عێراق بەرەو دێمۆکراسی، یان هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی؟

15:27 - 12 رێبەندان 2712
Unknown Author
هێرش کەریمی

زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر کاتێک کە هەڵبژاردنی نوێنەرانی پارلمان و سەرکۆماریی عێراق بەڕێوە چوو، بە شێوەیەک لە شێوەکان کێشە لە نێوان لیستی ئەلعەراقییە و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی دروست بوو و ئەو کێشەیە دزەی کردە نێو هاووڵاتییان و بەرۆکی ئەوانیشی گرتەوە، دوای هەڵبژاردنەکان لیستی ئەلعەراقییە بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەلاوی ٩١ کورسی و لیستی دەوڵەتی یاسا ٨٩ کورسیی بەدەست هێنا. بەپێی یاسای بنەڕەتی لیست، یان فراکسیونێک دەیتوانی کابینەی دەوڵەت (وەزیر و سەرۆک وەزیر) پێک بێنێ‌ کە زیاتر لە نیوەی کورسییەکانی پارلمانی بەدەست هێنابێ‌ و لەو پێوەندییەدا لیستی ئەلعەراقییە مافی ئەوەی هەبوو کە ئەو کارە بکات، بەڵام دواتر لە ئەنجامی زەخت و گوشارەکانی حکوومەتی ئێران بۆسەر کۆتلە شیعەکانی ناو پارلمان ئەو مافە درا بە لیستی دەوڵەتی یاسا. هەر لەو پێوەندییەدا ئەو دوو لیستە پێکەوە رێککەوتن کە دەسەڵات لە ناو خۆیاندا دابەش بکەن، واتە پۆستی سەرۆک وەزیران بە مالیکی بگات و هەروەها ناوەندێکی چاوەدێری کە ئەرکی چاوەدێری کردنی بەسەر دەستووری عێراقدا هەبێت دابمەزرێت و بەرپرسیارییەتییەکی لە ئەستۆی ئەیاد عەلەوی بێت.

ئەو رێککەوتنە لە دوای واژۆ کرانی نەچووە قۆتاغی جێبەجێ‌ کردنەوە و هەر لەو کاتەوە کێشەکان لەنێوان ئەو دوو لیستە سەری هەڵدا و نووری مالیکی دەسەڵاتێکی ناوەندگەرای پێکهێنا و لیستی ئەلعەراقییە حاڵەتی پەراوێز کەوتنی بە خۆیەوە بینی، نووری مالیکی ماوەی ١٠ مانگ لەمەوبەر دوای ئەوەی کە دەسەڵاتی بە تەواوەتی بە دەستەوە گرت و سواری شەپۆڵی دەسەڵات ببوو، سەرەتا تارق هاشمی جێگری سوننی مەزهەب و دواتر ساڵح موتلەق جێگری سوننی مەزهەبی سەرۆک وەزیری بە هۆی رەخنەکانیان لەدەسەڵات، بێ‌ دەسەڵات کرد.

نووری مالیکی و کابینەکەی هەوڵێکی زۆریان دا کە بەپێی بەرنامە و نۆبەتیش بێت، کۆنفرانسی یەکیەتیی عەرەب لە بەغدا بەڕێوە ببات و لەو نێوانەشدا حکوومەتی ئێران چاوەڕۆانی ئەوە بوو کەلە رێگای بە ئەندام بوونی عێراق لە کۆمەڵگای عەرەبیدا رۆڵی لەو یەکیەتییەدا هەبێت، بەڵام بە پێچەوانە لێپرسراوانی پایەبەرزی وڵاتانی عەرەبی لە بەشداری کردن خۆیان بوارد و ناوی عێراقیان لە ناسنامەی عەرەبیدا تۆمار نەکرد، هەر ئەو کاتە دەسەڵاتدارانی عەرەبی سوننی مەزهەب ئەو پەیامەیەیان بە حکوومەتی ئێران و نووری مالیکی دا کە ئەو کەمینە مەزهەبییە لە عێراقدا بەشێکن لە زۆرینەی چەند سەد میلیۆنی عەرەبی ناوچەکە.

