پەرویز ڕەحیم قادر: پاراستنی سەروەریی هەرێمی كوردستان بەشێکه لە ئەركەكانی حكوومەتی عێراق

22:29 - 28 پووشپەڕ 2718

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ناوچەی سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستانی عێراقی تۆپباران کرد و لەو تۆپباران کردنەدا حکوومەتی ئێران لە تۆپی فۆسفۆری کەڵکی وەرگرتووە و بوو به هۆی گیان لە دەستدانی دوو پێشمـەرگەی \"حدکا\" و هەروەها خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگەی ناوچەکانی سیدەکان و چۆمان گەیاندووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەو پەیوەندییەدا وتووێژێکی لەگەڵ \"پەرویز ڕەحیم قادر\" مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر پێکهێناوە.

دەقی ئەم وتووێژە بەم جەشنەیە:

١- لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا حکوومەتی ئێران لە کاتی تۆپباران کردنی خاکی هەرێمی کوردستان لە تۆپی فۆسفۆڕ کەڵکی وەرگرتووە؛ ئەمەش بەپێی کۆنوانسیۆنی ژنێڤ لە ساڵی ١٩٨٠ جینایەتی جەنگی بە ئەژمار دێت بە تایبەتی لەو شوێنانەی کە \"غیر نظامی\" لێیە، جەنابت چۆنی هەڵدەسەنگێنی؟


پەرویز ڕەحیم قادر: بە دڵنیاییەوە هێرشكردنە سەر خەڵكی سڤیل بە هەموو جۆرەكانی لە یاسای نێودەوڵەتی رێگەپێنەدراو و قەدەغەكراوە. بەتایبەتی بەكارهێنانی چەكە قەدەغەكراوەكان. هەروەها ئەم هێرشەش لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران ڕووی داوە و بێجگە لە ڕووی تاوانی جەنگ دەچێتە چوارچێوەی پێشێلكردنی سەورەریی عێراق و هەروەها هێرش بۆ سەر خاكی وڵاتێكی دیكە و بەم پێیە بە كارێكی تێكدەرانە و دوژمنكارانە و نامرۆیی دادەندرێت كە ئاسایش و ئاشتی دەخاتە مەترسییەوە. بەڵام كۆماری ئیسلامی هیچ كاتێک گیانی هاووڵاتییان و خەڵكی سڤیلی لەلا گرینگ نەبووە و پابەند نەبووە بە رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەكان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەشدارە لە تاوانەكانی جەنگ لەم ناوچەیەدا.

٢- تۆپباران کردنی خاکی هەرێمی کوردستان بە واتای پێشێلکردنی سەروەری حاکمییەتی هەرێم بە ئەژمار دێت، بۆ چی حکوومەتی بێدەنگی هەڵبژاردووە لە هەمبەر ئەم کردەوەیە؟

پەرویز ڕەحیم قادر: لە ڕاستیدا پاراستنی سەروەریی هەرێمی كوردستان بەشێکه لە ئەركەكانی حكوومەتی عێراق، بەڵام بە هۆی باڵادەستی و نفووزی ئێران لە عێراق ئەمە پشتگوێ دەخرێت و تەنانەت لەوانەیە ئاسانكاری لە لایەن حكومەتی عێراقەوە بکرێت بۆ ئەنجامدانی چالاكیی سەربازیی ئێران لە عێراق بە گشتی. هەرێمی كوردستان بێدەنگ نەبووە و بەردەوام لە كەناڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی خۆی ناڕەزایەتی خۆی لەم بوارەدا دەربڕیوە . بەڵام نابێت كە فەرامۆش بكەین كە هەریمی كوردستان دەوڵەت نییە و چەندین گرفت و كێشەی ئاسایشی و سیاسی و ئابووری لەگەڵ بەغدا هەیە و لە لایەكی تریشەوە كۆماری ئیسلامیی ئێران پاساوی هەیە بۆ ئەم كارە دوژمنكارانەیەی، كە ئەویش چالاكیی پێشمەرگەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و ئەمەش بەپێی یاسای نێودەوڵەتی رێگە پێنەدراوە كە خاكی وڵاتێكی دیكە بەكاربهێنرێت و هێرش بكرێتە سەر دەوڵەتێكی تر، هەرچەندە ئەو دەوڵەتە سەركوتكەر و چەوسێنەر و نادێموكراتیك و دەوڵەتێكی نەویستراویش بێت وەكوو كۆماری ئیسلامی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. بۆیە لە ئەگەری پێداگریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوە هەم بەغدا و هەم تاران بوونی بنكەی پێشمەرگە لەسەر سنوورەكان و دەربازبوون لە سنوورەكان دەكەنە پاساوی ئەم هێرشانە. بێجگە لەوەی كە پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت/دەتوانن بیسەلمێنن كە چالاكیی پێشمەرگەكانیان لە ناوخۆی ئێران ڕێكدەخرێت و ئەو پێشمەرگانەی كە لە ئێران و كوردستان چالاكی دەكەن لە دیوی هەرێمی كوردستاندا نانێردێنەوە، بەڵكوو ڕێكخستنەكانی ناو شار و ناوخۆیی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن.

٣- ئەرکی چالاکانی مافی مرۆڤی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چیە لە سەرپێشلکردنی سەروەریی حاکمیەتی هەرێم و بە کار ‌هێنانی تۆپی فۆسفۆڕ؟

پەرویز ڕەحیم قادر: لە ڕاستیدا دەكرێت گوشارەكان لە ڕێگەی ڕێكخراو و دامەزراوە مرۆییە نێودەڵەتییەكان بەرز بكرێتەوە بۆ ئەوەی كە تێچووی ئەم دەستدرێژی و هێرشانە بۆ كۆماری ئیسلامی كە لە بارودۆخێكی نالەباری ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییدایە بەرز ببێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دەكرێت لە ڕێگەی خۆپیشاندان و بەرزكردنەوەی داواكاری و بە دۆكیۆمێنتكردنی تاوانەكان و پێشكەشكردنی سكاڵا لە دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی نێودەوڵەتی ئەم كارانە لە ناوخۆی كوردستان و لە دەرەوە لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریكا ئەنجام بدرێت. لە كۆتاییدا پێویستە ئەوە بگوترێت كە بەداخەوە تاوەكوو ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هاوكێشە سیاسییەكان بەسەر بنەما مرۆیی و یاساییەكاندا زاڵە. بەڵام كۆمەڵێك دەرفەت لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بۆ دەڕبرینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر پێشێلكارییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئیران لەبەردەستە كە دەكرێت سوودیان لێ وەربگیرێت.