بەندیخانەى ژنان و یاسا پێچەوانەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران

01:05 - 22 بەفرانبار 2712
Unknown Author
شه‌ونم هه‌مزه‌یی

بەندیخانەى ژنان ئەو دەزگایەیە کە ژنان تێیدا بەند دەکرێن بە مەبەستى سزادانى لە ڕووى یاسایى یەوە ،کاتێک کە تاوانبار دەکرێن بە ئەنجامدانى تاوانێک، کەلە ماوەیەکى دیاریکراودا بە پێى تاوانەکەى دادگا سزاکەى دیارى دەکات.

بە پێى بڕیارێک کە لە ڕێکخراوى لێبوردنى نێو دەوڵەتى بڕیارى لەسەر دراوە، ناوى بەندیخانە گۆڕدراوه‌ بۆ دەزگاى چاکسازى، بۆ ئەم مەبەستەش بەندیخانەى ژنان گۆڕدرا بۆ دەزگاى چاکسازى - کۆمەڵایەتى ژنان، مەبەست لەوەش ئەوە بووه‌ کە بەندکراوەکان کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.

ئەنجومەنى گشتى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکى ئاسایى خۆیدا لە ساڵى ١٩٧٠ بڕیارێکى دەرکرد کە کۆمەڵێک خاڵى تایبەتە بە پارستنى مافى ژنان لە دەزگاى چاکسازیدا،من لێرەدا مەبەستم خستنە رووى هەندێک لەو خاڵانەیە کە لە یاساى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارى لەسەر دراوە کە پێویستە بەرامبەر ژنان ڕەچاو بکرێت،هەروەها یاسا پێچەوانەکانى کۆمارى ئیسلامى ،لە پشت گوێ خستنى مافەکانى ژناندا.

لە گرینگترین ئەم خاڵانەى کە پەسند کراون :
١-پێویستە دەزگاى چاکسازى ژنان یان بەندیخانەى ژنان سەربەخۆ بێت واتە ڕگەزى نێرو مێ لە یەک بنکەى چاکسازیدا نەبن.
٢-بە پێى یەکێک لە بڕگەکانى تر نابێت بە هیچ شێوەیەک کارمەندانى دەزگاى چاکسازى ژنان لە ڕەگەزى نێر بن بە تایبەتى کارمەندە گرینگەکان وەکو بەڕێوەبەر ،توێژەرى کۆمەڵایەتى ،پزیشک ،ئەفسەر،پاسەوان،هتد.
٣-پێویستە ژنانى بەندکراو بە پێى تەمەن و جۆرى سزاکانیان دابەش بکرێن بەسەر ژوورى جیاوازدا.
٤-لە ڕەوشى زۆر ئاساییدا نەبێت نابێت ژنى سکپڕ(دووگیان) بخرێتە بەندیخانەوە ئەگەر دەستگیریش کرا ئەوا نابێت هیچ توندوتیژیەکى بەرامبەر ئەنجام بدرێت ،وە سەرجەم پێداویستى تەندروستى و دەروونى بۆ دابین بکرێت،وە لە گشت حاڵەتەکان دا نابێت لە بەڵگەنامەى ڕەسمى لە دایک بوونى ئەم منداڵەدا بەندیخانە وەک شوێنى لە دایک بوونى تۆمار بکرێت.
٥-دواى ئەوەى منداڵێک لە بەندیخانە لە دایک دەبێت لە دەستوورى هەندێک دەوڵەتدا بە درێژى ماوەى سزاکەى لەگەڵ دایکیدا دەمێنێتەوە ،بەڵام هەندێک لە دەوڵەتانى دیکە پاش ٩ مانگ منداڵەکە لە دایکى وەردەگرنەوە و ڕەوانەى شوێنى بەخێو کردنى منداڵان دەکرێت ،کە دایکەکە ڕۆژانە مافى هەبێت چاوى بە منداڵەکەى بکەوێت ،واتە ئەرکى بەخێوکردنى منداڵەکە دەکەوێتە ئەستۆى حکومەت.
بەڵام لە دەستوورى یاساى \"یەکیەتى سۆڤیەتەتى \" پێشودا ژنى دوو گیان بە هیچ شێوەیەک دەستگیر نه‌ده‌کرا تا منداڵەکەى له‌دایک ده‌بوو ،دواى مناڵ بوون لە لایەن دادوەرى گشتى بڕیار لەسەر تاوانەکەى دەدراو ئەگەر تاوانەکەى ترسناک نەبا لێبوردنى یاسایى بۆ دەردەچوو، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر تاوانێکى ترسناک با،دەستگیر دەکرا.
٦-پێویستە خزمەتگوزارى تەندروستى پێشکەش بە ژنانى بەندکراو بکرێت چونکە ژنانى بەندکراو لە هەموو کەسێک زیاتر پێویستیان بە چاودێرى پزیشکى هەیە ،چونکە لە ناو دەزگاى چاکسازیدا بڵاو بوونەوەى نەخۆشى ترسناک و کوشندە هەڕەشە لە ژیانى بەندکراوەکان دەکات .
٧-پێویستە لەسەر دەزگاى چاکسازى ژنان ژوورى تایبەت دابین بکات بۆ ئەو ژنانەى کە ئالودەى ماددە بێهۆشکەرەکان بوون ،وە بە هیچ شێوەیەک نابێت ئەم ژنانە لەگەڵ بەندکراوەکانى تر تێکەڵ بکرێن.
٨-پێویستە لەسەر دەزگاى چاکسازى بەردەوام خولى پیشەیى بۆ ئەم ژنانە دابین بکات بە مەبەستى فێربوون و ئیش و کارى جیاواز.
٩-زۆر جار هەندێک لە ژنى بەندکراو دواى تەواو بوونى ماوەى سزاکەى ناچێتە دەرەوەى دەزگاکە لەبەر هەندێک کێشەى کۆمەڵایەتى،لەگەڵ خێزانەکەى بێت یان لەگەڵ کۆمەڵگا بێت ،بۆیە پێویستە سەنتەرێک بکرێتەوە بۆ ئەم ژنانە وەک ماڵێکى دووەم وابێت لە دواى دەزگاى چاکسازى بۆ ئەوەى لە سەرجەم کێشە کۆمەڵایەتیەکان بیانپارێزن.

