ئاژانسی كوردپا: لە ئاوایی " دەلۆ و دەربەند"‌ی ناوچەی دۆڵی ورمێ‌ شەڕ و تێكهەڵچوون لەنێوان هێزە نیزامیەكانی حكوومەتی ئێران و دانیشتوانی ئەو ئاواییە هاتۆتە ئاراوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و بە وتەی شایەتحاڵان، چەند رۆژ لەمەوبەر هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی بڕینی ئاوی خواردنەوەی ئاوایی " دەلۆ و دەربەند" لە ناوچەی دۆڵ چوونەتەئەو ئاواییە و لە ئەنجامدا لەگەڵ پەرچەكرداری دانیشتوانی ئاواییەكە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

شایەتحاڵان بە هەواڵنێری (كوردپا)یان وتووە، ژمارەیەك بەرچاو لەو هێزانە چوونەتە شوێنی سەرەكیی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ئاوایی دەلۆ و دەربەند و وێڕای هەڕەشە كردن ویستوویانە ئاوەكە ببڕن كە هاووڵاتیان بە گژیاندا چوونەتەوە.

شایەتحاڵان باسیان لەوەش كردووە، سەرەتا هێزە نیزامیەكان بە باتوم و قۆنداغی چەك ٧ ژن و پیاوی ئاواییەكەیان بریندار كردووە و خەڵكەكەش بە بینینی ئەو بێ‌ رێزی پێكردنە بە دار و بەرد هێرشیان كردۆتە سەر هێزە نیزامیەكان.

لەدرێژەی راپۆرتەكەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئەو پەرچەكردارەی خەڵك، ٧ كەس لە هێزە نیزامییەكانیش بریندار بوون.

دەوترێت ئەو هێزانە بۆ بڵاوە پێكردن بە خەڵك و كۆتایی هێنان بە گرژییەكە، گازی فرمێسك رێژییان بەكار هێناوە.

لەپارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا و بەتایبەت دەورووبەری شاری ورمێ‌ پاشكەوتی ئاوی ژێرزەوییەكانی بە شێوەیەكی بەرچاو لە كەمی داوە و تەنانەت ژمارەیەك لە تاڵاو و زۆنگاوەكانی ئەو ناوچەیش ویشك بوون.

ماوەیەكیشە دانیشتوانی دەربەندی ورمێ‌ كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و هێزە نیزامییەكان بەهاوكاری ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆ ویستوویانە لە ئاوی ئاوایی " دەلۆ"‌وە ئاوی خواردنەوەی دەربەند دابین بكەن.

یەكێك لەدانیشتوانی ئاوایی "دەلۆ" بە هەواڵنێری كوردپای وتووە، " ئەگەر بێت و لە ئاواییەكەی ئێمەوە ئاو رەوانەی دەربەند بكرێ‌ ئەوە ئێمە بێ‌ ئاو دەمێنینەوە".

بەشێك لە دانیشتوانی ورمێ‌ و دەورووبەریشی بە بەردەوامی سەبارەت بە پیسی ئاوی خواردنەوەكە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و تەنانەت ماوەیەك لەمەوبەر لە هەواڵەكاندا باس لەوە كرابوو دانیشتوانی گەرەكێكی ورمێ‌ ئەوە ئاوە پیسە تەنانەت بۆ حەمام كردنیش بەكار ناهێتت.

لە سەردەمی دەوڵەتی "دەیەم"‌دا پلانێك لەژێر ناوی " گەڵاڵەی ئاوی غەدیر" خرایە بەرباس و ئەو گەڵاڵەیە لە ئوستانی خووزستان كە بەدەست بێ‌ ئاوییەوە دەناڵێنێ‌ خرایە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە كە دواتر دەركەوت هیچ ئاكامێكی لێنەكەوتەوە.