جلوبەرگی کوردی ڕەمزی یەکگرتوویی و یەکیەتی

11:40 - 23 رەشەمه 2720
Unknown Author

سەیران مستەفا زاده

کولتوور سەدها  پێناسەی هەیە. یەکێک لە پێناسە بێ کەموکووڕی و تایبەتەکان کە مانای کولتوور نیشان دەدات  پێناسەی تایلۆرە کە دەڵێت: "هەموو دەسکەوتەکانی بنەماکی و بەراوەزی هەر کومەڵگا، بریتی لە زانست، هونەر، ئاکارەکان، قاعیدەکان، داب ونەریت و لێهاتوویی وەدەست هاتوو کە لە یەک بەرە بۆ بەرەێکی دیکە ڕادەگوازرێت.

نیشانەکانی کولتووری نەتەوەیەک بریتین لە زمان، جلوبەرگ، خاک، داب و نەریت و... . جلوبەرگ، هێمای نەتەوەیی و کولتووری ئەو نەتەوەیە نیشان دەدات و میراتی پێشینیان بە ئەژمار دێت. جلوبەرگ یەکێک لە بەرچاوترین سەمبولەکانی کولتوور، گرینگترین و تایبەتمەندترین ڕەواڵەتی نەتەوەیی و یەکێکە لە خێراترین نیشانەکانی ڕاگواستنی کلتوور و بەخێرایی کاریگەری لە سەر دیاردەکانی کولتوور خۆازی لە نێوان کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ دادەنێت.

لە ئێران هەر نەتەوەیەک جلوبەرگی جیاواز و تایبەت بە خۆی هەیە بەڵام جلوبەرگی کوردی یەکێک لە جوانترین و رەنگاوڕەنگترین  جلوبەرگەکانە و لە چەندین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی پێگەی یەکەمی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.

مێژووی جلوبەرگی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی نەتەوەی کورد و کەمتر گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ڕەسەنایەتی  وپاک و بێگەردی خۆی پاراستووە.

کۆنترین وێنەی جلوبەرگی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی هەخامنشییەکان. کڵاوی مادەکان ئێستاش لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان کەڵکی لێوەردەگیرێت.

جلوبەرگی کوردی بە پێی ئەو ناوچە سروشتییەی کە کوردی تێدا ژیان دەکات، دروست کراوە. ڕەنگی شاد و جۆراوجۆری جلوبەرگی کوردی  کە وەرگیراوەی سروشتی جوانی کوردە و یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین کولتووری ناوچەکانی کوردستانە. جلوبەرگی کوردی لە ناوچەکانی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە کە تایبەتمەندییەکانی برییتین لە :

۱-کوردستانی (سنە و دەوروپشت )- کراس ، پێڵاو، دەرپێ، ژێرکراس، سوخمە، کەوا، یەل، دەسماڵی سێ سووچ، شەدە، دەسماڵ  و سەربەند

۲-ئازەربایجانی – پێڵاو، دەرپێ، کراس، یەل، سەرپۆش ، سەربەند، پشتێن و کڵاو

۳-کرماشانی - پێڵاو، دەرپێ ، کراس ، ژێرکراس ، سوخمه  کەوا، قەبا، ڕووپۆش و سەربەند

۴-قووچانی - پێڵاو ،  کراس، سوخمە ، سەرپۆش ، سەربەند و چارشێو.

جلوبەرگی کوردی ناوچ ەجۆراوجۆرەکانی کوردستان جیاوزایی کەمی هەیە و ئەو هاوچەشنییە کە لە جلوبەرگەکی کوردیدا هەیە پێشاندەری هاوپێوەندیی و یەکێتیی لە نێوان نەتەوەی کوردە.

ژنانی کورد بۆ جوانترکردنی جلوبەرگی خۆیان لە قەرەپووڵ و لیرە کەڵک وەردەگرن و ئەوەش دەبێتە  هۆی جوانی و بێ هاوتایی ئەو جلوبەرگە. دەنگی خۆشی  قەرەپووڵ و لیرە  لەگەڵ جوانی جلوبەرگەکە تێکەڵاو دەبێت  و مووسیقایەکی خۆش و چێژبەخش  بە گوێی مرۆڤ دەگەیەنێ.

 هەڵواسینی مێخەک یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی جلوبەرگەکی کوردیە و جگە لە جوانی دەبێتە هۆی بوونی خۆشی جلوبەرگی کوردی .

 جلوبەرگی کوردی هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ خەڵکی کورد مێژووی کوردی تێپەڕاندووە و لە دژواری و تاڵییەکانی ژیان تێپەڕیوە و پێشاندەری خۆشی و ناخۆشی و بەسەرهاتەکانی نەتەوەی کوردە .

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.