دەسبەسەرکرانی ئارام سادقی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنە

21:33 - 27 خەرمانان 2724

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٣، ئارام سادقی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە بەردەم دووکانەکەی خۆی لە یەکێک لە شەقامەکانی سنە دەسبەسەر کرد و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی شارامفەری سنەیان کرد.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئارام سادقی تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئارام سادقی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.