ئاژانسی کوردپا: نەبوونی پزیشک و کادری دەرمانی لە نەخۆشخانەی شارەکانی ئوستانی کرماشان، ناڕەزایەتیی بەرینی هاووڵاتییانی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەهۆی نەبوونی پزیشک و کادری دەرمانی لە نەخۆشخانەکانی ئوستانی کرماشان، هاووڵاتییان و موسافیرانی نەورۆزی بەناچاری روویان لە ئوستانەکانی دەوروبەر و کوردستان کردووە و ئەمەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی بەدواوە بووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە رێژەیەکی بەرچاو لەهاووڵاتییان سەردانی دەفتەری "نێعمەتوڵڵا مەنوچێهری" نوینەری خەڵکی شارەکانی "پاوە، جوانڕۆ و روانسەر"یان لە مەجلیسی ئێران کردووە وێڕای تۆمار کردنی سکاڵا، خوازیاری بەدواداچوون و پێڕاگەیشتن بە دۆخی هەنووکەیی نەخۆشخانەکان بوون.

ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە نەخۆشەکان و ژنانی دووگیان لە ئێران، بەهۆی نابەرپرسیارەتیی ناوەندە پزیشکییەکان و کەمیی دەوا و دەرمان و نەبوونی کادری دەرمانیی شارەزا و پسپۆڕ، بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە و گیانیان لەدەست ئەدەن، کە ئەو مەسەلەیە لە ناوچە کوردنشینەکاندا چەندین بەرابەر زیاترە.

هەرلەو پەیوەندییەدا رێکەوتی ١٨ی رەشەممە هاووڵاتییەک بەناوی "فەتاح" بەهۆی کەمیی ئیمکاناتی پزیشکی و کادری شارەزا و پسپۆڕ لە نەخۆشخانەی شاری سەوڵاوا ژیانی خۆی لەدەست دا.