بە یادی شەرەفەدین ئالچی، سەرۆکی پارتی دێموکراتی بەشدارو ئەندامی پاڕڵمانی تورکیە

14:25 - 6 بەفرانبار 2712
Unknown Author
رەحیم رەشیدی

بە داخێکی گرانەوە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ٢٥ی مانگی ١٢ی ٢٠١٢ی زایینی، لە رێگای ئی‌مەیلەوە ئاگادار کرام کە شه‌ڕه‌فه‌دین ئاڵچی، سیاسه‌تمه‌داری كورد و نوێنەری شاری دیاربەکر لە پاڕلمانتاری تورکیە، پاش دوو ساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئانکارا، کۆچی دوایی کردوە. ئالچی پاش تێکۆشانێکی بەرچاوی سیاسیی لە پێناو دابین کردنی ماف‌و ئازادییەکانی کورددا، بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا.

بۆ یەکەمین جار، ساڵی ٢٠٠٧، لە رێگای کاک عوسمان بایدەمیر، سەرۆکی شارەوانی دیاربەکر، لەگەڵ شەرەفەدین ئالچی ئاشنا بووم‌، ئەو کات لە پاریس دەژیام‌و رۆژنامەوانی تەلەویزیۆنی تیشک بوم.

لە ماوەی ٥ ساڵ پێوەندی‌و ئاشنایەتی لەگەڵ بەرێز ئالچی‌دا، جیا لەوەی کە چەند وتووێژم سەبارەت بە پرس‌و بابەتی پێوەندیدار بە بارودۆخی تورکیەو کوردستان لەگەڵ پێکهێنا، هاوکات ئاڵقەی ناسین‌و پێوەندیم لەگەڵ چەند کەسایەتی سیاسیی‌و چالاکوانی دیکەی کوردو تورک لە وڵاتی تورکیەو دەرەوە بو.
بەرێز شەڕەفەدین ئالچی لەو ماوەداو هەر کاتێک سەبارەت بە هەر باسێک کە پێوەندی بە کوردەکان‌و ئاڵوگۆڕەکانی نێوچەوە هەبا، بە دڵفراوانیەوە وڵامی پرسیارەکانی دەدامەوە، لە ڕاستی‌دا ئەو نەمرە سەرچاوەیەکی باش‌و باوەڕپێکراوی زانیاری بۆ کەسانی وەکوو ئێمە بوو کە بە هۆی پیشەکەمانەوە دەست ڕاگەیشتن بەو جورە سەرچاوانە کە ئاگاداری ڕووداوەکانی پشتی پەردەی دنیای سیاسەتی ئالۆزو تەماوەی ئەو دەڤەرەن، گەلێک گرینگ‌و بە بایەخەن.

مانگی مارسی ساڵی ٢٠١٠، بۆ کارێکی پێویست دەبا بۆ شاری ئیستانبوڵ سەفەرم کردبا، بەر لە سەفەرەکەم لە ئورووپاوە بۆ تورکیە، تەلەفوونم لێکردو بڕیار بوو هەڤدو ببینین، کەچی بە داخەوە بە هۆی هێندێک گرفتی تایبەتییەوە ئەم دیدارە سەری نەگرت‌، پێوەیستە ئاماژە بەوە‌ش بکەم کە لەو ماوەدا کە لە ئیستانبوڵ بووم چەند جار بە تەلەفۆن قسەمان کرد و لە رێگای ئەویشەوە سەردانی \"ئەنستیتۆی کورد\"م لە ئیستانبوڵ کرد و لەگەڵ کاک سامی تان سەرۆکی ئەنستیتۆ، دیدارو چاوپێکەوتنم پێکهێنا...

\"10413.jpg\"
شەڕەفەدین ئاڵچی
سیاسەتمەدار و تێکۆشەری کورد شەڕەفەدین ئاڵچی، ‌ساڵی 1938 له‌جه‌زیری بۆتان له‌دایك بووە، ساڵی 1965 له‌دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیەدا بەشداری کرد. ناوبراو ساڵی 1977 بە نوێنەرایەتی شاری مێردین بۆتە ئەندامی پاڕڵمان‌ و لە ساڵی 1978 بۆ 1979 له‌و کاتەی کە بڵند ئه‌جه‌وید سەرۆک وەزیری تورکیە بو، ئالچی پۆستی وه‌زیری ئاوه‌دان کردنه‌وه‌وە ئەستۆ گرتبوو.

