چیرۆکی یەکێک لە ژنە دەسبەسەرکراوەکانی سنە لە ڕاپەڕینی ژینا

15:34 - 10 خاکەلێوه 2723

شۆڕشی ژینا وەکوو گەورەترین ناڕەزایەتی لە مێژووی کۆماری ئیسلامییدا بەئەژمار دێت، ئەم شۆڕشە بووە هۆی هاتنە سەرشەقامی ژنان؛ درێژەدان بەو ناڕەزایەتییە بوو کە توانیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بخاتە مەترسییەوە.

ڕۆڵی ژنان لەو شۆڕشە، پشتیوانییەکی کەموێنەی ژنان لە سەرتاسەری جیهانی لێکەوتەوە و جارێکی دیکە قورسیی پێگەی ژنانی لە هەموو قۆناغ و کۆمەڵگاکان خستەڕوو. شاری سنە یەکێک لە ناوەندە گرینگەکانی ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە بووە کە ژنان، دەورێکی شوێندانەریان هەبوو لە بەردەوامیدان بە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە.

سەرەڕای کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ژنان لەسەر شۆڕشی ژینا، ئەم توێژە لە کوژران، برینداربوون و دەسبەسەرکران لەلایەن هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکانەو بێبەری نەکران.

ئاژانسی کوردپا سەربوردەی دەسبەسەرکرانی یەکێک لە ژنانی چالاکی مەدەنیی شاری سنە دەخاتە پێش چاوی خوێنەرانی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە.

ئەو ژنە چالاکە کە بە هۆی کێشەی ئەمنییەتییەوە ناوی لەلایەن ئاژانسی کوردپاوە پارێزەراوە، بەم چەشنە چیرۆکی کەوتنە بەر لێدانی باتووم، دەسبەسەرکران و پشکنینی چەند جاری ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکانەوە بۆ کوردپا خستەڕوو؛

ڕێکەوتی ٢٦ی  خەرمانان، لە کۆبوونەوەیەکدا، دروشمەکانمان دیاری کرد کە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە بەیاننامە بخوێنینەوە و گوشاری مەدەنی بەکار بێنین، بەهیچ جۆرێک مەبەستمان ناڕەزایەتیی توند نەبوو، یان مەبەستمان بێڕێزی نەبووە و تەنیا بە شێویەکی مەدەنییانە ئەو بەیاننامەیە لە گۆڕەپانی ئیقباڵی سنە، بخوێنینەوە.

بەڵام بەداخەوە کە گەیشتینە مەیدانی ئیقباڵ، هێزە سەرکوتکەرەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و باتووم هێرشیان کردە سەر خەڵک و ئێمەش لە بەردەمیان دانیشتین، هێزە سەرکوتکەرەکان بە باتووم و مست و پێ‌لەقە لێیان داین و پێیان دەگوتین ئێوە بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئەم خەڵکە لێرە کۆ ببێتەوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە بەم شێوەیە درێژە بە چیرۆکەکەی دەدات و دەڵێت: لەو کاتەدا کە هێزە سەرکوتکەرەکان لە ئێمەیان دەدا، لاوێک هاتە پێشەوە و پێی وتن بۆچی لەو ژنانە دەدەن، ئەوان دانیشتوون و هیچیان نەکردووە، هێزە سەرکوتکەرەکان بە باتووم هێرشیان کردە سەر ئەو لاوە و هەوڵی دەسبەسەرکردنیان دا، منیش پێشم بە دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە گرت کە لە دواوە چەند کەس بە باتووم لێیان دام و دەستیان کرد بە لێدانی ژنەکانی دیکە. بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە خەریک بوو تووشی خنکان بین، من نەمتوانی بچمەوە ماڵی خۆمان و چوومە ماڵی یەکێک لە خزمەکانم، هێزە ئەمنییەتییەکان پاش ئەو ڕووداوە، هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ئێمە و دەرگای ماڵی یەکێک لە دراوسێیەکانمانیان شکاندبوو و چووبوونە ماڵی ئێمە و سەرەڕای شکاندنی دەرگا و دەلاقەکان و پشکنینی ماڵەکەمان، دەستیان بە شکاندنی هێندێک کەرەستەی بەنرخیش کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە، لە درێژەدا، دەڵێت: تەنانەت هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان بە مێرد و منداڵەکانم نەدابوو کە بچنەوە ناو ماڵەکەمان و کۆمەڵێک کەرەستەیان وەک لەپتاب و کۆمۆدی ماڵەکەمانیان شکاندبوو، هەروەها هەڕەشەیان لە مێردەکەم کردبوو کە لەسەر کارەکەی لای دەبەن. ڕۆژی دواتر کە من لە ترسی دەسبەسەرکران، خۆم حەشار دابوو، منداڵەکانم پێیان وتم ئیتلاعاتی سپا و ئیتلاعاتی ١١٣ لە هەوڵی دەسبەسەرکردنی مندان، منیش کە کەرەستەکانم لە ماڵی خزمەکانم بوو چووم کەرەستەکانم بێنمەوە و بە ماشینی خزمەکانم لە مەیدانی "ئیمام شافێعی"دا بووین کە ‌هێزە سەرکوتکەرەکان هێرشیان کردە سەرمان و دەستیان بە تەقەکردنی هەوایی کرد و هەر چوار دەرگای ماشینی خزمەکەمیان کردەوە و کە باری تەندروستی خزمەکەم بەهۆی ئەو ڕووداوە، تێک چوو. یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکان چەکەکەی لە پشت ملمەوە دانا و دەستیان بە لێدانی خزمەکەمان کرد و بە دانانی چەک بەسەر سەری خزمەکەمەوە، ئێمەیان بردە ئیتلاعات و دایانبەزاندین.

