ئاژانسی كوردپا: بەپێی زانیاری و سەرچاوە ناوچەییەكان ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنیەتییەكانی حكوومەت لە شاری سەوڵاوا زەخت و گوشاریان خستۆتە سەر چوار بنەماڵەی گوندێكی سەر بەو شارە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گوندی "دەرەكێ"ی سەر بە بەخشی ناوەندیی شاری "سەوڵاوا" بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، ماوەیەكە ئیتلاعاتی شاری سەوڵاوا زەخت و گوشاری خستۆتە سەر 4 بنەماڵەی دانیتشووی ئەو "گوندە" و ئەمەش بۆتە هۆی ترس و دڵەڕاوكێی ئەو بنەماڵانە.

ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت وتیشی:"ئیدارەی ئیتلاعات بەو 4 بنەماڵەیەی راگەیاندووە كە دەبێ‌ ئەوان ئاگاداری رەوشی ژیانی كەس‌وكارەكانیان بن كە نیشتەجێی هەندەرانن و داوای پێدانی زانیارییان لێكردوون".

هەركام لەو بنەماڵانانە چەندین منداڵ و كەس‌وكاریان بەهۆكاری جۆراوجۆر وڵاتیان بەجێ‌ هێشتووە و لە وڵاتە ئورووپاییەكان نیشتەجێن.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوش دا "كە ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنیەتییەكان زەخت و گوشاریان بۆ خەڵك و بەتایبەت كاسبكار و كۆڵبەرانی دانیشتووی ئەو گوندە هێناوە و پێیان راگەیاندوون كە هەر رووداوێك لەو سنوورە روو بدات ئەوان بەرپرسیارن".

دانیشتوانی ئەو گوندە لەو باوەڕە دان "ئەم كارەی ناوەندە ئەمنیەتییەكان پێشی بە كار و كاسبیی خەڵكی ئەو گوندە گرتووە و تەنیا رێگای بژیوی ژیانیان كە كاسبی و كۆڵبەرییە، خەریكە پێشی پێدەگیرێت".