کۆماری ئیسلامی و بەردەوامبوونی تاڵانکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

12:40 - 27 بەفرانبار 2712
Unknown Author
ئارام موردای

لە هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەرایەتی خومەینی و دواتر لە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم ڕێژیمەدا، بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی لەگەڵ دژایەتی سیاسی ئەم نەتەوەیە بووەتە پلانی کۆماری ئیسلامی و هەر بۆیەش بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دراوە نەتەوەی کورد و ئابووری کوردستان بە سەرخان و ژێرخانیەوە بڕووخیت و نەوەی نوێی کورد لە داهاتوودا تووشی تەنگ و چەڵەمی بێ دەرەتان ببێتەوە.

ئاسەواری مێژوویی قەڵایچی و دزینی زێڕ، زێو و تابڵۆ نەخشدارەکانی دەسەڵاتداری \"ماناکان\" لە سەر دەستی پاسداری پلەدار ڕێژیم کە ناسرابوو بە \"شەمس\" لە شاری بۆکان و دواتر گەڕان بە دوای ئاسەوەردا لە لایەن یاسر کوڕێ هاشمی ڕەفسنجانی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێک بوون لە هەوڵەکانی ڕێژیم لە بواری تێکدانی مێژووی نەتەوەی کورد، داوبەدوای ئەم هەوڵەش پێڕانەگەیشتنی ڕێژیم بە گرفتی جووتیارانی کورد لە گوندەکانی کوردستان و قەرەبوو نەکردنەوەی زەرەر و زیانی ویشکەساڵی و کەم بارانی و هاوکاتیش زەقکردنەوەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بارکردنی گوندنشینان بۆ شار کە بەشێکی بەرچاوی ئەم دیاردەیە بە هۆکاری شەڕی هێزەکانی ڕێژیم لەگەڵ بزووتنەوەی کورد و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد بوو، وایکرد کە ڕەوشی کشتوکاڵ و داهاتووی ئەم پیشەیە تووشی قەیران و گرفتی جۆراوجۆر بێتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەمانەش دەرهێنانی کانزا سرووشتییەکانی کوردستان و بەتاڵانبردنی سامانی ژێر زەوی و فرۆشتنی ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ناسراوە بە هێڵی UL223 و وڵاتانی کەنداو لە ڕیگەی ئاسمانی کوردستانەوە دەتوانن سەفەر بکەن بۆ وڵاتانی ئورووپا، بەشێکی دیکە بووە لەو مامەڵانەی کۆماری ئیسلامی کە لە سەر حیسابی خەڵکی کورد ئەنجامی دەدات.

ناوچەی ئیلام و کرماشان لەگەڵ ئەوەی خاوەن سەروەت و سامانێکی زۆرە، سیاسەتی ڕێژیم تەنیا شاردنەوەی بەشێک لە بیرە نەوتەکانی ئەم دوو پارێزگایە بووە، و هاوکاتش کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەوڵیان داوە کە بە هەرزان فرۆشکردنی گاز و نەوتی ناوچە کوردییەکان، سوودێکی زۆر بڕێژنە حیسابی خۆیان و لەگەڵ ئەو هەموو تایبەتمەندییە ئابوورییەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، هەژارتر کردنی نەتەوەی کورد وەک مکانیزمی پاراستنی خۆی بە کار دەهێنیت.

لە ناوچەی ورمێ، دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری کەمتەرخەمی و لە ڕێگەی ویشککردنی ناڕاستەوخۆی گۆلی ورمێ کە لە مێژوودا بێ وێنەیە، دەریایەکی خوێ لە دوای خۆی بۆ نەتەوەی کورد جی دەهێڵێت و سرووشتی کوردستان تووشی کارەساتێک دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ناتواندرێت ئەم خەسار و برینە سارێژ ببێتەوە.