لەوێ پێیان وتم بچۆ لە نێو ئەو ماشینە کە لە جۆری سەمەند بوو، منیش قەبووڵم نەکرد وتم هەتا ئیزن نەدەن ئەو خزمەمان بڕوات ناچمەوە ناو ئەو ماشینە، یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکان وتی ئەو خزمەتان تۆی شاردووەتەوە و دەبێت تاوانی ئەو شاردنەوەیەی تۆ بدات.

ئەو ژنە هەروەها دەڵێت: ئەو مەئموورەی هێزە ئەمنییەتییەکان دەستی بە بێڕێزی و جنێودان بە من کرد کە تۆ ئاژاوەگێڕی و ئاگادارین کە چەندین سیم کارتت گۆڕیوەتەوە  بۆ ئەوی نەناسرێیتەوە.

دواتر خزمەکەیان ئازاد کردم و بە چاوی بەستراو منیان خستە نێو ماشینە سەمەندەکە، هەرچەند خزمەکەمیان ئازاد کرد، بەڵام هەر ئەو شەوە دیسان لەگەڵ هاوسەرەکەی دەسبەسەریان کردبوون و هەر کامەیان لە ژوورێکی جیاواز سەبارەت بە من لێپرسینەوەیان لێ کرابوو کە خەریکی چیم و لەگەڵ کێ لە پەیوەندیدام.

ئەو ژنە دەسبەسەرکراوە هەروەها بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: سەرەتا منیان بە چاوی بەستراو بردە شوێنێک کە پڕ بوو لە خەڵکانی دەسبەسەرکراو کە تەنانەت شوێنی دانیشتنی نەبوو؛ دواتر منیان بردە زیندان بەندی "نسوان"، و هەموو ڕۆژێک من و چەند کەسێکی دیکەیان سواری ماشێنێکی جۆری "وەن" دەکرد و دوو ماشینی دیکە ئێسکۆرتی ئێمە بوون هەتا دەگەیشتینە ئیتلاعات. من بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە زیندان هیچ شتێکم نەخوارد، هەتا بەپرسی زیندان هات و پێم ڕاگەیاند کە من مان دەگرم لەسەر شێوەی دەسبەسەرکران و هەڕەشەکردن لە بنەماڵەکەم، لەلایەن مەئموورانی ئێوەوە.

ئەو لە درێژەدا، دەڵێت: بەرپرسی زیندان وتی سکاڵانامەی خۆت بنووسە، بەڵام دەبێت مانگرتنەکەت بشکێنی چونکە ئەوان لەسەر مانگرتن زۆر هەستیارن.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت: من سکاڵانامەکەم نووسی و دواتر "فارابی" لێپرس، مێردەکەمی بانگ کردبوو کە هاوسەرەکەت لێرە خەریکی هاندانی زیندانییەکان و ئاژاوەنانەوەیە و خەریکی تێکدانی ژیانی خەڵک و شێواندانی ئارامیی شاری سنەیە و دەستیان بە بێڕێزی بە هاوسەرەکەم کردبوو کە تۆ بوویەتە هۆکاری ئەوەی هاوسەرەکەت ئەم بشێوییە لە سنە دروست بکات چونکە تۆ مافی ئەوت پێشێل کردووە.

ئەو ژنە چالاکە مەدەنییە لە کۆتاییدا، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: پاش مانگێک و سێ ڕۆژ دەسبەسەرکران کە هەموو ڕۆژێک دەیانبردمە ئیدارەی ئیتلاعات بۆ لێپرسینەوە و پاش ئازادکردنم بە دانانی بارمتە، بۆ ماوەی مانگێک لە ترسی هێرشی دووبارە بۆ سەر بنەماڵەکەمان، نەچووینەوە ماڵی خۆمان و هەتا ئێستا مۆبایلەکەمیان نەداوەتەوە.