ئاژانسی کوردپا: رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی محەممەد دانش هونەرمەندی ناسراو و ناودار و کەسایەتی فەرهەنگیی کورد لە گۆڕستانی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەرمی محەممەد دانش ژەنیار و موزیکژەنی کورد بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە فەرهەنگی ـ ئەدەبییەکانی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد ئەسپەردەی خاک کرا.
محەممەد دانش فەرمانبەری خانەنشین کراوی دەنگ و ڕەنگی شاری مەهاباد، رێکەوتی ٢١ی خەرمانان بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.

ئەو هونەرمەندە کوردە سەرەڕای ئەوەی کە بە کەسێکی دەنگخۆش ناسرابوو، هاوکاتیش بە دروستکردنی سازی عوودەوە سەرقاڵ بوو.
دانش ساڵی ١٣٢٤ لە شاری مەهاباد لە دایک بووە و لە قۆناغی دواناوەندیدا دەستی بە گۆرانی وتن کردووە و ئۆگری کاری رادیۆ و تەلەڤیزیۆنیش بووە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لای کەسانی وەکوو مامۆستا جەعفەر مینایی و ئیسماعیل شاهی فێری نۆت و ئامێری عوود بووە.
محەممەد دانش لەرادیۆی مەهاباد بۆ زۆربەی گۆرانی بێژانی وەك: رەشید فەیزنژاد، رەحیم قوڕەیشی، جەماڵ موفتی، محەممەد ماملێ، عەزیز شاهڕۆخ و ... موسیقی ژەنیوە.





