ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵ لە شاری ئیلام بەهۆی هەڵە و کەمتەرخەمیی پزیشکییەوە گیانی لەدەست دا.

ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٤ی پووشپەڕ منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵ بەناوی " ئاراس فەتحوڵڵاهی" بەهۆی لێدرانی دەرزی "سفتر یاکسون"ـەوە لە ناوەندی دەرمانیی "مێهر"ی ئیلام تووشی مردنی مێشک هاتووە و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

باوەگەورەی ئەو منداڵە بە ماڵپەڕی "ئیسنا"ی رایگەیاندووە، ٣ رۆژ پێش ئێـستا ئەو منداڵە بەهۆی لێدرانی دەرزی هەڵە لە ناوەندی دەرمانیی "مێهر" تووشی مردنی مێشک هات کە پاش راگواستن بۆ نەخۆشخانەی شاری ئیلام و پاش ٣ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

ئوستانی کوردنشینی ئیلام بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی ٥٧٨ هەزار و ٢١٣ کەس حەشیمەتی هەیە، ئوەش لە حاڵێکدا یە کە تەنیا ٣ پزیشکی "فوق تخصص"ی منداڵان لەو ئوستانەدا کار دەکەن.

لە كوردستان بەهۆی هەڵە و نەبوونی ئیمكاناتی پێویستی پزیشکی رێژەی گیان لەدەست دانی منداڵان و ژنانی دووگیان رووی لە زیاد بوون کردووە.