ئاژانسی كوردپا: ناوەندە حكوومەتییەكان لە كوردستان لەهەمبەر دابینكردنی تێچووی دەرمانی بەركەوتووان و بریندارانی چەكی كیمیایی كەمتەرخەمن و ئەوەش كێشەی بۆ ئەو كەسانە دروست كردووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، یەكێك لەبریندارانی چەكی كیمیایی لەمەریوان مانگانە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار تمەن خەرجی دەوا و دەرمان دەكات و ناوەندە پێوەندیدارەكان هیچ ئاگایان لە دۆخی ئەو هاووڵاتیە نیە.
ئەو هاووڵاتییە كە وەكوو "جانباز(کەمئەندام)"ی ٤٠% لە قەڵەم دراوە لە یەكێك لەئاوایەیكانی ناوچەی هەورامان و شارستانی مەریوان مامۆستای قوتابخانەی سەرەتاییە و لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە بە هۆی نەخۆشەی تەنكە نەفەسییەوە نەیتوانیوە وانە بڵێتەوە.
هادی ئیسماعیلی فەرد، كە ٢٧ ساڵ لەمەوبەر یەكێک لە بەركەوتوانی چەكی كیمیایی ( گازی خەردەل) بووەو ئێستاكە توانای دابینكردنی تێچووی دەوا و دەرمانی نییە.
هادی ئیسماعیلی فەرد بە هەواڵدەریی ئیرنای وتووە، لە مانگدا چەندین جار سەردانی پزیشكی پسپۆڕ دەكەم و بە بەردەوامیش دەبێ كەڵك لە " كەپسووڵ بە مەبەستی هەڵمژینی ئۆكسیژێن" وەربگرم و جاری وا هەبووە كە مانگانە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار تمەن خەرجی دەوا و دەرمانم بووە و هیچ ناوەندێكیش ئاوڕی لێ نەداومەتەوە.
ئەو قوربانییە باسی لەوەش كرد رۆژانە دوو دەرزی " دگزامێتازۆن" لەخۆم دەدەم و پێویستە سپاسی خۆم بۆ كچ و هاوسەرەكەم بنێرم و بە سەدان جار ئەوانیش وەكوو من ئازارییان چێشتووە و شەو و رۆژیان لێ تێكچووە و لەگەڵ ئازاركانی من بوون هەتا بتوانن كەمێك لە برینەكانم سارێژ بكەنەوە.
بارودۆخی نالەباری ئەو هاووڵاتیە مەریوانییە لەحاڵێكدایە كە ساڵی رابردوو برای ئەو مامۆستایە بە هۆی بەركەوتنی چەكی كیمیایی و هەڵنژینی ئەو مادە ژەهراوییەی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵە گیانی خۆی لەدەست دابوو.
هەر ساڵە چەندین هاووڵاتیی كە ٢٧ ساڵ لەمەوبەر تووشی ئەو مادە ژەهراوییە بوون كە زۆرترینیشیان خەڵكی سەردەشت و نۆدشەن گیان لەدەست دەدەن.
مەریوان و ئاوایی نژمار بە یەكێك لەو شوێنانەی كوردستان دێنە ئەژمار كە لەلایەن رێژیمی بەعسەوە كیمیایی باران كران.









