چوار چالاکی کرێکاری بانگهێشتی لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بانە کران

21:34 - 9 بانەمەڕ 2723

پەروین عەبدوڵڵاپوور، سەعید محەممەدی، عومەر سلێمانی و فاتح مەجیدی لە چالاکانی کرێکاریی بانە، بانگهێشتی لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارە کران.

ئەم چوار چالاکە کرێکارییە دەبێ ڕۆژی ٢٠ی بانەمەڕ لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بانە ئامادە بن و سەبارەت بە تۆمەتەکانی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بەرگری لە خۆیان بکەن.

ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠١، ئەم چوار چالاکە کرێکارییە هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانەکانی بانە و سنە ئازاد کرابوون.

فاتح مەجیدی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠١ لە ئاکامی ناڕەزایەتیدەبڕین بە دەسبەسەرکرانی نایاسایی و بێبەریکردنی لە دەسپێڕاگەیشتن بە دەرمان مانی گرتبوو.

فاتح مەجیدی لە کاتی دەسبەسەربوونیدا بە دەست و لاقی بەستراو گوازراوەتەوە بۆ دەرەوەی گرتنگەی بانە و دواتریش لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبییەوە بۆ گرتنگە ڕاگوێزراوەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠١، ئەم چوار چالاکە کرێکارییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگە ئەمنییەتییەکانی بانە و سنە ڕاگوێزرابوون.