مافیای سوپای پاسداران بەشێکی زۆر لە ڕێگای ئاورێشم کۆنتڕۆڵ دەکات

14:18 - 2 بەفرانبار 2712
Unknown Author
عارف شێخ ئەحمەدی
رێگای مێژوویی ئاورێشم کە زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێش لە ئێستاوە وەک پردێکی بازرگانی لە نێوان ئیمپراتۆریەتی \"هان\" لە وڵاتی چین و بە مەبەستی گواستنەوەی کەلوپەل و بازرگانیکردن لەگەڵ وڵاتانی ئورووپا و ئاسیا و باکووری ئافریقا کەڵکی لێوەرگیراوە، گرنگییەکی تایبەتی لە پێوەندیی سیاسی و ئابووری وڵاتانی ناوچەکەدا هەبووە.

ئەم رێگەیە لە نێوان کێو و تەلان و بیابانی زۆرەوە تێپەڕ دەبوو و لە وڵاتی ئەفغانستانی ئەمڕۆدا دەبووە دوو بەش و رێگەیەکیان بەرو کەنداو و شاری کەراچی پاکستان دەڕۆیشت، رێگەی دووهەم لە مەودایەکی درێژتردا رووی دەکردە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست و هەر ئەم رێگەیە بوو کە لە لای ئیپمراتۆریەتی رۆم وەک رێگەیەکی پڕ کەڵکی ئابووری چاوی لێدەکرا.

هۆکاری ناولێنانی ئەم رێگەیە بە \"جادەی ئاورێشم\" ئەوەبوو کە لە وڵاتی چین، ئاورێشم و پارچەی ئاورێشمی هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرا و بەم هۆیەوە ناویان نابوو جادەی ئاورێشم و لە دوو سەدە پێش زایین تاوەکوو دوو سەدە دوای زایین، هەریەک لە ئیمپراتۆریەتی هان لە وڵاتی چین و کووشان لە ئاسیای ناوەڕاست و ئیمپراتۆریەتی پارس لە ئێران و هەروەها ئیمپراتۆریەتی رۆم لە ئورووپا بۆ بەرژەوەندی ئابوووری و ئایینی و زنجیرەیەک شتی دیکە بە بایخەوە دەیانڕوانیە ئەم رێگەیە.

دواتر لە سەرەتاکانی فەرمانڕەوایی \"تانگ\" لە وڵاتی چین ڕێگەی ئاورێشم وێڕای تایبەتمەندییەکانی دیکەی بۆ کاروباری ئایینی کەڵکی لێوەرگیرا و ئایینی بوودا لە وڵاتی هێندستانەوە گەیشتە چین و لە بەشێکی زۆر لەم وڵاتەدا بڵاو بۆوە.

لێرەدا نامهەوێت بە وردی باسی مێژووی ئەم ڕێگەیە بکەم و هەر بۆیە لە دوای سەدەی ١٠ی زایینی و داوبەداوی ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئابووری لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی وڵاتانی جیهان و ئورووپا و هەروەها پێشکەوتنی هاتوچۆی دەریایی و گواستنەوەی کاڵا و پێداویستییەکان لە رێگەی دەریاکانەوە لە گرینگی ئەم ڕێگەیەی کەم کردۆتەوە و لە کۆتاییەکانی سەدەی دوانزەدا تا رادەیەکی زۆرتر لەبیر کرا.

ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییدا رێکخراوی جیهانی یۆنسکۆ بۆ زیندووکردنەوەی ئەم رێگەیە ناوی نابوو\"جادەی گفتوگۆ\" بەڵام هەرگیز نەتواندرا وەک رابردوو زیندوو بکرێتەوە.

لەمڕۆدا جادە کۆنە مێژووییەکان و کوێرە رێگەکان، وێڕای گرنگی مێژوویی و درووستبوونی جادەوبانی نوێتر لە پاڵیانەوە، بوونەتە رێگەی سەرەکی هاتووچۆی باندەکانی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و قاچاخچی مرۆڤ و ...هتد.

گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستانەوە بۆ وڵاتانی ئورووپا بەشێک بووە لەو مامەڵە بازرگانیانەی ئەم سەردەمە کە لەم رێگەیەوە و لە کابینەی دەوڵەتی پێشووی تالیبان لە ئەفغانستان ئەنجام دەدرا و بە پێی زانیارییەکان ساڵانە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی ڕێژیمی تالیبان لە رێگەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر و گواستنەوەی لە ناو وڵاتانی هەڵکەوتوو لە رێگەی ئاورێشم جێبەجێ دەکرا و دواتر دەگەیێندرا ئورووپا.

