ئاژانسی کوردپا: حەوتەمین فێستیڤاڵی سەرتاسەریی مۆسیقای بەیت و حەیران بە بەشداریی ٢٥٠ هونەرمەند لە ٢٤ پارێزگای ئێرانەوە لە شاری سەردەشت دەستی بە کارەکانی کرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو فێستیڤاڵە لە شاری سەردەشت و بۆ ماوەی ٣ رۆژ بە مەبەستی ناساندن و زیندوو راگرتنی مۆسیقای رەسەنی ئێرانی و پەیوەندی فەرهەنگی لە نێوان هەموو نەتەوەکانی ئێران هەتا ١١ی خەزەڵوەر بەردەوام دەبێت.

لە حەوتەمین فێستیڤاڵی سەرتاسەریی بەیت و حەیرانی سەردەشت، ١٥٧ بەرهەمی تاکەکەسی و ٣٢ بەرهەم بە شێوەی کاری گرووپی بەشدارییان کردووە و لە ماوەیەدا بە شێوەی زیندوو بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن و لە کۆتاییدا بەرهەمە سەرکەوتووەکانی فێستیڤاڵ خەڵات دەکرێن.

لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی پێداگریی بەردەوامی چالاکانی فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبی ساڵانە چەندین فێستیڤاڵی گرینگ بەڕێوە دەچن، کە گرینگترینیان بریتین لە: "فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی مەریوان، فێستیڤاڵی شانۆی کوردی سەقز، فێستڤاڵی چیرۆکی سەرانسەریی ئێران لە بانە، فێستیڤاڵی بەیت و حەیران لە سەردەشت، فێستیڤاڵی شێعری هاوچەرخی کوردی لە پیرانشار و هەروەها فێستیڤال و چالاکیی بەربڵاوی هونەرمەندان و سینەماکارانی لاو".