ئەوانەى کە لە سەرەوە باس کران تایبەت بوو بە دەزگاى چاکسازى ژنان وپێویسته‌ ئەم مەرجانە بە گشت بنەماو پڕەنسیپەکانەوە پەیڕەو بکرێن. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە زۆر لە ووڵاتانى جیهان بە تایبەت ووڵاتانى ڕۆژهەڵاتى بەشێکى زۆرى ئەم خاڵانەیان فەرامۆش کردووە ئێرانیش وەک و یەکێک لە ووڵاتانى ڕۆژهەڵاتى و دواکەوتویى جیهان و پێچەوانەى یاساکانى مافى مرۆڤ بە شێوەیەکى بەرچاو ئەو پێشێلکاریانە لە یاساکانى دا دەبینرێت و بە خراپترین شێوە ڕووبەڕوى بەندکراوەکانى دەبێتەوە بە تایبەت ژنان بە هەموو شێوەیەک ده‌بن به‌ قوربانى ئەو یاسایانەى کۆمارى ئیسلامى .

لێرەدا دەبینین کە ڕۆژانە ژمارەیەکى زۆر لە خەڵک لە لایەن ڕژێمى کۆمارى ئیسلامیەوە دەست بەسەر دەکرێن بێگومان ژنانیش لەمە بێبەش نین و ئامارێکى زۆر لە بەندکراوەکانى بەندیخانەکانى ئێران پێک دەهێنن ،جا بە مەبەستى هۆکارى سیاسى یان دزى یان هەر جۆرە ڕفتارێکى ترى لادانى کۆمەڵایەتى و یاسایى بێت .بەڵام ئەوەى کە لێرەدا جیگاى سەرنجە ئەوەیە کە ئەو ژنانەى دەکەونە ناو بەندیخانەکانى کۆمارى ئیسلامی ڕەفتار کردن لەگەڵیاندا تەواو پێچەوانەى یاسا نێو دەوڵەتیەکانە کە بۆ پاراستنى مافەکانى ژنان لە بەندیخانەکان دا ڕەچاو کراوە .

لە بەندیخانەکانى کۆمارى ئیسلامیدا دەبینین سەرەڕاى نەبوونى شوێنى تایبەتى بە خۆیان و نەبوونى چاوەدێرى تەندروستى بۆیان کە یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانە کە پێویستەژنان بە باشترین شێوە چاوەدێریان بکرێت ڕووبەڕوى گەلێک گرفتى تر دەبنەوە.

لەم بەندیخانانەدا نموونەیەکى زۆر بەرچاوى ژنانمان هەیە بە تایبەتى ژنانى تاوانبارى سیاسى کە تووشى ئازارو ئەشکەنجەى جەستەیى و دەروونى دەبنەوە بە بێ گوێدانە یاساکانى پاراستنى مافى مرۆڤ،یەکێکى تر لەو ئەشکەنجانەى کە ڕووبەڕوى ژنانمان دەبێتەوە لەم بەندیخانانەدا دەستدرێژى سێکسى یە کە کاریگەرى خراپ لەسەر لایەنى دەروونى ئەم ژنانە دروست دەکات کە بە شێوەیەکى زۆر خراپ یارى بە جەستەى ئەم ژنانە دەکرێت،کە زۆر جار ئەم ژنانەى دەکەونە ناو ئەم بەندیخانانەوە پاش کۆتایى هاتنى ماوەى سزاکەیان ،هەوڵ دەدەن خۆیان لە کۆمەڵگاکەیان بە دوور بگرن بە هۆى ئەو بیرکردنەوانەى کە لە سەریان دەکرێتەوە ،کە ئەمانە کاریگەرى خراپ لەسەر لایەنى دەروونى ژنان پەیدا دەکات و زۆر جار وا دەکات بۆ ڕزگار بوونى لە داب و نەریتەکانى کۆمەڵگاکەى پەنا بۆ خۆکوشتن و هەڵاتن و شتى تر ببات.