رۆژهەڵاتی کوردستان و باکووری کوردستان و بەشێک لەو پانتاییە جوگرافیاییە کە ڕێگەی ئاورێشمی پێدا تێپەڕ دەبێ لە سوود و زیانەکانی هاتوچۆی باندەکانی مافیا و بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە رێگەی ناوبراو بێبەش نین و ساڵانە بە پێی ئامارەکان رێژەی تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان روو لە زیادبوونە و کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران وەک بەشێک لە مافیای نێودەوڵەتی هۆکاری ئەم پرۆسە قڕکردنەن و بە دەست ئانقەست بازرگانیکردن لە رێگەی ئاورێشمەوە بە کاردێنن بۆ وەدەستهێنانی پارەی خەیاڵی و هاوکات سەرکوتکردنی نەتەوەی بەلووچ لە بەلووچستان و کورد لە کوردستان وەک دوو نەتەوەی بەرهەڵستکاری سیستەمی داگیرکەری ویلایەتی فەقێ و دوو نیشتمانی هەڵکەوتوو لە سەر ڕێگەی ئاورێشم، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کاسبکارانی ئەم دوو نەتەوەیە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و کاڵا و شتوومەکی دیکەوە لە ناو دەبەن، لە حاڵێکدا کاسبکارانی سەر سنوورەکان تەنیا بۆ وەدەستهێنانی بژیوی ڕۆژانەیان گیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە و لە مامەڵەی مافیای سوپای پاسداران لە پێوەری گەورەی ناوچەیدا هیچ ڕۆڵێکیان نیە.

لەگەڵ ئەمەش مامەڵە کردن لە ڕێگەی قاچاخی مرۆڤەکان کە بە مەبەستی گەیشتن بە ئورووپا و وڵاتانی رۆژئاوا، هەموو سامانی خۆیان هەڕاج دەکەن و لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەفغانستانەوە رێ دەگرنەبەر و لە رێگەی مێژوویی ئاورێشم و لە سەر دەستی مافیای نێودەوڵەتی سوپای پاسداران و لایەکی ڕێگەکەش لە لایەن باندە چکۆڵانەکانی کوردە و دوای بەزاندنی سنووری چەند وڵات ناوچەکە دەگەنە ئورووپا، بەشێکی دیکەیە لە داهاتی باندەکانی مافیای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە رێگەی بەکارهێنانی جادەی ئاورێشم گیریان دەکەوێت.

ڕۆڵی سوپای پاسدارانی رێژیم لەم دواییانە و دوابەدوای دەستگیرکرانی چەندین باندی قاچاخچی مرۆڤ لە وڵاتی یونان و ئیسپانیا دەرکەوت و هاوکات چالاکی سوپای پاسداران تەنیا بە قاچاخی مرۆڤ و مادە هۆشبەرەکان کۆتایی نایەت و دەیان مامەڵەی دیکەش لەم رێگەیەوە بۆ خۆی ساغ دەکاتەوە.

رەنگە لە روانگەی زۆر کەسەوە کۆماری ئیسلامی دەستی لە راپەڕاندنی پەنابەراندا بۆ ئورووپا نەبێت، بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە پەنابەرانی وڵاتانی وەکوو بەنگەلادیش و پاکستان و ئەفغانستان لە لایەن وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپاوە وەردەگیرێت، سەرەڕای هەموو دەنگۆکان کۆماری ئیسلامی سوودێکی زۆر دەبات لە راگواستنی پەنابەران و یەکەم وڵات پێناسە دەکرێت لە پرۆسەی رێکەوتنی نێوان قاچاخچی مرۆڤ و پەنابەرانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیادا.

کەوابوو زیندوو کردنەوەی رێگەی مێژوویی ئاورێشم لە لایەن مافیای سوپای پاسدارانەوە تەنیا بە مەبەستی گیرفان پڕکردنە و هیچ ڕێگەیەک نیە بۆ گفتوگۆی نەتەوەکان وەک ڕێکخراوی یۆنسکۆ باسی دەکات.