حەفتەی چوارەمی مانگی بانەمەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبەستی هەرچی زیاتر ئاشکرا کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هەر ٢ حەفتە جارێک راپۆرتێک لە ژێر ناوی "روانگەی حەفتە" لەسەر پێشێلکاریی مافی هاووڵاتیانی کورد بڵاو دەکاتەوە.

کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران و هاووڵاتییانی مەدەنی

کوژرانی کۆڵبەرێک لە پیرانشار

ئێوارەی رۆژی شەممە رێكەوتی ٢١ی بانەمەڕ سەید چیا پەرهیزكار تەمەن ٣٠ ساڵ، كوڕی سەید محەممەد و خەڵكی ئاوایی "تركەش"ی سەر بە ناوچەی بەری مێرگانی پیرانشار بەتەقەی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران كوژرا.
ئەو كۆڵبەرە كوردە لەشوێنێک بەناوی "مێرگژان"یسەربە پیراشار كەوتۆتە بۆسەی هێزەكانی نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران و لەئەنجامدا گیانی لێ‌ ئەستێنراوە.

یەكێک لەنزیكانی بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرە کوردە راگەیاندووە، ناوبراو تەنیا بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی رووی لە کاری سەر سنوور کردووە و ئەو كارەش لەئەنجامدا بە نرخی لەدەستدانی گیانی تەواو بووە.

کوژرانی کۆلبەرێکی دیکە لە ناوچەی ورمێ

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ کۆڵبەرێکی کورد بەناوی "سادق شێخی" تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی "نایفت"،لەلایەن هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە پایەگای "مەیدان"ی ناوچەی "ورمێ"ـوە تەقەی لێکراوە لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو کۆڵبەرە کوردە خەڵکی گوندی "فەزیان"ی سەربە ناوچەی "برادۆست"ی ورمێ بووە و ساڵی رابردووش لەهەمان شوێن بەدەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کرابوو، کە پاش ساڕێژ بوونەوەی برینەکانی، بەهۆی هەژاری و دەستکورتییەوە سەر لەنوێ رووی لە کۆڵبەری کردبوویەوە.

برینداربوونی کاسبکارێکی کورد لە ناوچەی بانە

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاسبکارێکی کورد خەڵکی ناوچەی بانە بەناوی "ئازاد سووراوی" کە بە ماشێنەکەی لە حاڵی گەڕانەوە بۆ ماڵەوەدا بووە، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی شاری بانەوە تەقەی لێکراوە و لە ئەنجامدا بە توندی بریندار بووە و ماشێنەکەشی زیانی بەرکەوتووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئازاد سووراوی لە کاتێکدا رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەی لێکراوە، کە ناوبراو هیچ جۆرە بار و کەلوپەلێکی پێ نەبووە و تەنیا لە حاڵی گەڕانەوە بۆ ماڵەوەدا بووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کاسبکارە کوردە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری بانە کراوە و هەتا ئێستا لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

کوژران و بریندار بوونی ٥ هاووڵاتیی کورد لە باکووری ئێران

رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ ٥ هاووڵاتیی کورد لە شاری "ساری"ی سەربە ئوستانی مازندەران بەبێ هیچ هۆکارێکی روون، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا ٣ کەسیان کوژراون و ٢ کەسی دیکەشیان بەتوندی بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: یەکێک لەو هاووڵاتییانە ناوی "عەبدوڵڵا مەعرووفی" و خەڵکی شاری سەقز بووە و شەوی سێشەممە لە شاری سەقز ئەسپەردەی خاک کراوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە بەبێ هیچ هۆکارێکی روون لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەیان لێکراوە

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناسنامەی ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ و پاوە نەزانراوە.

هەروەها رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ بانەمەڕ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نێوان جادەی ساوە _ تاران، تەقەیان لە ماشێنی کاسبکارێکی کوردی خەڵكی شاری پاوە بەناوی "نەبی عەبدوڵڵاهی" کردبوو کەلە ئەنجامدا ببوە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەر لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا ٢ دیکە بەناوەکانی "ساڵح ساڵحی‌فەڕ" تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵكی گوندی "سەركڕان" و مەهدی عەبدوڵڵاهی خەڵكی گوندی "بانەوەڕ" بە توندی بریندار بوون.

٢ هاووڵاتیی مەریوانی بەدەستی هیزە ئینتزامییەکان بریندار بوون

هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٢ هاوولاتیی "مەریوان"یان داوەتە بەر دەستڕێژی چەکەکانیان و لە ئەنجامدا بە توندی بریندار بوون.

