ئاژانسی کوردپا: پاسێکی موسافیرهەڵگری ئێرانی لەناو خاکی کوردستانی تورکیە لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە هێرشی کراوەتە سەر و بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەست داوە و چواری دیکەش بریندار کراون.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لەبەیانی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ پاسێکی ئێرانی لەپارێزگای وانی تورکیە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە هێرشی کراوەتە سەر و یەکێک لەشۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەست داوە.
لەو بارەیەوە هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، ئەو پاسە لە سنووری بازرگانەوە چووەتە ناو خاکی کوردستانی تورکیە و لەناوچەی "بایەزید" دراوەتە بەر گوللە.
حوسێن قاسمی سەرکۆنسوولگەری ئێران لە ئەرزەرۆم باسی لەوە کردووە، لەئەنجامی هێرشەکەدا کەسێک گیانی لەدەست داوە و چواری دیکەش بریندار بوون.
قاسمی باسی لەسووتاندنی دوو ئۆتۆمبێلی دیکەش کردووە.
هەتا بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشەی وەئەستۆ نەگرتووە.
چەند رۆژ لەمەوبەریش شەمەندەفرێکی گواستنەوەی کاڵا و بار لەتارانەوە بۆ تورکیە، لە ناوخاکی تورکیەدا هێرشی کرایە سەر و لەسەر رێگەکەی بۆمب تەقێندرایەوە.
پاش ئەو رووداوە حکوومەتی ئێران سنووری زەمینی خۆی بە بیانووی نەبوونی ئەمنیەت لەگەڵ تورکیە داخست.





