سەرکەوت ئەحمەدی، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی کرماشان لە سێدارە درا

17:05 - 3 رەشەمه 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی ڕەشەمە، حوکمی لەسێدارەدانی سەرکەوت (ئارش) ئەحمەدی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری ڕوانسەر، بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان، جێبەجێ کرا.

ئەمڕۆ ٣ی ڕەشەمە، "ئاکام نیوز"، کە لە ماڵپەڕەکانی سەر بە سپای پاسدارانە، گرتەڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراوی بڵاو کردەوە.

سەرکەوت ئەحمەدی، پێشتر ئەندامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بووە و پاش جیابوونەوە لەو حیزبە، مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە؛ پەیوەندییە گشتییەکانی قەراگای نەجەفی ئەشەرفی هێزی زەوینیی سپا، ڕۆژی هەینی ٣ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە ئەندامێکی ئەو قەرارگایە، ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "کوشتنی حەسەن مەلەکی" یەکێک لە ئەندامانی هێزە ئینتزامییەکان دەسبەسەر کردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرکەوت ئەحمەدی پاش جیابوونەوە لە کۆمەڵە بەمەبەستی ڕۆیشتن بۆ ئۆرووپا گەڕابووەوە بۆ ئێران و لە ناوچەی سنووریی نێوان ئێران و تورکیە دەسبەسەر کرابوو.

سەرکەوت ئەحمەدی دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە و کوشتنی حەسەن مەلەکی، پێرسۆنێلی هێزە ئینتزامییەکان" بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

ئێوارەی ڕۆژی ٢٣ی گەلاویژی ساڵی ١٣٩٧، حەسەن مەلەکی لەبەر دەرگای ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە، کوژرابوو.

سەرکەوت ئەحمەدی کوڕی حەبیب و ڕەنگینەیە.