ئاژانسی کوردپا:راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٤ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە مەرگی گوماناویی فریناز و ئازادیی دوو ژنی دەستبەسەرکراوی سەردەشت و گیان لە دەستدانی کچە خوێندکارێک بەهۆی هەڵەی پزیشكی لە شاری سنە و ١ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان کە بریتییە لە سەپاندنی ٧ ساڵ زیندان بەسەر ئاتنا دائیمی لە شوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

حەفتەی سێهەمی مانگی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی

کوردستـــــــــــان

مەرگی گوماناویی فریناز، کوردستانی هێنایە خرۆش

مەرگی گوماناویی فریناز خوسرەوانی لە هۆتێل "تارا"ی شاری مەهاباد

مەرگی گوماناویی کچێکی مەهابادی لە یەکێک لە هۆتێلەکانی ئەو شارە، دژکردەوەی توندی هاووڵاتییانی کوردی بەدواوە بوو.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، بازارییانی کورد لە چەندین شاری کوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی، کارمەندی هۆتێل "تارا"ی شاری مەهاباد دووکان و بازارەکانیان داخست.

بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی و داخستنی دووکان و بازارەکان لە شارەکانی مەهاباد، مەریوان، سنە، پیرانشار و بۆکان بەرچاو و هەستپێکراو بووە.

دوابەدوای ئەو ناڕەزایەتییانەی کە دوای مەرگی فریناز سەری هەڵ دا، دەیان هاووڵاتیی کرد لە کوردستان دەستبەسەر کران. دوو کەس لەو دەستبەسەرکراوانە دایک و کچێکی سەردەشتی بوون کە شوناسی دایکەکە سوهەیلا حەسەن‌پوور رەاگەیەنراوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو دوو ژنە ئەمڕۆ و دوابەدوای بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی، بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ، کچێکی لاوی خەڵکی مەهاباد بەناوی ''فەریناز خوسرەوانی'' کە کارمەندی ''هۆتێل تارا''ی ئەو شارە بووە، بەگوێرەی ئەو راپۆرتانە کە بڵاو کراونەتەوە، ناوبراو بۆ پاراستنی ''نامووس'' و پێشگیری لە دەسدرێژیی مەئموورێکی سەربە ئیدارەی ئیتلاعات، لە نهۆمی چواری ئەو هۆتێلەوە خۆی خستووەتەوە خوارەوە.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی مەرگی ئەو کچە لاوە مەهابادییە، شەپۆلێکی بەرینی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی مەهابادیی لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دواوە بووە.
فەریناز خوسرەوانی تەمەن ٢٦ ساڵ، دانیشتووی شاری مەهاباد و خاوەنی بڕوانامەی لیسانسی کامپیۆتێر بووە.

هەڵەی پزیشکی لە سنە گیانی کچە خویندکارێکی ئەستاند

دڵنیا رەحیمی بەهۆی هەڵەی پزیشکی و کەمتەرخەمیی کادری پزیشكیی گیانی لەدەست دا

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی شاری سنە بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، کچێکی خەڵکی سنە بەناوی ''دڵنیا رەحیمی'' کچی ''محەممەد'' بەهۆی هەڵەی پزیشکیی نەشتەرگەرانی نەخۆشخانەی "توحید"ی ئەو شارە، گیانی لەدەست دا.
ئەو کچە تەمەن ٢٤ ساڵە خوێندکاری وەرزی کۆتایی (ترم آخر) کارناسیی زانکۆی کوردستان بووە.

رووداوەکە رێکەوتی ١٠ی بانەمەڕ رووی داوە و ئێستا لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە.

گیان لە دەستدانی ئەم هاووڵاتییە لە کاتێک دایە کە ماوەیەک بەر لە ئێستا، یەکێک لە بەرپرسانی ئوستانی کوردستان بە ماڵپەڕی حکوومەتیی ''مێهر''ی رایگەیاندبوو؛ لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٢٤٥ حاڵەتی هەڵەی پزیشكی لەو ئوستانە خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.

ئێران

ئاتنا دائیمی ٧ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە

ئاتنا دائیمی چالاکی مەدەنیی و چالاکی مافی منداڵان سزای ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

ئاتنا دائیمی چالاکی مەدەنیی دانیشتووی تاران لەلایەن دادگای بەرایی‌یەوە سزای ٧ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئاتنا دائیمی چالاکی مەدەنی و چالاکی مافی منداڵان، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ''ئینقلاب''ی تاران بە دادوەری دادوەر مەقیسە، سزای ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو حوکمە لە دانیشتنی رێکەوتی ٢٣ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی و لەلایەن دادگای تارانەوە دەرکراوە و رێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ بەناوبراو راگەیەنراوە.

دادگا بە ''تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ نیزام، هەوڵدان دژی تەناهی وڵات لەریگای کۆبوونەوەی یاسایی، بێ رێزی بە پیرۆزییەکان و بێ رێزی بە رێبەری ئێران'' ئەو حوکمەی بەسەر ئاتنا دائیمیدا سەپاندووە.

ئاتنا دائیمی ٢٩ی رەزبەری ساڵی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتەوە لە شاری تاران دەستبەسەر و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە زیندان راگیراوە.

ئامادە کردن : شاهۆ

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا(4حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا"( ١حاڵەت)