ئاژانسی کوردپا: کورتە فیلمی دەرهێنەرێکی کورد لە تاران، شانازی وەرگرتنی خەڵاتی فێستیڤاڵە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکانی پێ بەخشرا.

هەواڵدەریی کاری ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کورتە فیلمی "چیدن سپیدە دم" لە نوسین و دەرهێنانی "تەیموور قادری" خەڵاتی یەکەمی حەوتەمین فێستیڤاڵی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی "پەروین ئێعتسامی" بەدەست هێنا.

ئەو کورتە فیلمە لە ماوەی ١٥ خولەکدا پرژاوەتە سەر ژیان و بەسەرهاتی منداڵێکی گوندنشین کە بۆ دۆزینەوەی هاوڕێ بەرەوڕووی کۆمەڵێک کێشە و ئاریشەی جۆراوجۆر دەبێتەوە.

فیلم هەڵگرتنەوەی ئەو بەرهەمە لە ئەستۆی "سامان حوسێن‌پوور" و هەروەها "مەتین عێبادی"، "قانع قادری" و "عەتا قادری" وەک ئەکتەر لەو کورتە فیلمەدا رۆڵیان بینیوە.

ئەو فیلمە پێشتریش ٩ خەڵاتی لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا بە دەست هێنابوو.
تەیموور قادری ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی لە شاری کامیاران لە دایکبووە و خوێندنی لە بواری دەرهێنەری و فیلمنامە نووسیدا لە زانستگەی "دارالفنون" تەواو کردووە.