چالاکێکی فەرهەنگی: \"کنگرەی مترجمین کورد ایرانی\" خزمەت بە زمانی فارسی بوو+وتووێژ

19:46 - 8 رەشەمه 2713

ئاژانسی کوردپا: کۆنگرەی وەرگێرە کوردەکان لە کاتێکدا لە شاری سنە بەرێوەچوو کە باسی جیاوازی لە نێوان نووسەران و ئەدیبانی کوردی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رێکەوتی ٦ی رەشەمە کۆنگرەیەک لە ساڵۆنی سینەما بەهمەنی شاری سنە کۆنگرەیەک بۆ ئیبراهیم یوونسی و محەممەد قازی دوو وەرگێڕی کوردزمانی فارسی نووس دەستی پێکرد، کە زۆربەی چالاکانی فەرهەنگی ئەو کۆنگرەیە لە راستای هاندان و برەودان بە فەرهەنگی فارسی نووسین، لە قەڵەم ئەدەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کۆنگرەیە ٢٠٠ ملیۆن تمەن بودجەی بۆ تەرخان کرابوو، کە لە ژێر ناوی \"کنگرەی ملی مترجمین کرد ایرانی\"داو بۆ ماوەی ٣ رۆژ لە شاری سنە بەڕێوەچوو.

چالاکێکی فەرهەنگیی کورد کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەم کۆنگرەیە تەنیا خزمەت کردن بە زمانی فارسی بوو، دەنا ئەگەر ئەو کۆنگرەیە بایخدان بە ئەدەبی کوردی بێت، دەبوا کۆنگرەی لەو چەشنە بۆ مامۆستا هەژار و کوردی نووسان بەڕێوەچووبا.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە باسی لەوەش کرد، \"کۆنگرەی مترجمین کورد\" لە کاتێکدا بۆ ئیبراهیم یوونسی و محەممد قازی بەڕێوە دەچێت، کە لە ماوەی ژیانیاندا یەک وشەیان بە کوردی نەنووسیوە و تێکڕای بەرهەمەکانیان بەزمانی فارسین و تەنیا لەبەر ئەمەش بووە کە ئەم دوو کەسیان هەڵبژاردووە.

ئەو نووسەرە کوردە، ئەم هەوڵەی وەزارەتی ئیرشاد بەربەستێک لەبەردەم زمانی کوردی دەزانێ و دەشڵێت: \"ئیدارەی ئیرشاد کۆمەڵێک کەسی کردووە بە کارناسی زمان و ئەدەبی کوردی، کە ١٠٠ ساڵی دیکە خودی فارسەکان نەیاندەتوانی ئەوەندە بۆ زمانی کوردی زیانبار بن\".

ئەو چالاکە فەرهەنگییە باس لەوەش دەکات؛ حەسەن رۆحانی لە کاتێکدا پەیامی بۆ ئەو کۆنگرەیە ناردووە، کە هیچ ساڵێک لەم ٣٥ ساڵە، ئەوەندەی دەسەڵاتداریی حەسەن رۆحانی بێرێزی بە کتێبی کوردی نەکراوە و ئەوەندە کتێب رەت نەکراوەتەوە\"

\"18541.jpg\"

عەدنان بەرزەنجی، بەرپرسی ئەنستیتۆی زمانی کوردیی راژە

عەدنان بەرزنجی یەکێک لە بەشدارانی ئەو کۆنگرەیە بە هەواڵنێری کورپای راگەیاند؛ ئیبراهیم یونسی بەهۆی ئەوەی کە چەندین کتێبی لەسەر مێژووی کورد وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی، مێژووی هاوچەرخی کورد بە شێوەیەک قەرزداری ئەو نووسەرە کوردەیە.

ئەو بەرپرسەی ئەنستیتۆی کوردیی راژە گوتیشی، هەر چەند من پێموایە کە دەبوا محەممەدی قازی و ئیبرایم یوونسی بەهۆی ئەوەیکە هاوچەرخی هێمن و هەژار و قزڵجی بوون، دەبوا بە کوردی بیاننووسیبا، بەڵام باردۆخی ئەو دەمی فەرهەنگیی ئێران و کوردستان بەتایبەتی، رەنگە هۆکاری ئەوە بووبێت، کە بە کوردی نەیاننوسیبێت.

ئیبراهیم یوونسی ١٠ بەرهەمی لە زمانی فەرانسەیی و زیاتر لە ٥٠ بەرهەمیشی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە و ١٠ كتێیشی بەناوەکانی \"دایكم دوو جار گریا، گۆڕستانی غەریبان، دادە شیرین، چرۆ كردنی باخ و خەمی شەوی بێ كۆتایی\" بە زمانی فارسی نووسیوە.

یوونسی رێكەوتی ١٩ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە تاران كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی سڵێمان بەگی شاری بانە، لە زێدی خۆی بە خاک سپێردرا.

محەممەدی قازی ساڵی ١٢٩٢ لە شاری مەهاباد لەدایکبووە و لە ماوەی ٥٠ ساڵدا ٦٨ بەرهەمی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و چەند بەرهەمێکیشی وەکوو \"بیرەوەرییەکانی وەرگێڕێک\"، \"سەرگوزەشتەی وەرگێرانی من\" و \"زارا، خۆشەویستی شوانکارە\" بە قەڵەمی خۆی و بە زمانی فارسی نووسیوە.
\"18538.jpg\"

 


\"18539.jpg\"

 


\"18537.jpg\"

 


\"18540.jpg\"