە خوێندکارە لە بوونی پاریزەر بێ‏بەش کراوە و لە لایەن قازیی دادگاش بێ‏ڕێزی پێ‏کراوە.

ئەفسانە بایەزیدی لە نێوەڕاستی ڕەزبەری ئەو ساڵ، لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لەسەر بڕیاری ناوەندە ئەمنیەکان لە زانکۆی پەیامی نووری مەراغە دەرکرا.