حەفتەی دووەمی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لەکوردستان کە بریتییە لە خۆکوژی کچێکی گەنج لە دیواندەرە و دەستبەسەر کرانی دوو هاوڵاتی بەهایی دانیشتووی ورمێ بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان و ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە بریتیە لەدەستبەسەر کردنی مامۆستایەکی "عرفان حلقە" لە تاران و هەروەها دەستبەسەرکردنی چالاکێکی ژنان لەشاری شیراز لەشوێنەکانی دیکەی ئێران لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

خۆکوژی کچێک لە دیواندەرە

لەماوەی رۆژانی رابردوودا،کچێکی گەنجی خەڵکی دیواندەرە دەستی دایە خۆکوژی و گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی شەممە ٨ی سەرماوەز، کچێکی تەمەن ٢٨ ساڵ دانیشووی گوندی "زەفەرئاوای"ی دیواندەرە لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەتا ئێستا شوناس و هۆکاری خۆکوژیی ئەو کچە بۆ میدیاکان روون نەبۆەتەوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ساڵی رابردوودا ٢٧ ژن و کچی کورد لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

دەستبەسەرکردنی دوو هاوڵاتی بەهایی لە ورمێ

لەماوەی رۆژانی رابردوودا دوو هاوڵاتی ژنی بەهایی دانیشتووی ورمێ، بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەیان، دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەر لەبەیانیی رۆژی شەممە ٨ی سەرماوەز، دوو کەس لە پەیڕەوانی ئایینی بەهایی دانیشتوی ورمێ بەناوەکانی نووشین میساقی و سوهەیلا ئەقدەسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکیان دەستبەسەر کران.

نوشین و سوهەیلا پێشتر بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی نیزام" هەر کامەیان ٦ مانگ سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو دو هاوڵاتییە بەهاییە ماوەیەک پێش ئێستا بە شێوەی تەلەفۆنی بانگهێشت کرابوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە داوەکەیان فەرمی نەبووە خۆیان بە ناوەندە پەیوەندییدارەکان نەناساندبوو.

ئێــــــــــــــران

دەستبەسەرکران و ناڕوون بوونی چارەنووسی چالاکێکی ژنان لە شیراز

یەلدا پژووهش چالاکی بواری مافی ژنان دوای دەستبەسەر کرانی چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، یەڵدا پژوهش یەکێک لە چالاکانی ژنان، رۆژی ٣٠ی خەزەڵوەر، لەشوێنی کارەکەی خۆی لە شاری شیراز دەستبەسەر کرا.
بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هیچ زانیارییەک لەمەڕ شوێنی راگرتنی ناوبراو لەبەردەستدا نیە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی کچەکەیان بێ ئاکام ماوەتەوە.

ناوبراو پێشتر لە ٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ هەتاوی و دوای رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دەستبەسەر کرابوو.

یەکێکی دیکە لە مامۆستایانی "عرفان حلقە" دەستبەسەر کرا

مهتاب افشاری یکی از مربیان عرفان حلقە

لەماوەی رۆژانی رابردوودا مەهتاب ئەفشاری یەکێکی دیکە لە مامۆستایانی تەریقەتی "عرفان حلقە" لەشاری تاران دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،رۆژی پێنج‌شەممە ٦ی سەرماوەز، مەهتاب ئەفشار یەکێک لە مامۆستایانی "عرفان حلقە" لە شوێنی کارەکەی خۆی و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری تارانەوە دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنیەتیەکان وێڕای دەستبەسەر کردنی ئەو مامۆستایە، دەستیان بەسەر کەلووپەلی تاکەکەسی ناوبراو وەکوو لاپتۆپ و کتێبی ناوبراویشدا گرتووە.

هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکی وەرد لەسەر شوێنی راگیرانی مەهتاب ئەفشاری لە بەر دەستدا نیە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ١حاڵەت)
ماڵپەڕی "هێرانا"( ٣حاڵەت)
ماڵپەڕی "کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی ( ١ حاڵەت)