سەرنجێک لەسەر هەڵبژاردنەکانی پارلەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

16:02 - 21 بەفرانبار 2715
Unknown Author
بەفراو نوری

بڕیارە لە ڕۆژی \" 7 \" ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ هەتاوی دیسان دەنگدەرانی ئێران ڕوو لە سندووقەکانی هەڵبژاردن بکەن، بە مەبەستی هەڵبژاردنی خولی دەهەم لە پارلەمانی ئێران. لە سەرەتای ڕووخاندنی ڕێژێمی پاشایەتییەوە تا ئەمڕۆ ئێران چەندانێک لەم جۆرە هەڵبژاردنە نمایشیانەی تەی کردوە. پرسیارێک لە کاندیدەکانی ئەم هەڵبژاردنانە بکرێ، بە تایبەت کاندیدگەلێک کە خۆیان لە کوردستان بۆ ئەم نمایشە ناونووس کردوە ئەوەیە : ئایا سوودی ئەم هەڵبژاردن و خۆناونووس کردنانە چین؟ مەجلیسە جیاوازەکان تا وەکو ئەمڕۆ چییان بۆ خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان کردووە؟.

ئەوەی لە ڕۆژهەڵات ژیا بێت، دەزانێت هەڵبژاردنەکان تەنیا بۆ قایمکردنی پێگە و پایەی هەندێک لە نفوزدارانی سەر بە دەسەڵاتی مەرکەز بوون. گەر لە مەترسیی نەتەوەیی ئەم شتەش بگوزەرێین و خۆمان لە مانا سیاسیەکەی غافڵ کەین، ئەوا ئەم هەڵبژاردنانە بۆنەیەک بووە بۆ قووڵ کردنەوەی ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوان خەڵکی یەک ناوچەدا، هەڵبژاردن ئەبزارێک بووە بۆ دەوڵەت کە لەو ڕێگایەوە خەڵک بخاتەوە باوەشی عەشیرەتی خۆی. کارتی دەنگدانی لەم هەڵبژاردنانەدا بۆ توند و بەهێزکردنەوەی عەشیرەتچێتی بەکارهێنراوە، دەنگدەران بە گشتی دەچنە پاڵ کاندیدای عەشیرەتی خۆیان و کاندیداکانیش لە هەر ئاست و پایەیەکدا بن دەبنەوە بە کوڕی خێڵ و بۆ دەستخستنی دەنگ، دەکەونە خۆ نزیک کردنەوە لە خزم و عەشیرەت. حکوومەتی ئێران سوودێکی گەورە لەمانە دەبینێت، ئەم کاندیدانە ئەو ڕۆڵە دەبینن کە دەوڵەت لە ڕێگایەوە ئەوە دەردەخات کە دەوڵەت و میللەت یەک یەکەی یەکگرتوون. گەر هیگڵ ڕای وابێت جەنگ ئەو دۆخەیە کە تێیدا دەوڵەت و میللەت لە یەکتری نزیک دەبنەوە، ئەوا لە شوێنێکی وەک ڕۆژهەڵاتدا کاندیداکانی هەڵبژاردن ئەو یەکێتییەی نێوان دەوڵەت و میللەت دەردەخەنەوە، بەوەش خزمەتێکی بێ وێنە پێشکەش بە حکوومەت دەکەن لە بەرامبەر میللەتێکی ڕەش و ڕوت و بەشمەینەتدا. حکوومەت بە نمایشی هەڵبژاردن دەیەوێ بڵێ، میللەتانی نێو ئێران ئازادانە نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن، لەگەڵ دەوڵەتیش لە دۆخی وەحدەت و تەباییدان. کاندیدا کوردەکانیش ئەم جۆرە نمایشە بۆ دەوڵەت ئاسان دەکەنەوە، ئەوەش بە بڕوای من خەیانەتێکی قورسە لە خەڵکی مەزڵووم و سادە.

ئەوەی لێرەدا شایەنی ئاماژە بێ ئەوەیە، کاندیدا شەهادەدارەکانی کورد، پلە و پایەی ئەکادیمی خۆیان بۆ ئەم کاری فریودان و چەواشەکارییە بە کاردەهێنن. ئەو شەهادەت دارانەی کە خۆیان لەم هەڵبژاردنەدا ناونووس دەکەن، پلەی زانستیی خۆیان تێکەڵ بە دواکەوتووترین دیاردەی کۆمەڵایەتی دەکەن و شوێن و پایەی خۆیان بۆ فریودانی خەڵکی سادە بەکاردەهێنن. ئەوەی دەبێت شوێنی نەفرەت و توڕەیی بێت ئەم ئەکادیمیسیەنەن کە پلەی دوو ڕوویی و نیفاقی کۆمەڵایەتیان لەم کاتانەدا دەردەکەوێت، بە سەرێک دەچنەوە باوەشی عەشیرەت و خەیانەت لە قسە و بانگەشەکانی ڕابردووی خۆیان دەکەن، بە سەرێکیش زانست و مەعریفەی خۆیان بۆ فێڵ کردن و فریودانی خەڵک بەکاردەهێنن. ئەمانە وەک ناتوانن سوود بە گەل و نەتەوەی خۆیان بگەێنن، بە هۆی هەڵبژاردنەوە، دوو بەرەکی و شەڕی عەشیرەتەکان زیندو دەکەنەوە و ناکۆکی کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکەنەوە تا خۆیان لەو بەینەدا سوود وەربگرن، ئەمەش خراپترین جۆرێکە لە نیفاق و دووڕوویی سیاسی.


وەرگیراو لە فەیسبووکی نووسەر