ئاژانسی کوردپا: گەڵاڵەی راگواستنی کەڵەکێوی زەرد لەکوردستانەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران نیگەرانی چالاکان و داکۆکیکارانی "ژینگەی ئاژەڵان (حیات وحش)"ی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٥ی گەڵاوێژ، ژمارەیەک کەڵەکێوی زەرد لەناوچە پارێزراوەکانی " مانێشت و قەڵارەنگ"ی ئیلامەوە بۆ ئوستانی یەزد گوازرانەوە.
گواستنەوەی ئەو کەڵەکێویانە لەسەر بڕیاری رێکخراوی ژینگەپارێزی لەسەرەتای ئەمساڵدا دەرکراوەو کە سەرجەم ١٢کەڵەکێوی لەخۆ دەگرێت.
بەرپرسێکی حکوومەتی لەوتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی مانێشت و قەڵارەنگ هۆکاری ئەو راگوێزرانەی گەڕاندووەتەوە بۆ زیادکردنی رێژەی "زاوزێ" و لەهەمان کاتیشدا باسی لەنەبوونی شوێنی پێویست بۆ راگرتنی ئەو کەڵەکێوییانە کردووە.
بەوتەی بێهزاد بەهامین، ئەگەر ئەو ئاژەڵانە خوو بە شوێنە تازەکەیان بگرن ئەوە ٦ کەڵەکێوی دیکەش لەداهاتوویەکی نزیکدا بۆ یەزد رادەگوێزرێن.
بە باوەڕی کارناسان، گواستنەوەی ئەو کەڵەکێوییانە لەکاتێک دایە کە دارستان و لێڕەوارەکانی زاگرۆس و دارستانەکانی باشووری کوردستانی ئێران باشترین شوێن بۆ ئەو ئاژەڵانەیە و ئەو پرسە نیگەرانی چالاکان و داکۆکیکارانی ژینگەپارێزی و ژینگەی ئاژەڵانی لێکەوتووەتەوە.
لەماوەی ٨ساڵی رابردوو، ٦سەرکەڵەکێوی زەرد لە جۆری "گاوسانان" لە دوورگەی ئەشک لە گوڵی ورمێ بۆ ناوچەی پارێزراوی مانێشت و قەڵارەنگ گوازرانەتەوە و لەحاڵی حازردا ژمارەیان گەیشتووەتە ٥٠ سەر کەڵەکێوی.
لەچەند مانگی رابردوو راوکردنی لەرادەبەدەر و ئاگرکەتنەوە لەناوچە دارستانییەکانی ئوستانی ئیلام بە تایبەتی مانێشت و قەڵارەنگ کەشوێنی ژیانی ئاژەڵ و گیانلەبەرانە رووی لەزیادبوون کردووە و ناوەندە پەیوەندییدارەکانی حکوومەتی لەو بارەیەوە هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەریی هەڵنەگرتووە.