پێویستە بگوترێ کە پاش کودیتاکەی ساڵی 1980 لە تورکیە، ئالچی بە هۆی کوردایەتی‌ و پێدارگریی لەسەر ناسنامەی کورد بوونی خۆی، دوو ساڵ ‌و سێ مانگ سزای گیرانی بۆ بڕایەوە و هاوکات تێکۆشانی سیاسیی لێ قه‌ده‌خه‌كرا. ئەو نەمرە بەردەوام‌ و شێلگیرانە بە پشت بەستن بە پێوانە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، بەرپەرچی گوتاری رەگەزپەرەستانەی دەدایەوە.

ئالچی، ساڵی 1994 له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی پلاتفۆڕمی كوردی دێموكراتیكی‌بنیات نا. هەروەها ساڵی 1997 پارتی کۆبوونەوەی دێموکراتیکی دامەزراند کە ئەم حیزبە ساڵی 1999 لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیەوە هەڵوەشاوە ڕاگەیەندرا و چالاکییەکانی بەربەست کرا.
لە ئاکام‌دا، ئالچی ساڵی 2000 پارتی دێموكراتی به‌شداری دامەزراندو تاکۆ ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد سەرۆکایەتی ئەو حیزبەی لە ئەستۆ بوو. هەروەها بە نوێنەرایەتی شاری \"دیاربەکر\"یش ئەندامی پاڕلمانی تورکیە بوو.

ئالچی، باوەڕێکی زۆری بە خەباتی ئاشتیخوازانەو پاڕڵمانی هەبوە، لەگەڵ ئەوەش‌دا زۆر بە بایەخەوە چاوەی لە تێکۆشانی حیزبەکانی دیکەی کوردستان دەکردو بەردەوام ئەوەی دوپات دەکردەوە کە ئەگەر دەسەڵاتداران کەشی لەبار بۆ کاری سیاسیی برەخسێنن‌و دەست لە کردەوەی کوشتارو داپلۆسین هەڵگرن، کوردەکان هیچکات حەز لە توندوتیژی ناکەن‌و پەنا بۆ چەک نابەن.

بەم چەشنە شەڕەفەدین ئالچی، بوێرانە سیاسەتی شەڕ و خوێن رشتنی لە کوردستان، بە ئاکامی پاوانخوازی ‌و پێشێل کردنی مافەکانی کورد لە لایەن دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستان‌دا دەزانی.

دواین جار، مانگی سپتامبری ٢٠١٢، تەنیا بۆ ئەحواڵپرسی‌و ئاگادار بوون لە بارودۆخی لەش ساغی ئەو تێکۆشەرە پێوەندیم لەگەڵ گرت‌و قسەم لەگەڵ کرد. ئێستاش دەنگی لە گوێم‌دا دەزرنگێتەوە کە بە چ ورەو هیوایەکەوە قسەی دەکرد.

نەتەوەی کورد بە گشتیی‌و خوشک ‌و برا کوردەکانمان بە تایبەتی لە تورکیە، کەسایەتیەکی گرینگ‌و شوێندانەرمان لە قیس چوو کە بۆ کەم کردنەوەی خوێن رێژی ‌و هەنگاونان بۆ لێکتێگەیشتن بوونی لە نێومان‌دا پێویستیەکی حاشا هەڵنەگر بوو.

بێ گومان رۆڵ ‌و دەوری ئالچی‌و هاوبیرەکانی بۆ گەشەو بەرەوپێش چوونی پرسی کورد و ئەوەی ئەمرۆ لە تورکیە پاش ئەو هەموو سەرکوت‌و حاشا لێکردنەی دەوڵەت لە هەمبەر مافی کوردەکان هاتۆتە گۆڕێ، لە بیر ناکرێ.

ناوو یادی نەمر شەڕەفەدین ئاڵچی، بۆ هەمیشە بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوەو ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردو تەنانەت ئاشتیخوازانی تورکیەش تێکۆشانی شکۆمەندانەی ئەم کەسایەتییە مەزنە لە پێناو ئاشتی‌و دێموکراسی‌دا بە بایەخەوە دەکەنەوە.