حەفتەی کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور دەپرژێتە سەر ٤ حاڵەت پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٥ حاڵەت پێشلکردنی مافی ژنان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران.
"بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.
راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٤ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە دەستبەسەرکران و بڕینەوەی حوکمی زیندان بۆ دوو چالاکی ژن لە بۆکان و خۆ کوژیی دوو ژن لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد و هەروەها ٥ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە جێبەجێ کردنی حوکمی زیندانی ٤ ژنە چالاکی بەهایی و ناڕوونیی چارەنووسی مریەم شەفیعپوور لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
دەستبە سەر کردن و دەرکردنی بڕینەوەی سزا بۆ چالاکانی ژن لە بۆکان
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، یەکێک لە ژنە چالاکانی شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و هەروەها دادگای ئەو شارەش سزای ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ یەکێک لە چالاکانی ژنی ئەو شارە بڕییەوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە، سەرلە بەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر کچە خوێندکارێکی کورد بەناوی "ئەفسانە بایزیدی" تەمەن ٢٨ ساڵ هاوڕێ لەگەڵ برایەکی خۆی بەناوی "شاهۆ بایزیدی" تەمەن ٢٥ ساڵ، لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.
ئەفسانە بایزیدی کچی ئەبووبەکر، خوێندکاری زانکۆی پەیام نووری ئەو شارە بووە، کە هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەهۆیەکی ناروون لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
لە لایەکی دیکەوە، شەهێن بایزیدپوور ئەندامی خولی دووەمی شۆرای شاری بۆکان، لەلایەن دادگای شاری بۆکانەوە حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

شەهێن بایزیدپوور رێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەشاری بۆکان و لەلایەن ئیتلاعاتی سپای ئەو شارەوە دەستبەسەر و پاش ٢٢ رۆژ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ راگوێزرا.
شەهێن بایزیدپوور کە هەنووکە لە زیندانی شاری مەهاباد راگیراوە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە هۆکاری مەحکووم کرانی ناوبراو بەو دوو ساڵ زیندانییە تەعزیرییە نەزانراوە.
ئەو ئەندامەی پێشووی شۆرای شاری بۆکان یەكێک لە چالاکانی مەدەنی و هەروەها یەکێکیش لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی كەمئەندامانی ئەو شارە بووە.
خۆکوژیی دوو ژن لەشارەکانی بۆکان و مەهاباد
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا دوو ژنی کورد لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد دەستیان داوەتە خۆکوژی و لە ئاکامدا گیانیان لە دەست داوە. تەنیا لە ماوەی ٢ حەفتەی رابردوودا، ٤ ژنی کورد لە رێگەی خۆکوژیەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی هەینی ٢٤ی خەزەڵوەر، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی نیشتمان قوربانی و دانیشتووی شاری بۆکان، لە ماڵەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ناوبراو بە هۆی کێشە لە گەڵ هاوسەرەکەی دەستی داوەتە خۆکوژی.
نیشتمان قوربانی کە خاوەن منداڵێکیشە، لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەناوی "لیمۆ خەید" کچی عوسمان خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ناوبراو ٥ مانگ پێش و بە پێچەوانەی ویستی خۆی، لەگەڵ کوڕێ ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو.
لیمۆ دانیشتووی گوندی "قۆزلووجە"ی سەربە شاری مەهاباد بووە.
بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای وەرزی پاییزەوە هەتا ئێستا ٩ ژن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە .
ئێــــــــــران
حوکمی زیندانی ٤ چالاکی ژنی بەهایی جێبەجێ کرا
چوار ژنە چالاکی بەهایی کە بە زیندان مەحکووم کرابوون، دوابەدوای بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی وەکیڵئابادی مەشهەد کران.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەم ٤ چالاکە ژنە بە ناوەکانی نگین ئەحمەدیان، حوریە حوسەینی، بێهناز حەدادزادە و نیگار مەلەک زادە هاوڕێ لەگەڵ ئارمان موختاری پاش ئەوەی رۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر بانگهێشت کران، دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی وەکیڵئابادی مەشهەد کراوون.
ئەم ٥ هاووڵاتییە بەهاییە مانگی رابردوو لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی خۆراسانی رەزەوییەوە بە تاوانی " پڕوپاگەندە دژی نیزام لە رێگەی پڕوپاگەندە بۆ بەهاییەت"ـەوە هەر کامەیان بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری، مەحکووم کرابوون.
هەنووکە ١٢ هاووڵاتی بەهایی لە زیندانی وەکیڵئابادی مەشهەد بەند کراون و ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.
درێژەی ناڕوون بوونی چارەنووسی مەریەم شەفیعپوور
مەریەم شەفیعپوور، یەکێک لە چالاکانی خوێندکاری کە ٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ دەستبەسەر و لەو کاتەوە لە زیندانی ئێڤین راگیراوە، سەرەڕای ئەوەی کە دادگاکەی بەڕێوە چووە، بەڵام چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە یەک مانگ بە سەر کاتی بەڕێوەچوونی دادگای مەریەم شەفیعپوور لە لقی ١٥ی دادگای شۆرشی تارانەوە بە دادوەریی سەڵەواتی تێپەڕ دەبێت، بەڵام پەروەندەی ناوبراو وەک خۆی ماوەتەوە و هاوکات لەگەڵ ئازادیی ناوبراویش بە دانانی بارمتە، دژایەتی کراوە.
مریەم شەفیعپوور رۆژی شەممە ٥ی گەلاوێژ، دوای بانگهێشت کران بۆ لقی ٢٠ی دادسەرای "شهید مقدس"، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
ئەم خوێندکارە، ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویش بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە لایەن دادگای شۆڕشی "قەزوێن"ەوە بە یەک ساڵ زیندانیی هەڵپسێردراو مەحکووم کرابوو.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (٤حاڵەت )
ماڵپەڕی جەرەس ( ١ حاڵەت )
ماڵپەڕی رۆژهەڵات تایمز ( ١ حاڵەت )





