ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی پێکدانێکی چەکداری لە نێوان دەستەیەک چەکداری نەناسراو و هێزەکانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ٢ کەسی سەربە سپای پاسداران کوژران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕ لە بەرزاییەکانی چیای "نێو کێل" و "هەڵاڵاویە" لە پشت گوندی "مێرگە پیرکێ" ناوچەی رەبەت شەڕ و پێکدادانی چەکداری هاتۆتە ئاراوە.

بە وتەی چەند سەرچاوەیەکی خۆجێی، لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا ٢ کەسی سەربە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەناوەکانی حه‌مه‌خان و كامیل شه‌مسی كوڕی حاجی ئه‌حمه‌دی نێزێ کوژراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە،هیچ لایەن ناوەندێکی حکوومەتی و نیزامیی ئێران هەواڵی کوژرانی ئەو ٢ کەسەی پشت‌راست نەکردۆتەوە.