حەفتەی دووەمی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٢
ئاژانسی کوردپا بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان, هەموو حەفتە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام دەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو مێدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

لە راپۆرتی ئەم حەفتەیەدا خۆکوژی ژنێک لە پیرانشار و وتوێژ لەگەڵ یەکێک لە چالاکانی ژنان لە پەیوەندی لەگەڵ خۆکوشتن، کوژرانی کچێک بەدەستی براکەی خۆی لە ئوستانی گوڵستان و ئازادیی ٢ خوشکی پەیڕەوی مەزهەبی بەهایی و دانیشتوی شاری مەشهەد، دەخرێتەو ڕوو.

کوردستـــــــــــان

ژنێکی تەمەن ٣٨ ساڵ لە پیرانشار بەهۆیەکی ناڕوون خۆی هەڵواسیوە و لە ئەنجامدا کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٦ی خاکەلێوە ژنێک بەناوی "مەعسوومە" تەمەن ٣٨ ساڵ بەهۆیەکی ناڕوون لە ماڵی خۆیان دەستی داوەتە خۆکووژی و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

نەسرین هاوسەری "عەبدوڵقادر داسە" و خاوەنی ٣ منداڵ بووە.
هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو ژنە تووشی نەخۆشی خەمۆکی هاتبوو، بەڵام هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری خۆکوژیی ناوبراو نەزانراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوەی ١ ساڵی رابردوودا ٤٠ ژن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٥ حاڵەتیان لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە بووە.

ئاژانسی کوردپا بۆ زیاتر تاوتوێ کردنی ئەم مەسەلەیە، لەگەڵ یەکێک لە چالاکانی ژنان لەسەر هۆکارەکانی خۆکوشتن و رێکارەکانی بەرنگاربوونەوەی ئەم یاردە کۆمەڵایەتییە لە کوردستان، دیمانەیەکی کورتی لەگەڵ " سەحەر دیناروەند" پێک هێناوە کە لێرەدا دەخرێتە ڕوو.

چوونەسەرێی ئاستی زانیاری و تێگەیشتنی ژنان و هەروەها ئاشنا بوون بە مافەکانیان، زیادبوونی رێژەی خۆکوشتنی ژنانی لێکەوتۆتەوە.

سەحەر دیناروەند

سەحەر دیناروەند: بەداخەوە لە سەرێ بوونەی ئاماری خۆکوشتنی ژنان و کوژرانی ژنان، دەرخەری کارەساتێکی هەژێنەرە لە کوردستانی ئێران.

ئاسایی بوونەوەی ئەم مەسەلەیە لە نێوان ئێمەدا، لەبەر چاو نەگرتنی کوژران و خۆکوژیی ژنان، خەسارێکی قورسی بۆ کۆمەڵگە دەبێت و کە بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێتەوە.

لەم رووەوە، بژار کردنی خۆکوژی، بە تاکە رێگەی دەرباز بوون لە کێشە و گرفتەکان دەزانن و لەم نێوانەدا خۆسووتاندن وەک باوترین شێوەی کۆتایی هێنان بەژیانی خۆیان کەڵکی لێ وەر گیراوە و ژنان ویستوویانە بەم شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر ژیانی ناعادڵانەدا دەببڕن کە بە بڕوای من "خۆسووتاندن" شێوەیەک لە تۆڵە ئەستاندنەوەی تێدا حەشار دراوە.

من هۆکارێکی دیکەی لەسەرێ بوونی ئاماری خۆکوشتنی ژنان بۆ تێگەیشتن و ئاشنا بوونی ژنان بە مافەکانیان لە نێو کۆمەڵگەدا دەگەڕێنمەوە چونکە لە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی و پیاوسالاردا و مافەکانی ژنان بە فەرمەی ناناسرێت و لەبەر چاویان ناگیرێن.

هەروەها نەبوونی یاسایەک کە پشتگیریی ژنان بکات کە دەبێتە هۆکاری ئەوەی ژنان هەست بە تەنیایی بکەن و توانایی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕیان نامێنێت و لە ئەنجامدا لە ناوبردنی خۆیان وەک تاکە رێگەی رزگاریی خۆیان، دەگرنە بەر.

هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە بۆ هەموو کەس روون و ئاشکرایە و فەرهەنگی خێڵەکی، داب و نەریتی عەشیرەیی، مەزهەب، پیاوسالاری، نەبوونی یاسایەک لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ، نەبوونی رێکخراو یان ناوەندێکی دەوڵەتی کە لە ئەگەری بەرەوڕوو بوونەوەی ژنان لەگەڵ هەر کێشەیەک، پشتگیریی ژنان بکات.