ئێستاکە ماوەی زیاتر لە یەک مانگە کە بارودۆخی عێراق ئاسایی نییە و بۆ زۆربەی کەس و لایەنەکان ئەو دۆخە وەکوو بارانێکی توند و لێڵ لە وەرزی هاوین دایە بەڵام ئەوە تەنیا خۆش باوەڕییە و بەو شێوەیە نییە، خولی دووهەمی سەرۆک وەزیری مالیکی بە قەیران و شەڕی دەسەڵاتەوە دەستی پێکرد و ئەمڕۆکە کە زیاتر لە سێ‌ ساڵ ١٠ مانگ لە هەڵبژاردنی پارلمانی و نزیک بە سێ‌ ساڵ و ٤ مانگیش لە سەرۆک وەزیریی مالیکی بۆ دووهەمین خولی تێدەپەڕێ‌، بۆ یەک رۆژیش نەبووە کە شایەتی قەیرانی سیاسی نەبین و ئەو قەیرانەش راستەوخۆ بەرۆکی دەوڵەتی مالیکیی گرتۆتەوە.

زۆربەی زۆری شارەزایانی سیاسی ریشەی سەرەکیی ئەو قەیرانە درێژ خایەنە لە هەوڵی مالیکی بۆ قەبزە کردنی هێز و دەسەڵات لە وڵاتێکدا کە چەند تایبەتمەندیی وەکوو، موزاییکی مەزهەبی، قەومی، بوونی پێوەندیی نەریتی و عەشیرەتی سەرچاوە گرتوو لە سیستمی پان عەرەبیزم و هەڵکەوتەیی عێراق لە هێڵی ستراتیژیکی رۆژهەڵاتی ناڤین، دیپلۆماسی چالاکی تورکیە لە ناوچەکەدا بە تایبەت دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و دەستێوەردانەکانی حکوومەتی ئێران لە کاروباری ناوچە بە تایبەت عێراق بەوتەی هاووڵاتییانی عێراق و ژمارەیەک لە کوتلەکانی ناو پارلمان دەبینن و لەو باوەڕدان کە مالیکی هەڵەیەکی مێژوویی ئەنجام داوە و چاوپۆشی لەو خاڵانە کردووە.

مالیکی دوابەدوای هەڵبژاردن چەندین هەوڵ و سیاسەتی بەکار هێنا بۆ وێنە بە مەبەستی قەبزە کردنی دەسەڵات هەتا رادەیەک راوێژی بە حکوومەتی ئێران کرد و دواتر پێداگری لە چوونەدەری هێزە ئەمریکاییەکان کرد و بۆ ئەو مەبەستەش وای بیر دەکردەوە کە بە بوونی هێزە ئەمریکاییەکان بە شێوەی پێویست توانای پەرپێدانی هێز و دەسەڵاتی خۆی نابێ‌. هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە یاسای \"دەرکردنی بەعسییەکان\" نەتەنیا سەرجەم هەواداران و دەست و پێوەندییەکانی سەر بە رێژیمی پێشووی لە بەشداریی سیاسی و کار کردن لە شوێنە دەوڵەتییەکان بێ‌بەری کرد کە هەتا رادەیەک کارێکی باش بوو بەڵام لە رێگای ئەو یاسایەوە کە بۆ خۆی چاوەدێر و بەڕێوەبەری بوو زۆربەی زۆری رەقیبەکانی کە بەعسیش نەبوون لە گۆڕەپانی سیاسیی وەدەر نا و نموونەی ئەو کارەی سڕینەوەی بەشێک لە پاڵێوراوەکانی لیستی ئەلعەراقییە لە هەڵبژاردنی پێشوودا بوو و لە سڕینەوەی تارق هاشمی و ساڵح موتلەقەوە بگرە هەتا ئەوەی کە توانیی بە بوونی ٨٩ کورسی لە پارلمان پۆستی سەرۆک وەزیری بەدەست بێنێت.

