کورتە باسێک لە ساڵوەگەری گەڕانەوەی ئاخوند خومەینیدا بۆ ئێران

13:54 - 13 رێبەندان 2712
Unknown Author
تەوار شەریفی

زیاتر لە سێ دەیە لە گەڕانەوەی ئاخوند خومەینی بۆ وڵاتی ئێران و دامەزراندنی دەسەڵاتداری ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامی تێدەپەرێت، ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی، ئاخوند ڕووحوڵڵای خومەینی لە وڵاتی فەڕانسەوە گڕایەوە ئێران و لە بەهەشتی زارای تاران باسی دامەزراندنی سیستەمی دەسەڵاتداری نوێی لە پاش ڕووخانی ڕێژیم پاشایەتی کرد و دواتر لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی هەمانساڵ، شاپووری بەختیار کە وەک تاکە بریکاری حەمە ڕەزاشا بەرگری لە دەسەڵاتی داڕماوی پاشایەتی دەکرد شکستی هێنا و بەمجۆرە ئاخوند خومەینی و سەرجەم ئاخوندەکانی دیکەی حەوزەی عیلمیەی قوم وەک کوارگ لە ژێر زەوی هەڵتۆقان و بوونە هەوێنی درووستکردنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران.

لە ئێستادا و لە دوای ٣٤ ساڵ تێپەڕبوون بە سەر ئەم ڕۆژەدا، کۆمەڵێک ڕووداوی جیاجیای دیکە لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا دەقومێت کە پێویستە بە ئاوڕدانەوەی خێرا و هەڵسەنگاندنی هێندێکیان کارنامەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

لە قۆناغێکدا خومەینی و ئاخوندەکانی دیکە باسیان لە دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ کرد کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی پاشایەتی بە هۆکارگەلی دەرەکی و ناوخۆیی چیدی نەیاندەتوانی خۆیان لە بەرانبەر شەپۆلی داواکاری و ناڕەزایەتی خەڵک لەهەمبەر خۆیان ڕاگرن و هەر بۆیەش هەڵاتنیان لە مانەوە لە کورسی دەسەڵات پێ باشتر بوو، لەوەها باروودۆخێکدا چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران لەگەڵ ئەوەی دەیانهەویست نیزامی شایەتی بڕۆخێنن بەڵام نەیاندەتوانی سیستەمی داهاتوو بە پێوانەی سیاسی و لە ئاستی تێگەیشتوویدا بۆ وڵات دیاری بکەن و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش هەر یەکەیان سەرقاڵی تواندنەوەی لایەنێکی دیکەی بەرانبەری خۆیاندا بوون و هێندێکیشیان فریوی قەول و بەڵێنیەکانی خومەینی دەخۆن و لە پاڵەپەستۆی سیاسیدا خۆیان کەنارگیر دەکەن و بەمجۆرەش ڕاستەوخۆ ڕێگە بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی ئاخوند خومەینی خۆش دەکرێت و هاوکات لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش وڵاتانی ڕۆژئاوا بە بەستنی پەیمانی گوادالۆپ باسی ئالترناتیڤی سیاسی بۆ داهاتووی ئێران دەکەن و لەگەڵ ئەمانەش خەڵکی ئێران داوبەدوای شۆڕشی مەشرووتیەت باوەڕی سیاسی جوراوجۆریان بە خۆیانەوە دیتبوو کە نامۆیی هێندێکیان وایکردبوو بیرۆکەی مەزهەبی و ئیسلامی وەک هەمیشە لە ناویاندا سەرهەڵبداتەوە و خۆی بە سەر ئەوانی دیکەدا فەرز بکات.

خومەینی و هاوبیرانی بە سازکردنی ڕێفراندۆمی درۆینە کە تەنیا خۆیان براوەی بوون، سیستەمی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیان بە فەرمی دامەزراند و بە مەشروعیەتدان بەم کارەی خۆیان دواتر کۆماری ئیسلامیان وەک حکومەتی خودا لە سەر زەوی وەسف کرد و هەر بۆیەش ئاخوند خومەینی بووە نوێنەری خودا و هەر جۆرە ڕەخنە و بیرکردنەوەی جیاوازیش چووە ناو بازنەی داژایەتیکردنی شەرعی خودایی و بەم بیانویەش هەزاران کەسیان کوشت و بڕ کرد و ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و جودابیران لە ساڵی ١٣٦٧ و دەرکردنی فەرمانی جیهاد لە دژی نەتەوەی کورد لە سالی ١٣٥٨ و دەیان جینایەتی دیکە بەشێکن لە کارنامەی هاتنەوەی خومەینی بۆ ئێران و دەسەڵاتداری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.

هاتنەوەی خومەینی تەنیا ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو تراژێدیایەکی ترسناک بوو لە ستەمکاری و داکوتانی دیکتاتۆریەتی ئیسلامی لە ئێران و گوشاری هەمە چەشنە بۆ سەر نەتەوە بندەستەکانی ئێران و بەرتەسکردنی ئازادی بیروباوەڕی ئاسایی خەڵکی ئێران، هەر بۆیەش لە ساڵوەگەڕی گەرانەوەی خومەینیدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە چلۆن خەڵکی ئێران تووشی ئەم نەهامەتییە بوون و بەپێی کام یەک لە دەسکەوتەکانی ئاخوندەکان بۆ مێژووی سیاسی ئێران خومەینیان هەڵبژارد؟!

دیارە ئەمە خۆی لە خۆیدا هەڵگری دەیان باس و تێڕوانینە کە من نامهەوێت بە وردی باسیان بکەم، تەنیا ئەوندە دەڵێم ئەگەر خەڵکی ئێران مێژووی سیاسی خۆیان خوێندبایەتەوە و سەرنجیان دابایە بە کردەوەی ئاخوندەکان لە کاتی بە دەسەڵات گەیشتندا، و لانیکەم لە کاتی مەشرووتیەتدا ئەوە هیچ کات تووشی وەها کارەساتێک نەدەبوونە کە لەمڕۆدا بووەتە مایەی نگبەتی بۆ ژیانیان.

ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەر ساڵە و لە ساڵوەگەری هاتنەوەی خومەینی بۆ ئێران دە ڕۆژی دیاریکراو دەکەن بە جێژن و ناویان لێناوە \"دەیەی فەجر\" بەڵام لە ڕاستیدا خەڵکی ناویان ناوە \"دەیەی زەجر\"، خەڵکی ئێران و نەتەوە بندەستەکانی وەک کورد و بەلووچ و عەرەب و تورکمان، لە هاتنە سەرکاری خومەینی و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە تا ئەمڕۆ هیچ جیاوازییەک جگە لە زوڵم و ستەمی زیاتر لە سیستەمی دەسەڵاتداری ئاخوندەکان بەرانبەر بە خۆیان بەدی ناکەن و هەر دوو نیزامی پێشووی پاشایەتی و نیزامی ئێستای ئاخوندی لێیان بوونەتە دێوەزمەی داگیرکار و تەنگیان بە ژیانی ئاسایی ئەوان هەڵچنیوە.