سنە؛ هەڕەشە لە قوتابییان بۆ پێبژاردنی پارەی نەختی و بێبەریکردنی مامۆستایان لە دامەزراندنی فەرمی لە ئەگەری ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ

18:51 - 30 خاکەلێوه 2724

هاوکات لەگەڵ جێبەجێکرانی گەڵاڵەی حکوومەتیی "نوور"، لە ٢٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە، کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە و لە سەرتاسەری ئێراندا بەڕێوە دەچێ، ڕاپۆرتەکان باس لە هۆشداریدان و سزادانی نەختیی بنەماڵەی قوتابییان و بێبەریکرانی مامۆستایان لە دامەزراندنی فەرمی لە ئەگەری ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا، کتێبفرۆشیی "ژیرا" لە سنە و ژمارەیەک لە یەکە سێنفییەکانی کۆگەی بازرگانیی "بانتا" لەم شارە داخران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، جێگری یەکێک لە قوتابخانە دواناوەندییەکانی ناوچەی یەکی سنە، پێش لە دەسپێکی کلاسەکان، بە شێوەی زارەکی هۆشداریی بە قوتابییان و مامۆستایان داوە کە لە ئەگەری ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێدا، بنەماڵەی قوتابییەکان دەبێ سزای نەختی بدەن.

سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا سەبارەت بە هۆشداریدان سەبارەت بە حیجابی زۆرەملێ بە مامۆستایان لە سنە دەڵێن؛ لە یەکێک لە قوتابخانەکانی سنەدا، حیراسەتی ئەم قوتابخانەیە هۆشداریی بە مامۆستایان داوە کە تەنانەت لە دەرەوەی قوتابخانەکان وەک شەقام و سەیرانگەکان، ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ کاریگەریی لەسەر دامەزراندنی فەرمیی ئەو مامۆستایانە دادەنێت کە وەکوو پەیمانکار کار دەکەن. بە جۆرێک کە لە کاتی دامەزراندنی فەرمیدا لە ئیدارەی پەروەردە لەمبارەوە ڕاپرسی دەکرێ.

لەلایەکی دیکەوە ئەگەری هەیە کە تەنانەت گەشتەکانی ئێرشاد بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ "بێ حیجابی" لە بەردەم قوتابخانەکاندا جێگیر بکرێن.

جێگیرکرانی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد لە سنە و هۆشداریدان بە ژنان

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە جێگیرکرانی ماشینەکانی وەنی گەشتی ئێرشاد لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاری سنە بە کوردپای وت؛ لە ماوەی ڕۆژانی شەممە هەتا دووشەممە و هاوکات لەگەڵ جێبەجێکرانی "گەڵاڵەی نوور" لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ "بێ حیجابی"، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە لیباس شەخسییەکانی حکوومەت و هیزی ئینتیزامیی تێکەڵاو لە ژن و پیاو بە ماشینی وەنی گەشتی ئێرشادەوە، لە شەقامەکانی فێردەوسی، مەیدانی ئازادی(ئێقباڵ) و شوێنە گشتییەکانی سنە جێگیر کراون.

هەر لەم پێوەندییەدا، هێزە سەرکوتکەرەکانی گەشتی ئێرشاد سەبارەت بە حیجابی زۆرەملێ هۆشدارییان بە ژنان داوە. سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە دەڵێ: هێزەکانی گەشتی ئێرشاد تەنانەت بۆ پانتۆڵی کورت، گۆرەویی کورت و جلی قۆڵ کورتیش هۆشدارییان بە ژنان داوە.

سنە؛ داخرانی کتێبفرۆشیی "ژیرا" بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ 

ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کتێبفرۆشیی "ژیرا" لە سنە کە لەلایەن ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی بواری ژنانەوە بەڕێوە دەچێ، بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن ئیدارەی ئەماکنی ئەم شارەوە داخرا.

لە بەڵگەی داخستنی کتێبفرۆشیی "ژیرا"دا ڕاگەیەندراوە کە ئەم یەکە سێنفییە بەپێی ماددەکانی ٢٧ و ٢٨ی یاسای نیزامی سێنفی بە هۆی سەرپێچی ئینتیزامی (ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی)، داخراوە.

ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی بواری ژنان و بەرپرسی کتێبفرۆشیی "ژیرا" لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دوو جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو لەمبارەوە لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: بەیانیی ڕۆژی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، دوابەدوای وەرگرتنی نامەی داخرانی کتێبفرۆشییەکەم سەردانی ئەماکنم کرد. خەڵکێکی زۆر لە سێنفە جیاوازەکانی وەک: بووتیک، فەست فوود، کتێبفرۆشی و ... کە زۆرینەش لاو بوون هاوشێوەی من لەوێ بوون. بەڵام زیاترین ڕێژە تایبەت بە کۆگەی بازرگانیی بانتا بوو. کۆگایەک کە ئەم ڕۆژانە زیاترین بەرەوڕووبوونەوە و دەرگیریی تێدا بووە. لە هەبوونی بەردەوامی گەشتەکای ئێرشادەوە بگرە هەتا هێزی زۆری بەر دووکانەکان و کۆنتڕۆڵ و داخستنی دووکانەکان. یەکێک لە فەرمانبەرانی ئەماکن، نازناوی ناوەندی گەندەڵیی بە بانتا داوە. ئەم ناوەندی جێگای گەندەڵییە لە ئێستادا گەورەترین کۆگەی بازرگانیی سنەیە کە لاوێکی زۆر لە سێنفی جیاواز، تێیدا خەریکی کار کردنن. لە ئەماکندا بەنێرێک لەسەر دیوارەکە هەڵواسرابوو کە لە لە سەری نووسرابوو سێنفەکان، دڵی ئابووریی وڵاتن. ئەم دڵە کە ئەم ڕۆژانە خۆی بە زۆر لێ دەدا و هەزاران کێشەی هەیە، لەم ڕۆژانەدا لەلایەن سیاسەتی هەڵەوە خەریکی جەڵتەلێدانە و ڕوو لە مەرگە. من  و هەموو دووکانەکانی دیکە، چەکمان هەیە کە دەبێ ڕۆژانە پاس بکرێ. کرێی دووکان و تێچووی دیکە. لەم ڕۆژانەدا، بە هەڵاوسانی زۆر، گرانی و نەبوونی بازاڕەوە ئەم گوشارە چەند قاتە چۆن لێک بدەینەوە و چۆنی بەرگە بگرین؟!

هەر لەم پێوەندییەدا، ئەو وێنانەی کە بە کوردپا گەیشتوون نیشانی دەدەن کە ژمارەیەک لە یەکە سێنفییەکانی کۆگای بازرگانیی "بانتا" لە سنە بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابەوە لەلایەن ئەماکنەوە داخراون.

تاران؛ خەدیجە مێهدی‌پوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە دەسبەسەر کرا

ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، خەدیجە مێهدی‌پوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو خەڵکی شاری ئەیوان غەرب بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە لە تاران دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دەوروبەری کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ، خەدیجە مێهدی‌پوور کە بۆ جێبەجێکردنی کارێکی ئیداری لە مێترۆی "نەبەرد"ی تاران چووبووە دەرەوە، بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ بە توندوتیژییەوە لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە دەسبەسەر کرا.

شوێنی گەشتیاریی "شانشین" بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ داخرا

ڕۆژی ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، مۆزەخانەی شانشینی مەریوان بە هۆی " ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ و ژەندنی مۆسیقا لەلایەن کچانەوە" داخرا. بەپێێ ڤیدیۆیەک کە لە ئینستاگرامی ئەم مۆزەخانەیەدا بڵاو کراوەتەوە ناوەندە پێوەندیدارەکان بە دەرکردنی میوانەکان لەو سویتانەی کە بە کرێیان گرتبوون لەم شوێنە، شوێنەکەیان داخستووە.

بەرپرسی ئەم مۆزەخانەیە لە ڤیدیۆکەدا دەڵێ کە دوو ڕؤژ پێش نەورۆز، گرووپێکی مۆسیقای منداڵانی مەریوان پاش بەربانگ، مۆسیقا و گۆرانییان پێشکەش بە دایک و باوکەکانیان کردووە کە لەم ڕێوڕەسمەدا بوون و بە بوونی ئەوان ئەوە ئەرکی من نییە کە لەمبارەوە هۆشداری بە کچەکانیان بدەم.