پاشنیوەڕۆی رۆژی ١٥ی بانەمەڕ، "حەبیبوڵڵا محەممەدی" و "بێهرووز لوتفی" ٢ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان کە لە حالی گەڕانەوە بۆ شاری مەریواندا بوون، لە یەکێک لە بازگەکانیحکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوڵڵە و ١٦ فیشەکیان بەر کەوتووە.

لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژییەدا "حەبیبوڵڵا" ٩ فیشەک و "بێهروز"یش ٧ فیشەکی بەرکەوتووە و بەو هۆیەوە هەنووکە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئیستا،٣ هاوولاتیی خەڵکی شاری پاوە لە جادەی نێوان ساوە – تاران لەلایەن هێزە نیزامییەکانی عکوومەتی ئیسلامییەوە تەقەیان لێکرابوو کە لە ئەنجامدا کەسیکیان کوژرابوو و ٢ کەسیشیان بریندار ببون.

بە تاڵان‌بردنی کەلووپەلی کاسبکارانی کورد لە شاری نەوسوود

رێكەوتی ١٩ی بانەمەڕ هێزە ئینتزامییەكان رژاونەتە نێو گوندی تەشار"ی سەربە شاری نەوسوود و دەستیان بەسەر كەلوپەلی هاووڵاتییەک بە ناوی " عەبدول رەحیمی"دا گرت.

شایەتحاڵێک بە ئاژانسی كوردپای راگەیاند، ئەو هێزانە بەبی مۆڵەتی دادگا دەرگای ئەنباری ماڵی هاووڵاتییەکیان بەناوی "ئیمام سادقی" شكاندووە وبڕی ١٠٠ هەتا ١٥٠ میلیۆن تمەن شتومەکی ئەو کاسبکارە کوردەیان زەت کردووە.

لەلایەکی دیکەوە رێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ هێزەکانی جێگیر لە گروهانی نەوسود چووبوونە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بەناوی "نەزیف ئەحمەدی" خەڵکی گوندی "تەشار"ی سەربە شاری نەوسوود و بە بڕی ١٠٠ میلیۆن شتوومەکی ئەو کەسەیان زەوت کردبوو.

پێشتریش لە رێكەوتی ٨ی خاكەلێوەی ئەمساڵدا هێزە ئینتزامییەكان لە گەندی تەشار و دەستیان بەسەر ژمارەیەک كەلوپەلی هاووڵاتییەك بە ناوی " محەممەد تاهیر تەشاری" دا گرتبوو.

تەقە کردن لە کاسبکارانی کورد و بە تاڵان‌بردنی کەلووپەلەکانیان

رۆژی دووشەممە ریکەوتی ١٦ بانەمەڕ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نزیک گوندی "مەزناوێ"ی سەربە ناوچەی ئالانی سەردەشت تەقەیان لە ماشێنی کاسبکارێکی کورد بەناوی "عومەرە رەش" کردووە و زیانێکی بەرچایان بە ماشینی ناوبراو گەیاندووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: لە ئەنجامی زەبر و زەنگی هێزە نیزامییەکان بۆ سەر ئەو کاسبکارە کوردە، هاووڵاتییانی گوندی "مەزناوێ" بەهانای ئەو کاسبکارە کوردەوە چوون و لە ئەنجامدا گرژی هاتۆتە ئاراوە.

هەروەها رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای گوندی "گەشکی"ی سەربە شاری کامیارن تەقەیان لە ماشێنی کاسبکارێکی کوردی خەڵکی ئەو شارە بەناوی " ب. ئەلف" کردووە و وێڕای زیان گەیاندن بە ماشێنەکەی، دەستیان بەسەر کەلوپەلەکەشیدا گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: کەلووپەلی ئەو هاووڵاتییە کوردە زیاتر لە ١٥٠ میلیۆن تمەن مەزندە کراوە کەلەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی هەینی رێکەوتی ١٣ی بانەمەڕ، هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای مەلەندووی سەربە بەخشی نەوسوود، تەقەیان لە ماشێنێکی کاسبکارێکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری پاوە کردووە و وێرای زیان گەیاندن بە ماشێنەکەی، سەرجەم شتومەک و کەلوپەلەکەشیان زەوت کردووە.

ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کورد لە نێوان جادەکانی کوردستان و شارەکانی دێکەی ئێران لەلایەن هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ژێر ناوی "هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ" تەقەیان لێ دەکرێت و دەکوژرێن.

