ئاژانسی کوردپا: ئانجلیناجوولی ئەکتەری ناوداری هالیوود و نوێنەری کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پشتیوانی لە فیلمی " ژیان لە سنوور" لەدەرهێنانی بەهمەن قوبادی سینەماکاری کورد کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نوێنەری کۆمیساریای باڵای پەنابەران ستایشی فیلمی دیکۆمێنتاریی " ژیان لە سنوور"ی کردووە و بڕیارە فیلمەکە بە جیهان بناسێنێت.

ئەو ئەکتەرە ناودارە بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەران و بەمەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئاوارەکان چووەتە تورکیە و چاوی بە چەند کەسێک لە ئەکتەرەکانی ئەو فیلمە کەوتووە.

ئانجلیناجوولی ئەکتەری ناوداری هالیوود و نوێنەری کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان

رێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕ،فیلمی "ژیان لە سنوور" لە دەرهێنەریی سینەماکاری ناوداری کورد بەهمەنی قوبادی، لەلایەن کاناڵی "ئێن.ئێچ.کی" وڵاتی ژاپۆنەوە بڵاو کرایەوە.

ئەو بەرهەمە سینەماییە لە ٨ بەش پێکهاتووە و ٨ منداڵی ئاوارەبووی شەڕی کۆبانی و شنگاڵ نواندنیان هەیە و باس لە چیرۆکی هێرشی چەکدارانی داعش و چۆنیەتی نیشتەجێ بوونیان لە کەمپەکان دەکەن.

دەوترێت کە بەهمەن قوبادی ماوەی دوو مانگ راهێنانی کاری سینەمایی بەو ٨ منداڵە کردووە .

ئەو فیلمە دیکۆمێنتارییە بە گشتی لە هەشت بەرگە پێکدەێت کە ماوەکەی زیاتر لە ٧٠ خولەکە.

عیشقی شنگاڵ، گەڕان بە دوای حەقیقەتدا، نان و ماست، فیلمی ئێمە باشترە، چاوەکانی باوکم، ئاسمان و دەرمان، لەراستای نیشتمان و گەڕان لەکوێستانەکان ناوی ئەو ٨ بەشەی فیلمی" ژیان لەسنوور"ـه.