ئاژانسی کوردپا: ناوەڕاستی زستانی ساڵی رابردوو رێکخراوی میللی "هەوانەوردی و فەزایی" ئەمریکا باسی لە کەمبوونەوەی ١٤٤ کیلۆمیتری سێ‌‌جا پاشکەوتەکانی ئاوی شیرینی ئێران، عێراق، تورکیە و سووریەی کرد و لەو نێوەشدا ئاوی کانیاوی "بڵ"‌یش لە شاری نۆدشە لەو کێشەیە بێبەری نەبووە.

لێدانی بەنداو لەئێران بەمەبەستی دابین کردنی ئاوی خواردنەوە، وەرزێڕی و پیشەیی، بەشێوەی زانستی رەخنەی لەسەرە و کارناسان لەو باوەڕەدان خەسارەکانی دروست کردنی بەنداو لە قازانجەکانی زیاترە و بەنداوی "داریان" لە چۆمی سیراوان لە ١٠ کیلۆمیتری شاری نۆدشە لەئوستانی کرماشان یەک لەو بەنداوانەیە کە خەسارێکی بەرچاوی ژینگەیی بە دوای خۆیدا هێنا و بەو هۆیەوە زۆربەی کانیاوەکانیش بۆ وێنە "بڵ" مەترسیی لەناو چوونیان لەسەرە.

لەو بارەیەوە د. موختار هاشمی بەرپرسی گرووپی " فریا کەوتن"‌ی کانی بڵ لە وتووێژێکدا پرژایە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی هەوڵەکانیان و هەروەها مەترسیی لەناو چوونی کانییەکە.

دوکتور هاشمی سەرەتا باسی لەگرینگی "کانی بڵ" کرد و وتی: ئەو کانیاوە یەک لەو هەزاران کانیاوەیە کە زاگرۆس بە ئێمەی بەخشییەوە و ئەوەی‌کە ئەو کانییە لە کانیاوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئاوی زۆر و بەرفراوانییەتی و ساڵانە نزیک بە ١٥٠ میلیۆن میتری سێ‌جا بە واتایەکی دیکە لە هەر چرکەدا چوارهەزار لیتر ئاوی هەیە و ئەو ئاوەش پێویستی بە پاڵاوتن نیە و خاوێنە و کانی بڵ توانای ئەوەی هەیە ئاوی خواردنەوەی ٢ میلیۆن کەس دابین بکات.

ئەو کارناسە ئەوەشی خستە ڕوو، کانیاوی بڵ لەنزیک ئاوایی هەجیج و مەقبەرەی ئیمامزادە عەبیدوڵڵا (ناسراو بە کۆسەی هەجیج) هەڵکەوتووە و خەڵکی ئەو ئاوە بە مەبەستی "شیفا"‌ش بەکار دێنن، هەر بۆیە ئەو ئاوە بۆ خەڵکی کوردستان لایەنی ئاینییی و دینیشی پێوە دیارە و هەروەها لە بواری ئابووریشەوە بۆ خەڵکی و ناوچەکە گرینگە.

دوکتور سەید موختار هاشمی خاوەنی بڕوانامەی "دوکتورای عومران" ـ مودیرییەتی سەرچاوە ئاواییەکان

هاشمی لەدرێژەی لێداونەکەی بۆ ئاژانسی کوردپا وتیشی: دروست کردنی بەنداوی داریان لە هەورامانات هەڕەشەی فەوتان لەو کانی بڵ دەکات و ساڵی ١٣٨٩ گرووپێک بە مەبەستی رزگار کردن و پاراستنی ئەو سامانە نەتەوەیە پێک هات.

دوکتور موختار ئەوەشی خستەڕوو، هەتا ئێستا زۆر پێشنیار و هەوڵ بۆ رزگار کردنی ئەو کانیاوە دراوە، بەڵام دوایین راپۆرت لەوپێوەندییەدا کە لە پووشپەڕی ١٣٩٢دا بڵاو کرایەوە، باس لەهێندێ‌رێکار دەکان کە بەشێوەی کردەیی مەرگی کانیاوەکە بە دوای خۆیدا دەهێنێت و لەراستیدا بە بڕوای من ئەو رێکارە وڵامدەر نابێت. پێویستە بۆ رزگار کردنی کانیاوی بڵ تیمێکی پسپۆڕ لەبوارەکانی زەوی ناسی و ئاو پێک بهێنرێت و پلانە پێشنیارکراوەکان هەڵبسەنگێنێ‌.

هاشمی لەو باوەڕەدایە، یەکەم هەنگاو بۆ رزگار کردنی کانیاوی بڵ گۆڕانکاری لە دروست کردن و پلانی بەنداوی داریان دایە و بە دڵنیاییەو بایەخی ئەو سامانە نەتەوەی ـ سروشتییە زۆر زیاتر لە تێچووی مادی بەنداوەکەیە و لەناوچوونیشی خەساری سیاسی ـ کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە.

کانی بڵ

دکتور موختار لەبارەی شێوازی کاری گرووپەکە و پشتیوانی کردنی وتی: کانی بڵ سامانێکی نەتەوەییە و هاووڵاتیی کورد و غەیری کورد ناناسێ‌و من بۆ تاڵاوەکانی گاوخانی، شادگان ئەهوار و زەریاچەی ورمێ‌زۆر بەداخەم و ئەو روانینەشم بۆ کانی بڵ هەیە، لەڕاستیدا "اکوسیستم"‌ـەکانی سروشتی زەنجیروار و نەپساوەن و هەر کامەیان کارێگەرییان لە سەر سروشتی ناوچەکە هەیە، لەپێوەندی پاراستنی ژینگە و پاراستنی ئاو و سەرچاوە سروشتییەکان پێویستە جیهانی بیر بکەینەوە و لە چوارچێوەیەکی بەرتەستی جوغرافیایی بێنە دەر.

دوکتور سەید موختار هاشمی خاوەنی بڕوانامەی "دوکتورای عومران" ـ مودیرییەتی سەرچاوە ئاواییەکانی زانکۆی "نیوکاسل"‌ی بریتانیایە.

دوکتور هاشمی بێجگە لە مامۆستایەتی لە زانکۆی کوردستان، خاوەنی چەندین کتێبیش لە بوارەکانی ئاو و مودیرییەتی سەرچاوە سروشتییەکانە.