بەڵام هەڵەیک کە حکوومەتی ئێران و مالیکی تووشی بوون ئەوەیە کە ئەوان وایان بیر دەکردەوە کە بەدەست هێنانی دەنگ و متمانەی پێویست دەتوانن وەکوو یاسای بنەڕەتی ئێران کە رێفراندۆمیان بۆ کرد، بیکەنە دەسەڵاتێکی بەهێز و نەگۆڕ و هەر هەمان هەڵەش محەممەد مورسی لە بەڕێوەبردنی رێفراندۆم لە میسر کردی، بەڵام ئەوێ‌ عێراق بوو نە ئێران و میسر؟

من هەر ئەو کات کە ماڵپەڕەکانی سەربە حکوومەتی ئێرانم چاو لێ دەکرد لە بێ‌ خەیاڵی لێپرسراوانی ئێران و خودی نووری مالیکی و بەرەی شیعە بە نیسبەت ئەگەری لابردنی مالیکی و رووخانی حکوومەتەکەی سەرم سووڕ مابوو، چونکە رووخانی دەوڵەتی مالیکی داڕمانی کابینەیەک لە وڵاتی عێراقدا نەبوو بەڵکوو بە لێکترازانی هاوسەنگێکی گرینگ لە عێراقدا دەهاتە ئەژمار کە دووکەڵەکی دەچووە چاوی ئێران و بەرەی شیعەوە و بۆ دەوڵەتانی عەرەبی دراوسێ‌ و ئەمریکا سەرکەوتنێکی گەورە بوو.

ئاخۆ لە حاڵی حازردا کە ماوەی چەند مانگێکە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی لە دژی حکوومەتی مالیکی لە بەشێک لە شارە عەرەب نشینەکان دەستی پێ کردووە و هەروەها سڕینەوەی جیابیران و یەکدەست کردنی دەسەڵاتی سیاسی دەتوانێ ئەو دەنگە ناڕەزاییەتیانە کپ بکا.

لە ماوەی یەک حەفتەی رابردوودا خۆپیشاندانە ئیعترازییەکان و مانگرتنەکان لە سەرانسەری عێراقدا پەرەی سەندووە و بەهۆی خۆڕاگری و بەربەرەکانێی پارلمانتاران و بەشێک لە پارێزگار و وەزیرەکان لەهەمبەر دەوڵەتی مالیکدا و پشتیوانی بە ئاشکرایان لە ناڕازییان، زۆر ئەستەمە کە ئەو حکوومەتە بتوانێ‌ هەتا سەر بەو شێوەیە دەوام بێنێ.

لە دوو مانگی داهاتوودا بڕیارە هەڵبژاردنی هەرێمی لە عێراق بەڕێوە بچێت و سەرجەم حیزبەکان بۆ بەشداری کردنیان کار و چالاکیی پێویستیان ئەنجام داوە و ناکۆکیی سەرچاوە گرتوو لە هەڵبژاردنەکاندا دەتوانێ‌ دەسپێکی شۆڕشێکی جەماوەریی بە دژی مالیکیی لێ بکەوێتەوە و سەرۆک وەزیری عێراق لەحاڵی حازردا کەمترین شانسی بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات هەیە هەر چەندە پارلمانیش بڕیارێکی نوێ‌ لەپێوەندیی شێوازی سەرۆک وەزیری دەرکردووە و ئەو یاسایە پێویستی بە پەسند کردن لەلایەن دادگای بەرزی وڵاتی عێراقەوە هەیە و ئەگەر پەسند بکرێ سەرۆک وەزیر لە دوو خول زیاتر ناتوانێ‌ ئەو پۆستەی هەبێت.