حەفتەی چوارەمی مانگی رێبەندانی١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور١حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە خوسووتاندنی کچێکی گەنج لە دیواندەرە و ٩ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لەدەستبەسەرکرانی٧ ژنی بەهایی لە ئیسفەهان و تاران و ئازادبوونی دوو چالاکی ژن لە زیندانی ئێڤین لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
کچێک لەدیواندەرە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

لەماوەی رۆژانی رابردوودا کچێکی گەنجی خەڵکی دیواندەرە کە ماوەیەک پێش ئێستا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی رۆژانی رابردوودا، کچێکی گەنجی دانیشتووی "قەرە دەرە"ی دیواندەرە بەناوی " سیرین بیگلەری" کە ماوەیەک پێش ئێستا هەوڵی خۆسووتاندنی دابوو، لەیەکێک لەناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.
هەتا ئێستا هۆکاری خۆسووتانندی ئەو کچە تەمەن ٢٢ ساڵەیە بۆ سەرچاوەکانی هەواڵ روون نەبووەتەوە.
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، تەنیا لەماوەی ١٠ رۆژی رابردودا ٨ ژن و کچی خەڵکی شارەکانی ورمێ، رەبەت، سنە، دیواندەرە و روانسەر ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەرداوە کە گیان لەدەستدانی ٦ کەسیانی لێ کەوتووەتەوە.
ئێران
٧ ژنی بەهایی لە ئیسفەهان و تاران دەستبەسەر کران

لەرۆژانی رابردوودا شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەر کردنی هاوڵاتیانی پێڕەوی ئایینی بەهایی لەئێران دەستی پێکردووە . لەو شەپۆلە نوێیەدا ١٤ هاوڵاتی بەهایی دەستبەسەر کراون کە ٧ کەسیان ژن بوون.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە ٢٨ی رێبەندان، هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران لەشارەکانی ئیسفەهان و تاران ٧ ژنی پێرەوی ئایینی بەهاییان دەستبەسەر کردووە.
مونا مێحرابی و ئیلهام کەرەم بەخش لە تاران و شیوا ئیغتسامی، نیگار سوبحانیان، نیکا رەجەبی، مونا ئەقدەسی و ژنێکی دیکە کە شووناسی نەزانراووە لە شاری ئسفەهان وبەدەستی هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران دەست بەسەر کراون.
نیگار سوبحانیان کە یەکێک لە دەستبەسەر کراوەکانە دوو گیانە و بەو حاڵەش دەستبەسەر کراوە.
بەوتەی شایەتحاڵان هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە ٥ کاتژمێر ئەو خانوانەی کە هاوڵاتییە بەهاییەکان تیایاندا سەرقاڵی رێوڕەسمی ئاینی بوون پشکنیوە.
بەدواداچوونی بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکان هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە ئاکامێکی نەبووە و لەشوێنی راگرتنی ئەو ١٤ کەسە هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.
فریشتە توسی و لەزیندان ئازاد کران

لەرۆژانی رابردوودا دوو کەس لەدەسبەسەر کراوەکانی کۆتایی بەفرانبار کە لەلایەن هیزەکانی سەر بە سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و رەوانەی زیندنای ئێڤین کرابوون، لەزیندان ئازاد کران.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، زەهرا خەەنان و فریشتتەتوسی کە هاوڕێ لەگەڵ ٤ ژنی دیکە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانبار دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی ئێڤین کرابوون، رۆژانی دووشەممە و سێشەەمە ٢٨ و ٢٩ی رێبەندان لەزیندان ئازاد کران.
زەهرا خەندان یەکێک لە چالاکانی پێشووی خوێندکرای زانکۆی ئەمیر کەبیر کە پێشینەی کارکردن لەگەڵ هەواڵدەریی کاری ئێران ( ئیرنا) و رۆژنامەی " ئیعتماد"ی هەیە، رۆژی دووشەممەە ٢٩ی بەفرانبار و فریشتە توسیش حەفتەی کۆتایی ئەو مانگە دەستبەسەر کرابوون.
ئەو دوو ژنە لەماوەی یەک مانگی رابردوودا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ئێڤین راگیرابوون و لەکاتی دەستبەسەر کردنیاندا هەمو وکەرەستە تاکەکەسییەکانیان لەلایەن هێزەکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.
ئامادە کردن :شاهۆ
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا(١حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا"( ٢حاڵەت)
ماڵپەڕی " چالاکانی تاراوگە" ( ٥ حاڵەت )
ماڵپەڕی "کلمە" ( ٢ حاڵەت )





