ئاژانسی كوردپا: نووسەرێكی كوردی خەڵكی مەریوان كتێبی " ماڵێك پڕ لە بەستەنی" لە سێ هەزار نوسخەدا چاپ و بڵاو كردەوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، زانیار درخشانی كە پێشتریش بەرهەمێكی تایبەت بە منداڵان لەچاپ داوە، لە تازەترین بەرهەمی خۆیدا هەوڵی داوە كە كۆمەڵێك بیرەوەریی شێعر و بابەتی تایبەت بە منداڵان لەنێو كتێبی " ماڵێك پڕ لە بەستەنی"دا بگونجێنێ.

ئەو نووسەرە كوردە لەو كتێبەدا هەوڵیشی داوە كە منداڵاتی كورد لەگەڵ شێوزای دروستی ژینگەپارێزی ئاشنا بكات.
ئەو بەرهەمە لە سێ هەزار نوسخەدا لەلایەن دەزگای چاپەمەنی " ئەوین"ـەوە لەچاپ دراوە و لە ئاستی ئوستانی كوردستاندا بڵاو كراوەتەوە.
كتێبی ماڵێك پڕ لە بەستنی لەلایەن (مەهاباد رەحیمی)ـەوە كاری دیزاین و گرافیكی بۆ كراوە.
پێشتریش كتێبی " ژینگەی خاوێن" لەنووسینی زانیار درخشانی بڵاو كرابوویەوە كە تێیدا شێعر و بابەتی لەوەسفی سروشتدا گونجاندبوو.
زانیار درخشانی تەمنی ٢٥ ساڵە و لەشاری مەریوان لەدایك بووە و یەكێك لە شانۆنامەكانی بەناوی " خەزنی بزەیی" لەپاركی ملەتی مەریوان نمایش كراوە.





