گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی سینا قادری، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کرماشان

13:04 - 15 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەر، سینا نادری، لە ڕەوتی ژن، ژیان، ئازادی، لە گەڕەکی "دەرەدرێژ"ی کرماشان بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان، گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سینا نادری، لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی سینا نادری لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی؛

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، شەوی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، سینا نادری لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە پشتەوە کرایە ئامانجی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان و دوو فیشەک بەر باسکی لای ڕاست و نێوقەدی کەوتووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: سینا نادری لە ڕێگەی ناسیاوەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەی فارابیی کرماشان ڕاگوێزرابوو و بە هۆی زۆربوونی برینەکان و خوێنلەبەر ڕۆێشتنی زۆرەوە نیو کاتژمێر پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تەرمی سینا نادری پاش وەرگرتنی بەڵێننامە و پێدانی ٣٠ میلیۆن تمەن پارە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ڕادەست کراوە و هێزە سەرکوتکەرەکان، هەڕەشەیان لە بنەماڵەی نادری کردووە کە لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکە خۆیان ببوێرن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سینا نادری دوو حەفتە پێش لە گیانلەدەستدانی، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان لە شەقامی نەوبەهاری کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ زیندانی دێزڵاوا ڕاگوێزرابوو و پاش یەک حەفتە دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

هەڕەشە لە بنەماڵەی نادری و پێشنیار بۆ تۆمارکردنی ناوی سینا لە بونیاد شەهید؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ناوەندە ئەمنییەتییەکان چەند جار هەڕەشەیان لە بنەماڵەی نادری کردووە تا سەبارەت بە گیانلەدەستدانی منداڵەکەیان بێدەنگ بن و هەروەها پێشنیاری تۆمارکردنی ناوی سینا لە بونیاد شەهیدیان پێ داون، بەڵام ئەوان هەموو داواکارییەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانیان ڕەت کردووەتەوە.

سینا نادری؛

سینا نادری کوڕی سیاوەش و سەروناز، لەدایکبووی ١٧ی گەلاوێژی ١٣٧٩ لە کرماشان بووە.