دوایین شیکاری لەبارەی قەتڵی لەیلا شەکیبا لە هەمەدان + وتووێژ

16:25 - 27 رەزبەر 2721

ڕۆژی هەینی ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ژنێکی کورد بە ناوی "لەیلا شەکیبا"، تەمەن ٣٩ ساڵ، کچی "فەتحوڵڵا" و خەڵکی سنە، بەدەستی هاوسەرەکەی بە ناوی "بارام بەختیاری"، لە یەکێک لە ماڵەکانی هەڵکەوتوو لە شەقامی "ڕۆکنا"ی هەمەدان، بە زەربی چەقۆ بە شێوەیەکی دڕەندانە کوژرا.

بنەماڵەی شەکیبا هەواڵی کوژرانی کچەکەیان بەدەستی هاوسەرەکەی پشتڕاست کردووە و "بارام بەختیاری" بە تۆمەتی قەتڵی هاوسەرەکەی دەسبەسەر کراوە.

تەرمی "لەیلا شەکیبا" لە شاری سنە ئەسپەردەی خاک کرا.

لە ئێستادا بنەماڵەی شەکیبا دژی هاوسەری کچەکەیان کە ئەو قەتڵەی ئەنجام داوە سکاڵایان تۆمار و داوای قیساسیان کردووە، ئەوان وتوویانە کە کوژرانی کچەکەیان بە زەربی چەقۆ هێندە دڕەندانە و دڵتەزێن بووە کە تەنانەت پزیشکی یاسایی ئامادە نەبووە کە تەرمی لەیلا شەکیبایان پێ نیشان بدات.

کوردپا لە وتووێژێک لەگەڵ یەکێک لە نزیکەکانی "لەیلا شەکیبا"، وردەکاریی قەتڵی ناوبراوی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاو دەکاتەوە.

چیرۆکی قەتڵی لەیلا شەکیبا و هۆکارەکەی؛

یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی لەیلا لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپا، لەبارەی کێشەی بنەماڵەیی ناوبراو بەم جۆرە دەدوێ: "لەیلا و بارام لەمێژ ساڵە کە لەگەڵ یەک ناکۆکییان هەبووە، هەم بەبۆنەی تووشبوونی بارام بە ماددەی هۆشبەر و هەمیش بەهۆی ئەو کێشە و ناکۆکییانە کە کوڕەکانی ژنی ئەوەڵی بارام لەمەڕ کێشەی ماڵی و ماددی لەگەڵ لەیلایان هەبووە".

کوڕەکانی هاوسەری ئەوەڵی بارام کە تەمەنیان لەسەر بووە، بەجیا لە لەیلا و بارام دەژیان و سەرەڕای ئەوەیکە لەیلا بۆ ئەو کوڕانە زۆر باش بووە هەمیشە یارمەرتدەریان بووە، بەڵام کاتێک کە بارام تاپۆی (سند) یەکێک لە ماڵەکانی بەناوی لەیلا و منداڵەکانی کردووە، ئەو کوڕانە بەرامبەر ئەم کارەی باوکیان دژایەتییان کردووە و ویستوویانە بەزۆری تاپۆکە لە لەیلا بستێننەوە، تا ڕادەیەک کە لەیلا ٣ مانگی هاوینی ئەمساڵ بەهۆی ئەشکەنجە و لێدان و ئەستاندنی تاپۆی زێڕ و مڵک و ماڵ لەلایەن ئەو کوڕانەوە، لە ماڵی باوکی ژیاوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "بارام پیشەی بڵاوکردنەوەی دۆخانییاتی هەبووە کە چەند ساڵێک دەبێت خانەنشین کراوە و کارەکەی ڕادەستی یەکێک لە کوڕەکانی هاوسەری پێشووی کردووە".

ئەو سەرچاوەیە لە پەیوەندی لەگەڵ کێشەکانی نێوان لەیلا و بارام ئەوەشی خستە ڕوو کە بە وتەی لەیلا، بارام لەیلای زۆر خۆش ویستووە و هەمیشە لەگەڵ جیابوونەوی لەیلا دژایەتیی کردووە؛ هەر بەم هۆیەشەوە ئەگەری ئەوە زۆرە کە بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی "شیشە" لەلایەن بەهرامەوە و بڕیاری کۆتایی لەیلا بۆ تەڵاقوەرگرتن لە ئەگەری درێژەدان بە ماددەی هۆشبەر لەلایەن بەهرامەوە، ناوبراوی کوشتووە. چوونکە بارام پێشتر تریاکی بەکار دەبرد کە ماوەیەک بوو ئیدی تریاکی نەدەکێشا و دواتر دەستی بە بەکارهێنانی شیشە کردووە و کاتێک لەیلا لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ بارام دەمەقاڵێیان لێ دروست بووە، لە ئاکامدا بەدەستی بارام بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر.

هەروەها لەیلا و بارام ماوەیەک لەومەوپێش لەیەک تر، جیا ببوونەوە، بەڵام بەهۆی پێداگرییەکانی بارام بۆ دەسپێکی ژیانی دووبارە بەبۆنەی منداڵەکانییەوە، لەیلا دیسانەوە ژیانی هاوبەشی لەگەڵ بارام قەبووڵ کردووە.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا وتوویەتی: "بارام شەوانە لەژێر سەرینەکەی چەقۆی دادەنا و کاتێک لەیلا هۆکارەی لێ پرسیوە بارام لە وڵامدا وتوویەتی کە لە ترسی کوڕەکانی ئەو کارە دەکات؛ بەڵام بە بیر و باوەڕی ئەو سەرچاوەیە، بارام بۆ لەیلا پلانی هەبووە و نەیویستووە کە لەیلا بەجێی بهێڵێت".

شیکاری سەبارەت بە ژیانی لەیلا شەکیبا و هاوسەرەکەی؛

لەیلا شەکیبا، تەمەن ٣٩ ساڵ و بارام بەختیاری تەمەنی سەرەوەی ٥٠ ساڵە کە نزیکەی ١٨ ساڵ لەمەوبەر ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە و هەردووکیان ئەمە دووهەمین هاوسەرگیرییان بووە.

لەیلا لە دایکێکی مازەندەرانی و باوکێکی سنەیی لەدایک بووە و خاوەن بڕوانامەی دیپلۆم بووە.

لەیلا لە کاتی هاوسەرگیریی یەکەمیدا تەمەنی کەمتر لە ٢٠ ساڵ بووە، بەڵام پاش ماوەیەک بەهۆی ئەوەیکە منداڵیان نابێت لە هاوسەرەکەی جیا بووەتەوە.

لەیلا و بارام خاوەن ٢ کوڕن کە یەکێک لەوان پۆلی ٣ی سەرەتاییە و ئەوی دیکە لە پۆلی ١١ی دواناوەندی درێژە بە خوێندن دەدات.

بارام بەختیاری لە هاوسەری پێشووی خاوەن چەند کوڕ بووە کە بە جیا دەژین و سەرەڕای ئەوەیکە بارام لەباری مادییەوە زۆر یارمەتیدەریان بووە بەڵام بەردەوام لەگەڵ لەیلا لەسەر کێشەی ماڵییەوە هەمیشە پێک ناکۆک بوونە.

تەنزیم: ئەوین مستەفازادە