مەریوان؛ کۆڵبەرێک بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دا
01:26 - 13 رێبەندان 2724
شەوی پێنجشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، تەرمی کۆڵبەرێک بە ناوی "مەهیار سەفەری" کە بە هۆی سەرمابردووییەوە لە سنووری مەریوان گیانی لەدەست دابوو، لەلایەن خەڵکەوە دۆزرایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە سەختی بریندار بووە و توانایی جووڵەکردنی نەماوە و بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست داوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تەرمی ئەم کۆڵبەرە بۆ پزیشکی دادوەریی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق گوازراوەتەوە و تاکوو ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.
ئەم کۆڵبەرە شەوی دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "هەنجیران"ی مەریوان ون ببوو.
مەهیار سەفەری تەمەن ٢١ ساڵ، کوڕی حاتەم و خەڵکی کامێران بووە.