سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە

14:01 - 20 بەفرانبار 2724

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣؛ ئەمیر ڕەئیسییان، پارێزەری پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین باسی لە پشتڕاستکرانەوەی سزای بریگرتەکەی لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە کرد.

ئەم پارێزەرە نووسیویەتی: پەخشان عەزیزی نە لە گرووپە نیزامییەکاندا بووە و نە چالاکیی نیزامیی هەبووە، ئەم سزایە لەگەڵ دادڕەسیی دادپەروانە ناتەبایە و بە بێ سەرنجدان بە ڕەخنەکان لە دۆسییەکە دەر کراوە و ئەمڕۆ بە ئێمە ڕاگەیەندراوە.

ڕەئیسییان جەختی کردووتەوە : دەسبەجێ داوای پێڕاگەیشتنی دووبارە دەکەینەوە.

ڕۆژی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣؛ ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە، ڕۆژنامەوان و دەرچووی بواری یاریدەدەریی کۆمەڵایەتی پاش نزیک بە ساڵێک دەسبەسەرکران، لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە، بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران سزا درا و سێ ئەندامی بنەماڵەکەشی بە بەندکران سزا دران.

ئەم سزایە لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" ، بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەر چووە.

هەروەها ئەم بەندکراوە سیاسییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپەکانی دژبەری وڵات" بە ٤ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.

سزای دیاریکراوی پەخشان عەزیزی لە کاتێدا دەرچووە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ٨ مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

دادگای ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە لە جۆزەردانی ١٤٠٣ بەڕێوە چوو و ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣ بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.

هاوکات سێ ئەندامی بنەماڵەی ناوبراو بە تۆمەری "هاوکاریی تۆمەتبار بۆ هەڵهاتن لە دادگاییکران و سزادران" هەر کامەیان بە یەک ساڵ بەندکراوی داسەپاو سزا دراون.

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، سزای یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاوی هەر یەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لەوانە عەزیز عەزیزی، پرشنگ عەزیزی و حوسێن عەباسی، باوک، خوشک و زاوای پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی تارانەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٣، پەخشان عەزیزی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا لە بەندیخانەی ئێڤین لەژێر ناوی  "نکۆڵیکردن لە هەقیقەت و ئاڵترناتیڤەکەی" وێڕای ئاماژە بە ئازاری "ژن بوون " و "کوردبوون" لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا، ئاماژەی بە ئەشکەنجەی خۆی لە ژووری تاکەکەسی و ڕاگرتنی لە دۆخی نامرۆڤانە کردووە.

سەرماوەزی ١٤٠٢، پەخشان عەزیزی پاش ٤ مانگ لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لە تاراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٨، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران، دژی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە کوردستان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤ مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم ژنە چالاکە کوردە پاش ماوەیەک لە ئێران چووبووە دەرەوە و چەند ساڵێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێ بوو.