چیا سۆهرابی: عادڵ بەهرامی پاش گواستنەوەی بۆ کەمپی ئاگرێ، دیپۆرتی ئێران کرایەوە
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژی پێنجشەممە، ٥ی بەفرانبار، "عادڵ بەهرامی"، پەناخوازی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران لەگەڵ ٣٢ پەناخوازی دیکەی کورد لە وڵاتی تورکیەوە دیپۆرتی ئێران کرانەوە.
"چیا سۆهرابی" یەکێک لە هاوڕێیانی "عادڵ بەهرامی"، لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "عادل بەهرامی ٢٨ی ئاگوستی ٢٠١٨ی زایینی خۆی بە کۆمیساریای باڵای پەناخوازانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئانکارا ناساند و کۆمیساریای باڵای پەناخوازان، شاری ئاماسیای وەکوو شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو پەناخوازە سیاسییە دەستنیشان کرد".
بە وتەی سۆهرابی: "١٤ی دێسامبری ساڵی ٢٠١٨ی زایینی، عادڵ بەهرامی لە کاتی چوونە دەرەوەی بە ڕێگای نایاسایی لە تورکیە، لە فڕۆکەخانەی ئانتالیا لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە دەسبەسەر و ڕێکەوتی ٢٤ی ژانویەی ٢٠١٩، بۆ زیندانی ئانتالیا ڕاگوێزرا".
ناوبراو هەروەها وتی: "دادگاییکردنی ئەو پەناخوازە کوردە بە بەشداریی سێ پارێزەر لە سێ قۆناغدا لە دادگای تورکیە بەڕێوە چووە و دادگای ئەو وڵاتە حوکمی دیپۆرتکردنەوەی عادڵی دەر کرد".
ئەو پەناخوازە کوردە ڕایگەیاند: "پاش بڕینەوەی حوکمی دادگا، عادڵ بەهرامی بۆ ماوەی یەک ساڵ لە گێری گۆندەرمە، ناوەندی ئانتالیا ڕاگیرا و پاش گواستنەوەی بۆ کەمپی ئاگری، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی دێسامبر، لە سنووری بازرگانەوە دیپۆرت کرایەوە".
"چیا سۆهرابی" ئەوەشی خستەڕوو: "پاش دیپۆرتکردنەوەی عادڵ بەهرامی بۆ ئێران، کۆمیساریای باڵای پەناخوازان، چیا سۆهرابیی ئاگادار کردبووەوە کە عادڵ دیپۆرتی ئێران دەکرێتەوە".
"سۆهرابی" لە کۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو: "بەڵگەی چالاکیی ڕۆژنامەوانی و سیاسیی ئەو چالاکە کوردە لە فایلێکی تایبەتدا، ڕادەستی پۆلیسی تورکیە کراوە، بەڵام هەتا ئێستا هۆکاری دیپۆرتکردنەوەی عادڵ ناڕوونە".
"چیا سۆهرابی" خەڵکی دیواندەرەیە کە دوو ساڵ پێش وەکوو پەناخوازی سیاسی خۆی بە کۆمیساریای باڵای پەناخوازانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئانکارا ناساند و چاوەڕوانی وەرگرتنی پەناخوازییەکەیەتی.