هەڵوێستی حیزبەکانی رۆژهەڵات لەمەڕ بەشداری کردنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد + وتووێـژ

19:21 - 17 گەلاوێژ 2713

ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە ئاگاداربوون لەهەڵوێستی حیزبەکانی رۆژهەڵات سەبارەت بە ئەگەری بەشداری کردنی نوێنەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێــران لە کۆنگرەی نەتەوەییدا، لەگەڵ ئەو ٥ حیزبەی بەشدار لە کۆمیتەی ئامادەکاردا وتووێژێکی تایبەتی پێکهێنا.

حیزبەکانی ئەندام لە کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەییدا هەرکامەیان بیر و ڕا و هەڵوێستی جیاواز وتایبەت بە خۆیان هەبوو، هەروەها نەیانشاردەوە کە لەو پەیوەندییەدا پرس بە یەکتر دەکەن و لەسەر پرسە نەتەوەییەکان هاوهەڵوێست دەبن.

ماوەیەک پێش ئیستا \"سەید برایم عەلیزادە\" سکرتێری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنیی \"رووداو\" راگەیاند: \" کە ئێمە بەشداری لە کۆنگرەیەکدا ناکەین کە ئەگەر نوێنەری حکوومەتی ئێرانی تێدا بەشدار بێت\".

\"14477.jpg\"

 

هەر لەو پەیوەندییەدا \"ئەحمەد ساڵحی\" بەرپرسی دەفتەری پەیوەندییەکانی حیزبی کۆمۆنیست لە شاری سلێمانی بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: \" ئەمە یەکمجارە کە نەتەوەی کورد لە کۆنگرەیەکدا بە دژی دوژمنانی نەتەوەی خۆیان کۆ دەبنەوەو پشتیوانی لە یەکتر بکەن و هاوکات بڕیاراتێک بە دژی دەوڵەتانی داگیرکەری کورد دەربکەن کە یەکێک لەو دەوڵەتە داگیرکەرانەش حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە، بۆیە ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەیـن کە هاتنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هیچ واتایەکی نییە\".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، \" ئەگەر مەسەلە پەیامی ئاشتی بێت، ئەوە حکوومەتی ئیسلامیی ئیران لەگەڵ پرسی ئاشتی نامۆیە، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان کە حکوومەتی ئیسلامیی بانگهێشتی ئەو کۆبوونەوەیە نەکرێت و ئەگەریش بەشداری کرد، ئێمە بەشداری لەو دانیشتنەدا ناکەین کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی تێدا بێت\".

\"14472.jpg\"

 

حیزبی دێمۆکراتی کوردستان هەڵوێستێکی پێچەوانەی هەیەو لەو پەیوەندییەدا \"مەستەفا مەولوودی\" سەبارەت بە ئەگەری بەشداری کردنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: \" لە راستیدا ئەم کۆنگرەیە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد لە رێگەی ئاشتیانەوەیەو کۆنگرەکەش لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێک دێت، بۆیە بەپێی ئەم واقیعەی کە لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەیە، مەسەلەیەکی ئاساییە کە دەولەتانی هەرێمی بانگهێشت بکرێن و گوێیان لە پەیام و داواکانی نەتەوەی کورد بێت.

ئەو ئەندامەی ریبەریی \"حیزبی دێمۆکراتی کوردستان\" باسی لەوەش کرد، \"ئیمە نە بایکوتی ئەو کۆنگرەیە دەکەین و نە کێشەیەکیش لەسەر رێگەی بەشداری کردنی خۆمان لەو کۆنگرەیەدا بەدی دەکەین چونکە لەو کۆنگرەیەدا بڕیارە باسی ئێرانیش بکرێ، کەوابوو پێویستە حکوومەتەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا گوێیان لە داوای کورد بگرن و رێگەچارەیەک گونجاو بۆ پرسی نەتەوەی کورد بدۆزنەوە.

\"14475.jpg\"

 

لەلایەکی دیکەوە \"رەزا کەعبی\" ئەندامی رێبەریی \"کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان\" باسی لەوە کرد، بانگهێشت کردنی میوانانی بیانی بۆ ئەو کۆنگرەیە پەیوەندی بە لێژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەوە نییە، بۆیە ئەگەر حکوومەتی ئێرانیش لەو کۆنگرەیەدا بەشداری بکات لەسەر داوای حکوومەتی هەرێم دەبێت\".

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ئامادەکار راشیگەیاند: \" حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تەنیا لە رێوڕەسمی کرانەوەی کۆنگرەدا بەشداری دەکات و ئـێمەش هەوڵێ خۆمان ئەدەین کە حکوومەتی ئێران لەو کۆنگرەیەدا بەشداری نەکات.

رەزا کەعبی راشیگەیاند: \"ئیمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دواتر لەو پەیوەندییەدا هەڵوێستی روون و فەرمیی خۆمان دەردەبڕێن\".

\"14476.jpg\"

 

\"ساڵح شەریفی \" لە پەیوەندی لەگەڵ هاتنی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ ئەو کۆنگرەیە رایگەیاند: \" ئێمە بۆ بەشداری کردن لەو کۆنگرەیدا هیچ ترسێکمان نییەو ئەوە لایەنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە کە دەبێ کێشەیان هەبێ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی خۆیان دابنیشن، کەوابوو ئەگەر حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەشداری لەو کۆنگرەیەدا بکات، هیچ کێشەیەک لەبەر دەم خۆماندا بەدی ناکەین کە بایکوتی کۆنگرەکە بکەین و بە حرەکەتێکی سەمبولیک، کۆنگرکە یان رێوڕەسمی کرانەوەی ئەو کۆنگرەیە بایکوت بکەین\".

ئەو ئەندامەی رێبەریی \"کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێـران \" ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە هەتا ئێستا بە شێوەی فەرمی هەڵوێستمان لەسەر مەسەلەی بەشداری کردنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو کۆنگرەیەدا نەبووە، بۆیە لەو پەیوەندییەدا بەدڵنیاییەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کورد دانیشتن دەکەین.

\"14474.jpg\"

 

هاوکات \"حەسەن شەرەفی\" ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکار لەو پەیوەندییەدا رایگەیاند: \" ئێمە وەک کۆمیتەی ئامادەکار بەرپرسیار نین چ وڵاتێک بۆ ئەو کۆنگرەیە بانگهێشت دەکڕێ، ئەوەش ئەرکی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرە نییەو ئەگەر لایەنێکیش بۆ بیستنی داواکانی کورد بانگهێشت بکرێت، پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێمەوە هەیە\".

ئەو وتە بێژەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: \" ئێمە لە ئێستادا بە تەنیا هیچ هەڵوێستێکمان نییە، چونکە ئێمە وەک نوێنەرانی کوردی رۆژهەڵات بەردەوام بەیەکەوە هاوفکری دەکەین و لەسەر پرسە نەتەوەییەکان هاوهەڵوێست دەبین، بۆیە هەتا لەگەڵ حیزبەکانی دیکە ئاڵوگۆڕی بیرورا نەکەین ناتوانین بەفەرمی هەڵوێستی خۆمان دەببرین\".