ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٢ کەسیان لە مامۆستایانی قوتابخانەی ناوەندیی شاری "حەویزە" لە ئوستانی خوزستان دەستبەسەر کرد.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا: لە کۆتایی حەفتەی رابردوودا ٢ کەس لە مامۆستایانی قوتابخانەی ناوەندیی شاری "حەویزە" بەناوەکانی "محەممەد مەرمزی" و " ناجی غابش" لەلایەن هێزە ئیمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

محەممەد مەرمزی تەمەن ٣٥ ساڵ و کوڕی عەمار، خاوەن بڕوا نامەی کارناسیی ئەدبیاتی عەرەب و خەڵکی شاری حەویزە و هەروەها "ناجی غابش" تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "مالکیە"ی سەربە خەفاجیەی "سوسەنگرد" بوون.
لە لایەکی دیکەوە "کەریم دەحیمی" چالاکێکی مافی مرۆڤی عەرەب راگەیاندووە کە لەم دواییانەدا، زیاتر لە ١٧٠ کەس، لە شارەکانی ئەهواز، خوڕەمشار و ناوچە عەرەبشینەکانی باشووری ئێران دەستبەسەر کراون.
دەستبەسەر کرانی ئەو هاووڵاتییانە لەبەربەری هەشتەمین ساڵڕۆژی ناڕەزایەتیی بەرینی هاووڵاتیانی عەرەب لە شارەکانی سەربە ئوستانی ئەهواز هاتووەتە ئاراوە.