جگە لە هەموو ئەو شتانەى کە باس کران کۆمارى ئیسلامى هەوڵ دەدات ئەم ژنانە بۆ مەبەستى سیاسى خۆیان بە کار بهێنن و تێکەڵ بە کارى ئیتلاعاتى خۆیانیان دەکەن و بە شێوەیەکى وەها هەڕەشە لەسەر ژیانیان دادەنێن کە ناچاریان بکەن ملکەچى هەموو داواکاریەکانیان بن.

یەکێکى تر لەو خاڵانەى کە لە بەندیخانەکانى ووڵاتانى ڕۆژهەڵاتى لەبەر چاو ناگیرێ کە ئێرانیش یەکێک لە دیارترینى ئەم ووڵاتانەیە کە ئەم دیاردەیە بەرچاوە تێیدا ،ئەویش ژنانى دوو گیانە کە زۆر جار هەواڵى گیان لەدەست دانى ژنانى دوو گیان یان منداڵەکانیان دەبیسترێت لە ناو بەندیخانەکاندا کە بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوى پاراستنى نەکراوە.

سەرەڕاى ئەمانە دەتوانرێت هەر لەو بەندیخانانەى کۆمارى ئیسلامى دا ئاماژە بە دیاردەیەکى ترى زۆر بڵاو بکەین ئەویش تووشبوانى بە ماددە هۆشبەرەکانن کە بە پێى هەر یاسایەکى نێو دەوڵەتى پێویستە تووشبوان شوێنى تایبەت بە خۆیان ببێت و تێکەڵ بە کەسانى تر نەکرێن و بە هەموو شێوەیەک هەوڵى چارەسەر کردنیان بدرێت.
بەڵام بەداخەوە لە بەندیخانەکانى کۆمارى ئیسلامیدا تەواو پێچەوانەى ئەوە خۆیان ڕێگە خۆشکەرن بۆ تووشبونیان و زیاتر وادارکردنى جەوانان بەم دیاردەیە.

گوشار، ئازار وئه‌شکه‌نجه‌ له‌سه‌ر بندکراوانی ژن له‌ به‌دیخانه‌کانی کوماری ئیسلامی تا راده‌یه‌که‌ که‌ به‌ ده‌یان و ره‌نگه‌ سه‌دان ژنی به‌ندکراو گیانی خۆیان له‌ به‌ندیخانه‌ له‌ ده‌ست داوه‌، \"زهرا بنی یعقوب\" یه‌کیک له‌و که‌سانه‌یه‌ که‌ هه‌واڵی گیان له‌ ده‌ستدانی به‌ هۆێ ئه‌شکه‌نجه‌ له‌ساڵانی رابردو دزه‌ی کرده‌ راگه‌یاندنه‌کان و رۆخساری قیزه‌ونی کۆماری ئیسلامی بۆ رای گشتی ده‌ر خست،کۆمه‌ڵێکی زۆر له‌ به‌ندکراوانی ژنی ده‌یه‌ی شه‌ستی ئێران پاش ئازادبوونیان کاتیک به‌سه‌رهاتی خۆیان ده‌گێرنه‌وه‌ ویژدانی هه‌ر مرۆڤێک ده‌هه‌ژێنن، کچانی زیندانی که‌ به‌سێداره‌ مه‌حکووم کرا بوون پێش له‌ سێداره‌دانیان بۆ پاسداره‌کان سیغه‌ کرابوون و کچینیان لا برابوو، کاتیک بنه‌ماڵه‌کانیان بۆ وه‌رگرتنی ته‌رمه‌کانیان چوبوون ١٠٠ تمه‌ن پۆڵی ورده‌ وه‌کوو ماره‌یی کچه‌کانیان له‌گه‌ڵ ته‌رمه‌که‌ پێان درابوو تا جگه‌ له‌ داخی له‌ ده‌ستدانی کچه‌که‌یان غه‌میکی گه‌وره‌ تر له‌ سه‌ر دڵیان دا بنێن،له‌مێژ نیه‌ که‌ شه‌ش ژنی به‌ندکراوی سیاسی له‌ به‌ندیخانه‌ی \"اوین\"ی تاران بۆ ده‌ربڕێنی ناره‌زایه‌تی به‌ باردۆخی ژنان له‌ زینداندا ده‌ستیان به‌ مانگرتن له‌ خواردن دا و باردۆخی جه‌سته‌ییان تا نزیکه‌وو مردن چوو!
ئەمانەى کە باس کران هەندێک لە یاسا و هه‌ڵسووکه‌وته‌ پێچەوانەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران بوو کە ڕۆژانە ڕووبەڕوى ژمارەیەکى زۆر لە ژنان له‌ نێو به‌ندیخانه‌کاندا دەبێتەوە.

لە کۆتاییدا بەو هیوایەى کە لە داهاتویەکى نزیکدا بتوانرێت سەرجەم بنەماو پرەنسیپەکانى دەزگاى چاکسازى کۆمەڵایەتى ژنان پەیڕەو بکرێت.