ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٦ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە مەرگی گوماناوی ٢ کچ و ژن لە شاری مەریوان و مەهاباد و هەروەها خۆکوژی ٣ کچی لاوی خەڵکی شارەکانی بۆکان و سەردەشت و پیرانشار و بریندار بوونی ژنێک بە هۆی تەقینەوەی مین لە سەقز و ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لە ناجێگیر بوونی بارودۆخی تەندرستی نیدا موستەقیمی لە زیندانی ئێچین و ناڕوون بوونی پەروەندەی ناهید گورجی و ئازادی مریەم شەفیع پوور لە زیندانی ئێڤین لە شوێنەکانی دیکەی ئێران لە خۆ دەگرێت.

حەفتەی پێنجەمی مانگی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی

کوردستـــــــــــان

مەرگی گوماناوی ژنێک لە شاری مەریوان

لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٣ کچ و ژنی کورد بەشێوازی جۆراوجۆر و بە هۆکاری ناروون گیانیان لەدەست داوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەروا بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو کراونەتەوە،رۆژی یەکشەمە ٢٨ی پوشپەر،لە ناوچەی مەریوان، تەرمی بێ گیانی ژنێک کە بە تەوەر لە سەری درابو،لە ماڵەکەی خۆی دا دەدۆزرێتەوە.

عیسمەت رەزایی کە تەمەنی ٤٨ ساڵ بووە ،هۆکاری کوژرانی ناروونە و بەپێی گومانەکان دوترێت کە هاوسەرەکەی بکوژیەتی بەڵام هاوسەرەکەی دەڵێت لەو کاتەدا ئەو لە ماڵ نەبووە و لەسەر کار بووە و هەروەها بە تۆمار کردنی سکاڵا داوای بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوەی کردووە.

لە لاێکی ترەوە لە خەوتنگەیێکی کچانی شاری مەهاباد تەرمی بێ گیانی کچە خوێندکارێک دۆزرایەوە کە هۆکاری گیانلەدەست دانی نارونەو پێ دەچێت خۆی کوشتبێت.

خۆکوژی ٣ کچی لاو

لە درێژەی رەوتی دیاردەیی خۆکوژی ژنان و کچان لە کورستان ٣ کچی لاو لە شارەکانی پیرانشار و بۆکان و سەردەشت دەستیان داوەتە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هیناوە.

بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو بونەتەوە، لە ماوەی حەوتووی رابردودا کچێکی تەمەن ٢١ ساڵە خەڵکی ناوچە سەردەشت لە رێگای ۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

"چاوەرێ –ق" شوناسی ئەو کچەیە و هەروەها تا ئێستا هۆکاری خۆکوژیەکەی روون نەبووەتەوە.

لە لایێکی ترەوە.کچێکی تەمەن ٢٤ ساڵەی دانیشتووی شاری پیرانشار بە ناوی "س-و" بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هیناوە.

هەرلەو پەیوەندیەدا، کچێکی گەنجی شاری بۆکان بە ناوی "س-ک" دوای ئەوەی کە لە کنکوری سەراسەری دا درنەچوو، هەوڵی خۆکوژی داوە لە سەربانی بینایێکەوە خۆی فرێدەداتە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێ.

بە پشت بەستن بە ئاماری ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە شوینە جیاجیاکانی کوردستان ئاماری خۆکوژی ئەو کچ و ژنانەی کە دەستیان داوەتە خۆکوژی و گیانیان لەدەست داوە دەگاتە ٢٢ کەس.

مین کەسێکی دیکەی کردە قوربانی

بە تێپەربوونی زیاتر لە ٢ دەیە لە شەری نێوان ئێران و عێراق تا ئێستاش مینە چێندراوەکان لە کوردستان قوربانی دەگرن.

بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو بونەتەوە، رۆژی چوارشەمە رێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕ، ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵەی خەڵکی گوندی "جافرخان"سەر بە شاری سەقز بە ناوی حەیات رەشیدیان بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار و کەم ئەندام بووە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندەی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٤ هاووڵاتیی کورد لەناوچەکوردنشینەکان بوونەتە قوربانی مین، کە لە کۆی گشتی ئەو ریژەیە ٥ کەس کوژراون و ٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئێران

بارودۆخی تەندروستی نێدا موستەقیمی ناجێگیرە

نێدا موستەقیمی بە هۆی نەخۆشی ئاسمەوە لە بارودۆخێکی مەترسیدار دایە

نێدا موستەقیمی لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین بە بەرزبوونەوەی ئاستی نەخۆشیەکەی لە بارودۆخێکی ناجێگیردایە.

نێدا موستەقیمی لە ئەندامانی دایکانی پارکی لالە و هەروەها زیندانی سیاسی لە زیندانی ئێڤین بە هۆی نەخۆشی ئاسمەوە لە بارودۆخێکی مەترسیداردایە، بەو بۆنەوە بنەماڵەکەی هەوڵ دەدەن کە لە رێگای پزیشکی یاساییەوە نەبوونی توانایی بۆ تێپەرکردنی حوکمەکەی بۆ جێبەجێ بکەن.

نێدا موستەقیمی لە ئەندامانی پارکی لالە و لە رۆژی ١٤ی مانگی بانەمەری ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە بۆ تێپەر کردنی ماوەی ٣ ساڵ حوکمی زیندان دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کرا.

ئەو چالاکە سیاسیە بە تۆمەتی هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی رووداوەکانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی دا بە ٣ساڵ زیندان مەحکوم کراوە.

ناروون بونی بارودۆخی ناهید گورجی

هیچ جۆرە زانیاریێک لەسەر بارودۆخی ناهید گورجی لەبەردەست نیە

دوای ٩ مانگ لە دەستبەسەر کردنی ناهید گورجی هیچ زانیاریێک لە سەر پەروەندە و هەروەها لە شوێنی راگیرانی لەبەردەست نیە.

بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو بوونەتەوە، دوای ئەوەی کە لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی دا مافی چاو پێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی لێ وەر گیرا، تا ئێستا هیچ جۆرە زانیاریێک لەسەر بارودۆخی ناهید گورجی لەبەردەست نیە.

هەروەها بنەماڵەکەی لەبەر هۆکاری ئەمنیەتی خۆیان لەهەر جۆرە پەیوەندیێک لە گەڵ رۆژنامە نووسان دەپارێزن و دەڵێن کە ئەوە بۆ بارودۆخی ناهید باشترە.

ناهید گورجی لە ١٩ی مانگی رەزبەرەوە لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەستبەسەر و هەروەها دوای پشکنینی ماڵەکەی براوە بۆ دادگای شۆرشی "کوه سەنگی" شاری مەشهەد و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

کەسانی نزیک لە ناهید گورجی ئاماژە بەوە دەکەن کە ناهید تەنیا لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دا وەکو فەیس بووک و وایبر چالاکی هەبووە.

مەریەم شەفیع پوور ئازاد کرا

مەریەم شەفیع پوور دوای تێپەر کردنی ٢ساڵ زیندان، ئازادکرا

مەریەم شەفیع پوور دوای ٢ ساڵ زیندان لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا

بە پێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو کراونەتەوە، رۆژی پەنج شەممە ٢٥ی پووشپەر، مەریەم شەفیع پوور خوێندکاری دەرکراوی زانکۆی قەزوێن، دوای تێپەر کردنی ٢ساڵ زیندان، ئازادکرا.

مەریەم شەفیع پوور لە ئەندامانی ستادی هەڵبژاردنەکانی مەهدی کەروبی لە ٨٨ بوو کەساڵی ١٣٨٩ لە لایەن دادسەرای شۆرشی قەزوێنەوە بانگێشت و دواتر لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی رەوانەی زیندان کرا.

هەروەها لە کاتێکدا ترمی ٨ی زانکۆی تێپەر دەکردلە لایەن زانکۆ وە لە خوێندن بێ بەش کرا.

ئامادەکار : شاهۆ

سەرچاوەکان:

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (٦ حاڵەت)

ماڵپەری " هێرانا" (٣ حاڵەت)