ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٢ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لەخۆسوتاندنی دو ژن لە ناوچەکانی ورمێ و مەریوان و ٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتییە لە بارودۆخی نالەباری نەرگس موحەممەدی و مەهوەش شەهریاری و سدیقە مورادی و هەروەها ئازادکرانی بەسمە ئەلجەبوری لە زیندانی ئێڤینلە شوێنەکانی دیکەی ئێران لە خۆ دەگرێت.
حەفتەی دوهەمی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٤ی هەتاوی
کوردستـــــــــــان

دو ژن و کچی کورد لە شارەکانی کوردستان دەبنە قوربانی کێشە کۆمەڵایەتیەکان
یەکێک لە ئامرازەکان کە ژنان هان دەدات بۆ رزگار کردنی خۆیان پەنا بە خۆ کوژی ببەن، دوای کێشە بنەماڵەیی و خێزانیەکان، کێشە کۆمەڵایەتیەکانە کە لەم دواییانە لە کوردستان بە گشتی مرۆڤەکان و بە تایبەتی ژنان و لاوانی کردووەتە ئامانج.
بەپێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو کراونەتەوە، چەند رۆژ لەمەوبەر ژنێکی خەڵکی شاری مەریوان خۆی سووتاندووە و بە هۆی زۆری رێژەی سووتانەکەی کۆتایی بە ژیانی هاتووە.
ئەو ژنە ناوی فاتمە و کچی ئەحمەد و دانیشتووی گەڕەکی "مووسک ٢" بووە.
دەگوترێت کە ئەو ژنە دەزگیراندار بووە و بە هۆی دەسکورتی و هەژارییەوە دەستی داوەتە خۆکوژی.
لەلایەکی دیکەوە ژنێکی دیکەی کوردی خەڵکی ئاوایی کانی سپی شنۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ئەو ژنە تەمەنی ٢٥ ساڵ و خەڵکی ئاوایی کانی سپی ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ بووە.
دەوترێت کە ئەو ژنە کوردە بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە و دوای چەند رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانەی شاری ورمێ گیانی لەدەست داوە.
ئێران
ناجێگیربوونی باری تەندروستی نەرگس موحەممەدی، سدیقە مورادی و مەهوەش شەهریاری و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە

زیندانیانی سیاسی لە ئێران و بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی ژن سەرەرای گوشاری رۆحی و گوشارە جۆراوجۆرەکانی بەرپرسانی زیندانەکان، هاوکات بارودۆخی تەندروستی جەستەییشیان لە مەترسیدایە و کاربەدەستانی زیندانەکان بە ئاشکرایی خۆیان لە دەرمان کردن و چارەسەری پزیشکی زیندانیەکان دەبوێرن.
بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی یەکشەممە ١١ی گەلاوێژ، باری تەندروستی نەرگس موحەممەدی، رۆژنامەنوس و وتەبێژی کانونی داکۆکیکارانی مافیمرۆڤی بەندکراو لە زیندانی ئیڤین، بەهۆی نەخۆشی و گوشاری زیندان تێک دەچێت و لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە دوای ماوەیێیک بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی دەگوازرێتەوە.
دەوترێت کە سەرەرای ئەوەیکە نەرگس موحەممەدی توشی سڕ بوونی ماسولکە بووە و پزیشکەکانیش جەختیان کردوەکە دەبێت پزیشکی تایبەت چارەسەری بکات، دوای پشکنینی سەرەتایی لە لایەن کاربەدەستانەوە بۆ زیندان دەگوازرێتەوە.
لە ماوەی رابردوودا هاوسەری نەرگس موحەممەدی بەرپرسانی زیندانی لە مەترسی تەندروستی ئەم چالاکە مەدەنیە ئاگادارکردبوو.
ناوبراو رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٥ی بانەمەڕ، لەنێو ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ''سەڵواتی'' بە تاوانی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی بەر دەم مەجلیس سەبارەت بە رووداوەکانی پژاندنی تێزاو لە تاران و ئیسفەهان، بانگهێشت و دادگایی کرابوو.
.
و هەروەها رۆژی شەممە ١٠گەلاوێژ، دو ژنی زیندانی سیاسی - عەقیدەتی بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کران.
بەپێ ئەو هەواڵانە کە بلاو کراونەتەوە، سدیقە مورادی و مەهوەش شەهریاری بۆپشکنینی "MRI" بۆ نەنخۆشخانەی تەجریش گوازراونەتەوە.
سدیقە مورادی لە رێکەوتی ١١ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٠هەتاوی، دەستبەسەرو رەوانەی زیندانی ئێڤین کراوە، ناوبراو بە تاوانی موحاربە و پەیوەندی لەگەڵ گروپەکانی دژی ئێران لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆرشەوە بە ١٠ ساڵ زیندان سزا درا، ناوبراو هەروەها لە زیندایانی دەیەی ٦٠بووە.
مەهوەش شەهریاری یەکێک لە ٧ بەهاییەکانە کە ساڵی ١٣٨٦ دەستبەسەرکران، ناوبراو بۆ ماوەی ٦مانگ لە ژوورە تاکەکەسیەکان راگیرا، کە لەم ماوە توشی نەخۆشی دڵ هاتووە.
ناوبراو دوای دوساڵ دەستبەسەرکرانی لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین، ساڵی رابردوو لە لایەن دادگاوە سزای ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ برایەوە.
بەسمە ئەلجەبوری لە زیندان ئازاد کرا

بەسمە ئەلجەبووری کە خەڵکی عیراقە دوای ماویێکی زۆر مانگرتن لە خواردن، لە زیندان ئازاد کرا.
بە پیی ئە هەواڵانە کە بڵاو کراونەتەوە، دوای ئەوەیکە زیاتر لە ٣مانگ لە مانگرتنی بەسمە ئەلجەبوری و پێداگری بۆ داخوازیەکانی تێدەپرێت و هەروەها بە هۆی گوشارە نێو دەوڵەتیەکان بۆ سەر ئێران بۆ ئازادی ناوبراو.
بەسمە ئەلجەبوری لە زیندان ئازاد کرا و بۆ کەمپی دەستبەسەر کراوەکانی عەسگەرئاباد گوازراوەتەوە.
دوای چەن رۆژ مانەوە لەو کەمپە بە بیانووی نەبوونی پاسپۆرت، کە دەوترێت دەستبەسەرانی ئەو کەمپە لە بارودۆخێکی نائاسایی دا ژیان بەسەر دەبەن، بەسمە بۆ شار و زێدی خۆی گەراوەتەوە.
ئەو ژنە زیندانییە بەتاوانی "سیخوڕی بۆ وڵاتی عێراق" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ماوەی ٢٦ مانگ لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین راگیراو، بۆ ماوەی ١٩مانگە بۆ زیندانی قەرچەی وەرامین گوازراوەتەوە و لەوێ راگیرابوو.
بسمە ئەلجەبووری یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی بازرگانیی عێراق و هەروەها خاوەنی هۆتێل "ئەلرەشید"ی بەغدا بووە.
ئامادە کار : شاهۆ
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا(٢حاڵەت)
ماڵپەری " چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی بۆ ئێران " (١حاڵەت)
ماڵپەری "هێرانا" (٣حاڵەت)





