حەفتەی چوارەمی مانگی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ١ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە دەرکرانی ژنە مامۆستایەکی کورد لە ئیدارەی پەروەردەو بارهێنانی بانە و ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لەبانگهێشتکردنی تەهمینە میلانی بۆ دادسەرا و بێبەشکرانی کچە خوێندکارێکی بەهایی لەخوێندن لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

ژنە مامۆستایەکی کورد لەسەرکار دەرکرا

ژنە مامۆستایەکی کورد بە هۆی ئەندامەتی لە " مکتب قرآن" لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری بانە دەرکرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، فەریدە بەهاری مامۆستای وەرزشی قوتابخانەکانی شاری بانە، رۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەز، لەلایەن ئیدارەی پەروەردەو بارهێنانی ئوستانی کوردستانەوە لە کارەکەی خۆی دوور خرایەوە.

هۆکاری سەرەکیی دەرکرانی فەریدە بەهاری " بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکان، بروامەند نەبوون بە ویلایەتی فەقێ و ئەندامەتی لە ( مکتب قرآن) راگێندراوە".

ناوبراو کە پێشینەی ٥ ساڵ وانە وتنەوەی لە قوتابخانەکانی شاری بانە هەبووە، کۆتاییەکانی خەرمانانی ئەمساڵ بانگهێشتی بەشی وەرگرتنی ئیدارەی پەروەردەو بارهێنانی ئوستانی کوردستان کرابوو.

ئێــــــــــــران

بێبەشکرانی خوێندکارانی بەهایی لەخوێندن، درێژەی هەیە

یەکێک لە خوێندکارانی رشتەی ئەندازیاری کۆمپیۆتەر بەشی نەرم ئەفزاری زانکۆی سەرانسەری مازەندەران بەهۆی بیروباوەڕی مەزهەبییەوە لە درێژەی خوێندن بێبەش کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، نورا موسەمەمی خوێندکاری رشتەی ئەندازیاری کۆمپیۆتەری زانکۆی سەرانسەری مازەندەران دوای تێپەڕاندنی یەک ترم لەدرێژەدان بە خوێندن بێبەش کرا.

نورا موسەمەمی لەلایەن حەراسەتی زانکۆ و بەهۆی بڕوامەندبوون بە ئایینی بەهاییەوە لەدرێژەی خوێندن لەو زانکۆیە بێبەش کراوە.

ناوبراو ساڵی ٩٣ چووە زانکۆ و کاتی چونە ژوورەوە بۆ ساڵۆنی تاقیکردنەوەکان، بڕیاری دەرکران لە زانکۆی پێ راگەیاندراوە.

ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی بەهایی لەزانکۆکانی ئێران بە تاوانی بڕوامەندبوون بەو ئایینە لە خوێندن بێبەش دەکرێن.

تەهمینە میلانی بانگهێشتی دادسەرا کرا

لەماوەی حەفتەی رابردوودا یەکێک لە دەرهێنەراننی ژنی سینەمای ئیران بانگهێشتی دادسەرای فەرهەنگ و رەسانە کرا.

تەهمینە میلانی بانگهێشتی دادسەرا کرا

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، تەهمینە میلانی رایگەیاندووە کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی فیلمنامەی " شهرزاد زن هزار و یک شب" لەلایەن دەزگای چاپی "کتابسرا"وە بانگهێشتی دادسەرای "فرهنگ و رسانە " کراوم.

بەڕێز میلانی تاوانی خۆی کە لە بەڵگەی بانگهێشتکردنەکەدا نووسرابوو " پروپاگەندە دژی نیزام" لە دەقی فیلمنامەکەدا راگەیاندووە.

بە وتەی ناوبراو ئەو کتێبە لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامییەوە مۆڵەتی چاپی پێدراوە و هەموو قۆناغە یاساییەکانی بۆ بڵاوبوونەوە بڕیوە و هاوینی ئەمساڵ چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا( ١حاڵەت)
هێرانا( ١حاڵەت)
ایلنا( ١حاڵەت)