لە کۆمەڵگەی نەریتی و خێڵەکیدا تەواوی کردەوە و هەڵسووکەوتی ژنان، دەبێتە ئابڕووی بنەماڵە و ژنان بە نامووسی پیاوان ئەژمار دەکرێن و پیاوانیش بە پاریزەرانی ئەو ئابڕوو و نامووسە دێنە ئەژمار، کەوابوو بۆ پاراستنی ئەم ئابڕووە ئێزنی ئەنجام دانی هەر چەشنە جینایەتێکیان پێ دراوە و هەیە.

ئازادیی ژنان ئازادیی کۆمەڵگەیە

هەر چەندە دیاردەی خۆکوژی تایبەت بە کۆمەڵگەیەک نەبووە و لە هەموو وڵاتانی دونیادا باوە، بەڵام لە کوردستان بەهۆی ئەمنیەتی بوون و خێڵەکی بوونی شیرازەی کۆمەڵگە، رێگەکانی بەرنگاربوونەوەیان بەڕووی چالاکانی ئەم بوراەدا داخستووە.

سەحر دیناروەند لەم پەیوەندییەدا دەڵێت: لەسەر ئەم دیاردەیە زۆر باس کراوە و لەلایەن چالاکانی ژنانەوە چەندین کۆنفڕانسی تایبەتی بەڕێوەچووە، کۆمەڵێک وتار و بابەتی فرە چەشن نوسراون کە ئەم دیاردەیە بە بەردەوامی مەحکووم کراوە و بە دڵنیاییەوە لە بە ئاگا هێنانەوەی خەڵکدا کاریگەریی باشی هەبووە، بەڵام هەتا ئێستا توانیویەتی چ رێژەیەک لە خۆکوژیی ژنان کەم بکاتەوە.

بە داخەوە ئامارەکان باس لە راستییەکی تاڵ دەکەن کە پێویستە چالاکانی ژنان رێکارێکی نوێ بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە بگرنە بەر و بکرێتە بەرنامەی کاریی خۆیان.

هەڵبەت رێکارێکی تایبەتی و کامڵ بۆ لە ناو بردنی خۆکوژی، بوونی نییە و ئەم دیاردەیە لە هەموو جیهاندا بوونی هەیە، بەڵام دەکرێ بۆ کەم کردنەوەی هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ.

ئێــــــــــران

کوژرانی کچێک بەدەستی براکەی خۆی

لە یەکێک لە گوندەکانی سەربە ئوستانی گوڵستان لە باکووری ئێران و لەماوەی رۆژانی پشووی نەورۆزدا، کچێکی لاو بەدەستی براکەی خۆی گیانی لێ ئەستێندرا.

لەم رووداوەدا "ز . م" کە تەمەنی ١٨ ساڵ بووە بە زەبری چەقۆ لەلایەن براکەی خۆیەوە کوژرا.

شایەتحاڵان رایانگەیاندووە، ئەم رووداوە کە رۆژی پێنچ‌شەممە رێکەوتی ٨ی خاکەلێوە و لە گوندی "لیوانیی رۆژئاوا" هاتووەتە ئاراوە، بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە بووە.

وتەبێژی ناوەندی رووداوەکان و فریاکەوتنی پزیشکیی مازندەران رایگەیاندووە: ئەم کچە ملی بە چەقۆ بڕدراوە و بەهۆی قووڵیی برینەکەیەوە پێش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

٢ خوشکی پەیڕەوی مەزهەبی بەهایی بەدانانی بارمتە ئازاد کران

نیکا خولوسی و نەوا خولوسی

٢ هاووڵاتیی بەهایی کە لە زیندنای "وەکیل ئاباد"ی مەشهەد لە زینداندا بوون، پاش ١٨٥ رۆژ راگیران لە زیندان، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کران.

"نیکا خولوسی" هاووڵاتیی بەهایی و دانیشتووی مەشهەد، لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٥ی رەزبەری ساڵی ٩١ لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا.

مەئموورانی ئیتلاعاتی مەشهەد، لەو رۆژەدا چووبوونە ماڵی "نیکا خولوسی" و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر و کۆمەڵێک کەلوپلی شەخسیی ناوبرایشدا گرتبوو.

هەروەها "نەوا خولوسی "خوشکی "نیکا خولوسی"ش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر و رەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەشهەد کرابوو.

ئەو ٢ هاووڵاتییە بەهاییە هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەن و بەگشتی بەدانانی ٦٠٠ میلیۆن تمەن لە رۆژی شەممە و لە رێکەوتی ١٠ی خاکەلیوەی ئەمساڵدا لە زیندانی "وەکیل ئاباد"ی مەشهەد ئازاد کران.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
هەواڵدەریی هێرانا
هەواڵدەریی فارس