ئاژانسی کوردپا: یەکەمین وەرزنامەی ٥ زمانەی زانستی تایبەت لە زانکۆی مەدەنیی ئازەربایجان "تەورێز" چاپ و بڵاو کرایەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خوێندکارانی کوردی زانکۆی مەدەنیی ئازەربایجان پاش هەوڵ و ماندوو بوونی بەردەوام، توانیان یەکەمین وەرزنامەی "کوردی، فارسی، عەرەبی، تورکی و ئینگلیزی" بەناوی "واژۆ" لە سەرجەم زانکۆکانی ئێراندا چاپ و بڵاو بکەنەوە.
بەرپرسی گشتیی ئەو وەرزنامەیە لە ئەستۆی "مەولوود خوانچە زەرد" خەڵکی شاری بۆکان و هەروەها سەرنووسەریی ئەو وەرزنامەیە لە ئەستۆی "هاشم زیا" خەڵکی شاری شنۆیە.
چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەم وەرزنامەیە بە دەسکەوتێکی مەزن بۆ خوێندکارانی کورد لە مێژووی رۆژنامەنووسیی کوردستان و ئێران دێتە ئەژمار کەلە بواری زمان و ئەدەبیاتی سەرجەم نەتەوەکانی دیکەی ئێران بەشێوەی توێژینەوەیی - زانستی و ئەکادیمیدا بە ئاکام گەیشتووە.
وەرزنامەی واژۆ لە ٣ بواری "ئەدەبیاتی بەراوردکاری، رەخنەی ئەدەبی و زمانناسی" بەشێوەی زانستی و توێژینەوەیی لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستای وەک: خاتوو دوکتور حاجیزادە،" و هەروەها چەندین خوێندکاری تورک، کورد، فارس، عەرەب لە قۆناغەکانی "کارناسیی باڵا و دوکتورای داوەری"دا چاوەدێری دەکرێت.

خوێندکارانی کوردی زانکۆی مەدەنیی تەورێز ئامانجی خۆیان لە بڵاو کردنەوەی ئەو وەرزنامەیە لێکنزیکبوونەوە، پێکەوە سازانی نەتەوە جیاجیاکانی ئێران لە چوارچێوەی ئەدەبیات و فەرهەنگدا راگەیاندووە.
ئەو خوێندکارانە لەسەر ئەو باوەڕەن کە باشترین رێگەی لێکنزیکبوونەوە و پێکهێنانی یەکییەتی نێوان نەتەوەکانی ئێران لە فەرهەنگ و ئەدەبیات و دۆزینەوەی خاڵەهاوبەشە فەرهەنگییەکاندا بەدی دێت.
"هاشم زیا" بۆ هەرچی زیاتر پڕ نێوەرۆک بوونی وەرزنامەی زانستیی "واژۆ" داوای لە سەرجەم مامۆستایان و توێژەرانی زمان کردووە، هاوکاریی بکەن.