ئەوەش لە کاتێک دایە کە کاسبکارانی کورد تەنیا بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانی بنەماڵەکانیان روویان لەو پیشە پڕ مەترسییە کردووە.

دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی بانەمەڕ ٣ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری روانسەر بەهۆیەکی ناڕوون لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

ناوی ٢ کەس لەو دەستبەسەر کراوانەی شاری روانسەر "عادڵ مورادی" تەمەن ٢٧ ساڵ و کوڕی ئەسەد و "نەعمان مەنووچێهری" راگەیەندراوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ناوی ئەو کەسەی دیکە نەزانراوە.

هەروەها رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١١ی بانەمەڕ ٥ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە کەکەسێکیان ژن بووە، لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

ناوی ٤ کەس لەو دەستبەسەر کراوانە "فه‌ردین قادری، ئارام زه‌ندی، شاپوور حوسێنی‌ و جه‌لیل محه‌ممه‌دی راگەیەندراوە و دەگوترێ ئەو ٤ کەسە لە چالاکانی کرێکاریی شاری سنە بوون.

یەکێک لە دەستبەسەر کراوەکان شۆفیر تاکسیی هەڵگری ئەو ٤ کەسە بووە کە دواتر لکەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە ئازاد کراوە، بەڵام هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیران و ئەو ٧ کەسەی دیکە نەزانراوە.
هاووڵاتییەکی پاوەیی پاش بریندار بوون بەدەستی هێزە نیزامییەکان، دەستبەسەر کرا

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری پاوە پاش تەقە کردن لە هاووڵاتییەکی کورد، ئەو هاووڵاتییەیان بریندار و دەسەتبەسەر کرد.

مەهدی عەبدوڵڵاهی خەڵکی گوندی "بانەوڕە"ی سەربە شاری پاوە بووە کە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئسلامیی ئێرانەوە بریندار و دواتریش دەستبەسەر کراوە و هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بۆ ئازادیی ئەو هاووڵاتییە کوردە داوای دانانی ١ میلیارد تمەن بارمتەیان کردووە.

رۆژی شەممە رێکەوتی ١٤ بانەمەڕ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نێوان جادەی ساوە _ تاران، تەقەیان لە ماشێنی کاسبکارێکی کوردی خەڵكی شاری پاوە بەناوی "نەبی عەبدوڵڵاهی" کردبوو کەلە ئەنجامدا ببوە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەر لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا ٢ دیکە بەناوەکانی "ساڵح ساڵحی‌فەڕ" تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵكی گوندی "سەركڕان" و مەهدی عەبدوڵڵاهی" خەڵكی گوندی "بانەوڕە" بە توندی بریندار بوون.

تەقە کردن لەو هاووڵاتییانە لە حالێک دابووە، کە هیچ شتومەک و کەلووپەلێکیان پێ نەبووە و هێزە نیزامییەکان سەرەڕای کوشتن و بریندار کردنی ئەو هاووڵاتییانەش، دەستیان بەسەر ماشینەکەشیاندا گرتووە.

دەستبەسەر کردنی پاریزەرێکی کوردی خەڵکی ورمێ

رۆژی پینج‌شەممە رێکەوەتی ١٨ی بانەمەڕ مەسعوود شەمس نژاد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر رەوانەی گرتووخانەی ورمێ ‌كراوە.
هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هۆكاری دەستبەسەركرانی ئەو پارێزەرە كوردە نەزانراوە.

ئەو پارێزەرە کوردە یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی پەیام نوور و ئازادی شاری "ورمێ" بووە و ناوبراو ل ەو زانکۆیانەدا وانەی ماف گوتۆتەوە.
مەسعوود شەمس نژاد پارێزەری دۆسیەی حەبیبوڵڵا گوڵپەری پوور، زیندانی كوردی بەئیعدام مەحكووم كراوە کە چەند رۆژ پێش ئێستا لە زیندانی سیمنانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی مەهاباد و دواتریش بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ راگوێزراوە.

حەبیبوڵلا گوڵپەری پوور سالی ١٣٨٦ی هەتاوی لە شاری مەهاباد دەستبەسەر و بەتاوانی هاوکاری و ئەندامەتی لەیەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیتسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بە ئیعدام مەحکووم کراوە و ئەو حوکمەش لە دیوانی بەرزی وڵاتی ئێراندا پشتڕاست کراوەتەوە.