ژنان لە ناو شورشی نوێی کورد دا

12:42 - 17 رەشەمه 2712
Unknown Author
سمکۆ بێکەس

له‌د‌وای کۆماری کوردستان ودەست پێ کردنەوەی شۆرشی نوێ ژنانیش وەک پیاوان رۆڵیکی گرینگیان بینیوە لە ناو ریزەکانی پێشمه‌رگه‌دا و هه‌رده‌م هه‌نگاویان بۆ ئازادی و یه‌کسانی هه‌ڵهێناوه‌.

بە درێژایی شورشەکانی گەڵی کورد لە سەرتاسەری کوردستانی دابەش کراودا و لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە کوردی لێ دەژی زۆرن ئەو ژنە کوردانەی کە بەشی زۆری تەمەنیان لە پێناو خەبات و شورشی ئازادی خوازانەی گەلی کورد تەرخان کردووە یان ئەو ژنانەی کە لە شورش دا چەک لە شان هاوشانی پیاوان لە مەیدانی بەرخودان لە سەنگەری بەربەرەکانی لەگەڵ دوژمنی داگیرکەری کوردستان دا بوون و هەن، تەنانەت لەو رێگەشدا زۆرن ئەوانەی کە گیانی خۆیان فیدایی ئازادی گەلەکەیان کردووە.

نابێ ئەو شێرە ژنانە لە بیر بکەین کە هەموو کات پاڵ پشتی پیاوەکانیان بوون و تا ببنە ورەو وزە بۆ خەبات و خۆراگری و ئەو ژنانەش کە هەموو کات لە خزمەتی گەل و نیشتمان دا ئامادەی هەموو کار و ئەرکێکی شورش بوون کە پێ یان سپێردرابێت.

ناکرێ رۆڵی ئەو دایکانە هیچ کات لە بیر بکرێ کە رۆڵەکانیان پێشکەش بە بارەگای خەبات لە پێناو ئازادی دا کردووە و لەو رێگەش دا کەم نین ئەو دایکانەی جگەر گوشەکانیان هەر لەو رێگەو رێبازەدا شەهید بوون.

بۆیە ژنی کورد هەردەم بە هەست بە بەرپرسایەتی کردن لە بەرامبەر روداوەکان دا هەڵوێستی گرینگی هەبووە و لە مەیدانی تێکوشان دا هەموو کات شان بە شانی پیاوان لە هەموو بوارەکانی ژیان دا و یەکێک لەوان لە ناو شورش دا ئامادە بوون.

لەم سەردەم و سەدەیە دا کە سەردەمی تەکنۆلۆژیا و زانستە ژنانیش وێڕای پیاوان لە هەموو بوارەکان دا بەرەو پێشکەوتن دەچن و زۆرن ئەو ژنانەی کە هەر ئیستا لەم سەردەمەدا پەرلەمانتاریکی بە توانان، یان دیپلوماتکاریکی شارەزا و یان سیاسەتمەدارێکی سیاسی زان و هەروەها نوسەرێکی قەڵەم رەنگینن.

زۆرن ئەو ژنانەی کە تیکوشەرێکی گرینگی ناو شۆڕشن لە بوارە جیاکان دا و هەر ئێستاش لە ناو ریزەکانی شورش دا شان بە شانی پیاوان درێژەدەری خەباتن و لە پێناو یەکسانی و مافەکانی ژنان دا تێدەکوشن و بۆ رزگاری نەتەوە ی کورد هەر دەم ئامادەی گیان بەخت کردن و قوربانی دانن.

بواری راگەیاندن و میدیا کە ئێستارۆلێکی گرینگی هەیە لە خەباتی گەلی کورد دا ژنان بە تایبەت لەو بوارەدا زۆر چالاکن چونکە راگەیاندن وایی کردووە کە دەنگی کورد لە هەموو ماڵێکی کورد و غەیری کورد دا بوونی هە بێت و لە هەواڵ و زانیاری یەکانی کوردستان و جیهان ئاگادارن بن.

هەر چەند ژنان لە لایەن رژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان بەرەورووی توندترین سزا و هەڕەشەی کوشتن بونەتەوە و به‌هه‌زاران ژنی ئازادی خواز له‌زیندانه‌کاندا توند کراون یان زینده‌به‌چاڵ کران و بە هەزارانیش دەست درێژیان کرایه‌سه‌ر و له‌سێداره‌دران بەڵام ورەی شورشگیری ژنان هەرگیز کەمی نەکردووە و ئیمانیان بە خەبات و سەرکەوتن هەموو کات زیاتر بووە.

بۆیە دەبێ ژنان بە هەست بە مەسئولیەت کردن هەر لەو مەیدان دا و بە شێوەی جوراو جورو چرتر درێژە بەو خەباتە گرینگەکەیان بدەن لە پێناو بە دەست هێنانی مافی زیاتر بۆ ژنانی کورد و لەم خەباتە نەوەستن تا مافەکانیان هەمووی بە دیی دێت.

جێگه‌ی خۆیه‌تی به‌ڕاستی و له‌دڵه‌وه‌چه‌پکه‌گولی رێزۆ و خوشه‌ویستی و سپاس بنێرین بۆ هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی که‌له‌ریزه‌کانی خه‌باتی گه‌لی کورد دا به‌شدار بوون بۆ هەموو ئەو ژنانەش کە بەردەوامن لە خەبات تا سەرکەوتن هه‌ر وه‌ها بۆ ئه‌و شێره‌ژنانه‌ی که‌رۆژێک له‌رۆژان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک کە بۆیان کرا بێت خزمه‌تیان به‌خه‌باتی رزگاری خوازانه‌ی گه‌ڵی کورد کردووه‌.

هه‌زاران سڵاو بۆ ئه‌و ژنانه‌ی که‌له‌ڕێگه‌ی ئازادی بۆ کوردستاندا گیانی خۆیان فیدا کرد
سەرکەوتوو بێ جوڵانەوەی گەلی کورد و دەستەبەر بێت هەموو مافەکانی ژنان