ئاژانسی كوردپا: كەیوان كەریمی دەرهێنەری كوردی خەڵكی شاری بانە و دانیشتووی تاران ماوەی زیاتر لەیەک حەفتەیە بێسەرو شوێنە و لەو ماوەیەدا هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەگرتووە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماوەی ٨ رۆژە كەیوان كەریمی دەرهێنەری کورد و براوەی خەڵاتی فێستیڤاڵی قوتابیانی فیلمی "فیلۆفێست"ی سلۆڤینیا، لەرۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی سەماوەزەوە هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.
دەگوترێت کە ئەو دەرهێنەرە کوردە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەتاران دەستبەسەر و رەوانەی زیندان "ئێڤین"ی تاران كرابێت، بەڵام هەتا ئێستا لەلایەن بنەماڵەی "کەریمی"یەوە هەواڵی دەستبەسەر کرانی کوڕەکەیان پشتڕاست نەکراوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بنەماڵەی كەیوان كەریمی هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان لەبەر دەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانیی لای بنەماڵەی ئەو دەرهێنەرە کوردە دروست کردووە.
كەیوان كەریمی خاوەنی ژمارەیەک بەرهەمە و یەكێک لەبەرهەمەكانی بەناوی "سنووری شكاو" دوای بەشداریی لەفێستیڤاڵی قوتابیانی فیلمی "فیلۆفێست"ی سلۆڤینیا خلاتی باشترین فیلمی دیكیۆمێنتی لێژنەی ناوبژیوانی فێستیڤاڵەکەی پێبەخشرابوو.
ئەو سینەماكارە كوردە لەدایكبووی شاری بانەیە و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی راگەیاندن لەزانكۆی تاران بەدەست هێناوە.





